لە ساڵی ٤٠١ی پێش زایینیدا، لە قووڵایی شاخە سەختەکانی
کوردستاندا، داستانێک ڕوویدا کە تا ئەمڕۆش مایەی سەرسووڕمانی مێژوونووسانە. سوپایەکی
دە هەزار کەسیی لە جەنگاوەرانی بەناوبانگی یۆنانی، کە بە یەکێک لە بەهێزترین هێزە
سەربازییەکانی جیهانی ئەوکات دادەنران، دوای شکستیان لە جەنگی کوناکسا، لە ناخی ئیمپراتۆریەتی
فارسدا گیریان خوارد بوو. تاکە ڕێگەی ڕزگاربوونیان بۆ گەڕانەوە، تێپەڕبوون بوو بە
شاخە سەرکەشەکانی کوردستاندا، کە لە مێژوودا بە “گەڕانەوەی دە هەزار جەنگاوەرەکە”
ناسراوە.
مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی، کسینۆفۆن، کە خۆی یەکێک
بوو لە سەرکردەکانی ئەم گەڕانەوەیە، لە یاداشتە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی “ئەناباسیس” (Anabasis) بە وردی باسی ڕووبەڕووبوونەوەی
سوپاکەی لەگەڵ کاردۆخییەکان دەکات، ئەو خەڵکە چیانشینەی کە مێژوونووسان بە باپیرانی
کوردانیان دەزانن.
کسینۆفۆن لە یاداشتەکەی، بە سەرسامییەکی زۆرەوە دەنووسێت:
کاردۆخییەکان خاوەنی تیروکەوانە گەورەکان بوون، تیرەکانیان بە پێی چەپ دەکێشاو، کە
قەڵغان و خوزەی سەربازە یۆنانییەکانیان دەبڕی. ئەم گەلە “لە چیاکاندا دەژیان، سەربەخۆ
بوو، هیچ کاتێک ملکەچی پاشای فارس نەبوون”. لە شەڕی چیاکاندا، کاردۆخییەکان بە تیروکەوان
و بەردەکانیان لە لووتکەکانەوە، یۆنانییەکانیان تووشی زیان و شکستی گەورە کردبوو.
پێشتر پاشای فارس سوپایەکی ١٢٠ هەزار کەسی ناردبوو بۆ شەڕ
لە دژی کاردۆخییەکان، بەڵام “لەو هەموو سوپا گەورەیە، کەسێک نەگەڕایەوە بۆ ماڵەکەی”.
کسینۆفۆن دەنووسێت: “ئەو ۷ ڕۆژە [شەڕە]ی
لە چیاکانی کاردۆخیدا بەسەرمان برد، زۆر سەختتر و بەئازارتر بوو لە هەموو ئەو شەڕانەی
لەگەڵ پاشای فارس و سوپا گەورەکەی کردبوومان”. ڕاستییەکە ئەوەیە کە گەڕانەوەکە لەناو
کاردۆخییەکاندا “شەڕێکی بەردەوام بوو کە زیانی زیاتری لێکەوتەوە لە هەموو ئازارەکانی
تری سوپای یۆنانی [گەورەتر بوو]”.
ئەم داستانە تەنیا لاپەڕەیەکی کۆنی مێژووی کورد نییە، بەڵکوو
یەکێکە لە کۆنترین بەڵگە نووسراوەکانی جیهان کە نەبەردی و ئازایەتی و سەربەخۆیی گەلی
کورد لەم خاک و نیشتمانەدا تۆمار دەکات. زانایانی مێژوو وەک جۆرج ڕاولینسن پەیوەندی
نێوان کاردۆخییەکانی کسینۆفۆن و کوردەکانی ئەمڕۆ پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی ٢٤٠٠ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا،
کاتی ئەوە هاتووە ئەم نەبەردییە مێژوویییە لەسەر تاشەبەردەکانی شاخەکانی کوردستاندا
زیندووبکەینەوە، وەک بەشێک سیمبوڵێکی نەتەوەسازی کوردی و نیشتمانسازی کوردستانیی!
بۆیە، داوا لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بڕیار
لەسەر دروستکردنی پەیکەرێکی بەردینیی مەزن لەسەر یەکێک لە چیاکانی کوردستان بدات،
تاوەکوو ببێتە هێمایەکی مێژوویی-نیشتمانسازیی، هاوکات پڕۆژەیەکی گەشتیاریی و شانازییەک
بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان. بۆ ئەم مەبەستەش هونەرمەندە بەتواناکانی بواری پەیکەرسازی
ڕاسپێردرێت بۆ دروستکردنی مەزنە-مۆنەمێنتێک.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە مێژووی خۆمان بەدەستی خۆمان و لەسەر
شاخەکانمان هەڵبکۆڵین و بە بەرد و ئاسن بنووسینەوە؟ بۆ نەوەکانمان، بۆ شانازیی
کوردستان، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت کە ئێمە نەوەی ئەو دلێرانەین کە تەنانەت بەهێزترین
سوپای جیهانی کۆنیش لەبەردەم ئازایەتییاندا چەماوە. بەڵێ، کاتی ئەوە هاتووە پەیکەری
شانازیی بۆ ئەو کاردۆخییە کوردانە لەسەر چیاکان هەڵبکۆڵین، کە دە هەزار جەنگاوەری یۆنانیان
لە بەردەمدا چەمایەوە!!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی