ئەم
دەستەواژەیە یەکێکە لە ناسراوترین پەندە باوەکانی عێراق، یەکێکە لە پڕماناترین و
توندترین گوزارشتەکان بۆ گوزارشتکردنی بارودۆخێک کە ئەگەر بوونی نەبوایە، حیکمەتی
خۆماڵی پەندێکی ئەوەندە کاریگەری بۆ دانەدەهێنا.
لە
بنەڕەتدا، کەوچکەکە پەنجەکان دەیجووڵێنن بۆ ئەوەی لەناو قووڵایی پیاڵەکەدا
شەکرەکە
بتوێنێتەوە و تامەکە بڵاو بکاتەوە، ئەگینا چایەکە بە تاڵی دەمێنێتەوە. تەها حوسێن
پێی وابوو کە شیعر و پەندی خۆماڵی دیاردەیەکی سروشتیی دەوڵەمەندن، کە کۆمەڵگاکان تێیدا
گوزارشت لە ناخی خۆیان و مەینەتییەکانیان دەکەن.
لە
هەموو جومگەکانی ژیاندا، کەسانێک هەن کە لە پەنای پیاڵەکەدا کەوچک لێدەدەن، تەنانەت
کایەی سیاسەت و کارگێڕیش لەم جۆرە کەسانە بێبەری نین. لێرەدا دەبێت جیاکارییەک بکەین،
مەبەست لەم پەندە ئەو کەسانە نییە کە خۆیان لە گێلی دەدەن، چونکە ئەوانەی خۆیان لە
گێلی دەدەن،یان خاوەن حیکمەتن و دەیانەوێت بە دانبەخۆداگرتن کارەکان بڕۆن و بەرژەوەندییە
گشتییەکان پەکیان نەکەوێت، یان فێڵبازن و نییەتێکی خراپیان هەیە.
بەڵام
کەوچک لێدەرانی دەرەوەی پیاڵەکە ئەو کەسانەن کە بەهۆی بێباکیی دەسەڵات یان قەدەری
خراپی کۆمەڵگاوە، کێشە و دۆسیە هەستیارەکان کە پێویستیان بە کەسی کارامە و لێهاتوو
هەیە، کەوتوونەتە دەستیان، لە کاتێکدا ئەوان لە کرۆکی بابەتەکە هیچ تێناگەن.
هاووڵاتی،
بەرژەوەندییەکانی، نیشتمانەکەی و ئێستا و داهاتووی، بەرپرسیارێتیی
گەورەن.
ئەم کایانە پێویستیان بە دامەزرێنەر، سەرپەرشتیار و کەسی جێی متمانە هەیە، کەسانێک
کە لەسەر بنەمای زانست بونیاد بنێن، بەدواداچوون بکەن و بەردەوام بن لە چاکسازی. ئەوانەی
خێری ئێستا جێگیر دەکەن و پایەکانی دەوڵەت وا دادەڕێژن کە بەرگەی قورسایی و تەحەددییەکانی
داهاتوو بگرێت. کەسانێکی بەئاگا و دوور لە پشێوی، کە تەنها بە ئەندازەی پێویست دەدوێن
و لە کاتی کرداریشدا دەستیان لە گۆڕانکاری و کاریگەریی ڕاستەقینە ناپارێزن.
ئەوانەی
وا لە سیاسەت گەیشتوون کە سوارییەکی ئاسان و بێ جڵەوە، سووکایەتییان بە مێژووی سیاسەت کردووە. سیاسەت ڕەنگە زۆر کەس
کەنەفت و هیلاک بکات، بەڵام ئەوانەی ئێستا
لە پەنای پیاڵەکە کەوچک لێدەدەن، تەنانەت لەو خراپەیەشدا کە دەیکەن، بەراورد ناکرێن بە سیاسەتمەدارە ڕاستەقینەکان؛
ئەوانەی کاتێک حوکم دەکەن ستەمکارا و کاتێکیش
دەکەونە بەر حوکم، پەنا دەبەنە بەر ئەم و ئەو.
کێشەکانی
دەوڵەت بە قسەی زۆری بێسوود چارەسەر نابن، تەنانەت ئەگەر ئەو قسانە لە دەمی کەسێکی
پاک و عاقڵیشەوە بێن. دەوڵەتەکان تەنها بە بەرنامەی واقیعی و جێبەجێکراو بەڕێوە دەچن.
حوکمڕانی بۆ کەسێک نابێت کە ئەزموونی تاقی نەکردبێتەوە ولەناو کوورەی ڕووداوەکاندا
پێنەگەیشتبێت.
ئەگەر
کەسەکە شۆڕشگێڕ بێت، دەبێت خوێندەوار و فێربوو بێت. ئەگەر خەباتیشی نەدەببێت ،دەبێت لانی کەم لە بارودۆخەکە تێبگات
و توانای هەرسکردنی گۆڕانکارییەکانی هەبێت،
دەوڵەتەکان قەوارەیەکی سیاسیی ئاڵۆزن؛ لە ناوەوە و دەوروبەریاندا بەرژەوەندی گەلان و ئامرازەکانی حوکمڕانی هەن.
ژیان مافە، و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان پێویستی بە ڕێکخستن، سیاسەت، کارگێڕی
و ئەنجامی بەرچاو هەیە.
خەڵک
پێویستی بە چارەسەرە، پێویستی بە کەسێک نییە کە لە کاتی لافاودا خۆڵ ببارێنێت و لە
کاتی وشکەساڵیدا تەنها قوڕمان بۆ زیاد بکات. خەڵک پێویستی بە کەسێک نییە کە کاتێک
دەدوێت یان کار دەکات، وەک ناوەڕۆکی ئەو پەندە بێت لە پەنای پیاڵەکەدا کەوچک لێدەدات.
نوسینی: فازڵ میرانی
وەرگێڕانی: سەردار پێنجوێنی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی