خوێندنەوە تەنها ئارەزوویەکی کاتی، سەرگەرمییەکی بێبایەخ یان کاتبەسەربردنێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو یەکێکە لە پێویستییە هەرە بنەڕەتی و گرنگەکانی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا. ئەگەر پۆلێنکردنێک بۆ پێویستییەکانی مرۆڤ بکەین، خوێندنەوە دەکرێت ڕاستەوخۆ لە دوای دابینکردنی پێویستییە سەرەکییەکانی وەک هەوای پاک، خۆراک، پۆشاک، شوێنی حەسانەوە و نووستن بێت. مێشکی مرۆڤ وەک هەر ئەندامێکی تری جەستە پێویستی بە چالاککردن و راهێنانی بەردەوام هەیە، و خوێندنەوە باشترین ئامرازە بۆ زاخاودانی هۆش، فراوانکردنی ئۆسۆی بیرکردنەوە، پەرەپێدانی زەین، و قووڵکردنەوەی تێگەیشتن لە دیاردەکانی دەوروبەر. لە جیهانی مۆدێرنی ئەمڕۆدا، سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرە دیجیتالەکان زانیاریی خێرا و ئاسانیان لەبەردەستدا داناوە، هێشتا پەرتووک پێگەی باوەڕپێکراو و تایبەتی خۆی پاراستووە، چونکە پرۆسەی خوێندنەوەی کاغەزی و سەرنجدانی قوڵ کاریگەرییەکی دەروونی و هۆشیاریی تەواو جیاواز و باڵاتری هەیە بەراورد بە سەیرکردنی ڕوکەشی شاشەکان.
لە لایەکی تری تەندروستی و دەروونییەوە، توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە خوێندنەوەی ڕێکوپێک وەک وەرزشێکی دەماری و باوە بۆ مێشک. ئەم پرۆسەیە ماسوولکەکانی هزری چالاک دەکات، کارکردنی مێشک لە بوارە جیاوازەکاندا ڕێک دەخات، کەسایەتییەکی هاوسەنگ، نەرمونیان و گەشبین بەرهەم دەهێنێت، و بڕوا بەخۆبوون بەرز دەکاتەوە. هاوکات، خوێندنەوە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە دابینکردنی ئارامی و هێوری دەروونی، کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی، دڵەڕاوکێ، سترێس و نیشانەکانی خەمۆکی. خوێندنەوەی شەوانە پێش نووستن دەبێتە هۆی ئامادەکردنی جەستە بۆ پشوویەکی تەندروست، و لە هەمان کاتدا وەک قەڵغانێکی بەهێز وایە بۆ ڕێگریکردن یان دواخستنی نەخۆشییە مۆدێرنەکانی تایبەت بە لەبیرچوونەوە و تێکچوونی توانا مێشکییەکان (وەک زەهایمەر) لە تەمەنی پیریدا. بێجگە لەمانە، خوێندنەوە فەرهەنگی وشەسازیی مرۆڤ بە زاراوە و دەستەواژەی نوێ دەوڵەمەند دەکات، توانای زمانەوانی بەرز دەکاتەوە، و دەربڕینی هەست و ڕستەسازی بە شێوازێکی زانستی و ڕێک ڕێک دەخات، کە ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی مرۆڤ بە شێوازێکی کاریگەرتر بیرۆکەکانی خۆی بە کەسانی تر بگەیەنێت.
ئاستی بڵاوبوونەوەی کولتووری خوێندنەوە لە کۆمەڵگەدا
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بە مخابنەوە هێشتا خوێندنەوە نەبووەتە بەشێک لە نۆرم، نەریت، پێویستییەکی ڕۆژانە و بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی تاکەکان، و ڕێژەی خوێنەران بەراورد بە چینەکانی تری کۆمەڵگە هێشتا لە ئاستێکی نزمدایە و جێگەی نیگەرانییە. ئەم دیاردە دواکەوتووە چەندین هۆکاری فرەچەشنی لەپشتە؛ لەوانە کۆسپ و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، دۆخی ناجێگیری سیاسی، قەیرانە ئابوورییەکان، نەبوونی ژێرخانێکی پەروەردەیی و کتێبخانەیی گونجاو، هەروەها قورسیی بژێوی ژیان و بێهیوایی دەروونی تاکەکان بەرانبەر بە داهاتوو. سەرەڕای بوونی ئەم هەموو ڕێگری و کۆسپە دەرەکی و ناوەکییانە، هەرگیز نابێت ئەم بارودۆخانە ببنە پاساو یان بەهانەی ڕەوا بۆ پشتگوێخستنی پرۆسەی ڕۆشنبیربوون و زانستخوازبوون، چونکە مێژوو ئەوە سەلماندووە کە کۆمەڵگەیەک ڕێژەی خوێندەواری و هۆشیاریی تێدا لاواز بێت، بە ناچار ڕووبەڕووی پاشکەوتوویی فیکری و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
ڕۆڵی ژینگە، پەروەردە و لایەنی دەروونی لە خوێندنەوەدا
بۆ ئەوەی خوێندنەوە لە کۆمەڵگەدا لە دۆخێکی لاوازەوە بگۆڕێت بۆ کولتوورێکی باو، زیندوو و جێگیر، پێویستە پرۆسەکە لە بنەڕەتەوە و لە قۆناغی منداڵییەوە دەست پێبکرێت. لەم پێناوەدا، خێزان، ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردن (قوتابخانەکان)، و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەرکێکی گەورە و هاوبەش لە ئەستۆ دەگرن بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان منداڵ و پەرتووکدا. زۆر گرنگە کە منداڵ لە تەمەنی زووەوە ئاشنای چیرۆک و گۆڤاری منداڵان بکرێت تاوەکو تامەزرۆی بخوێنێتەوە و لە گەورەییدا خوێندنەوە ببێتە بەشێکی حەتمی لە ژیانی ڕۆژانەی. لە هەندێک کۆمەڵگەی پێشکەوتووی جیهاندا، ئەم پرۆسەیە لە قۆناغێکی زۆر پێشترەوە، واتە لە قۆناغی ساوایی و تەنانەت پێش لەدایکبوونیشەوە دەست پێدەکات؛ بۆ نموونە دایک و باوک لە ڕێگەی دەنگی نەرم، خوێندنەوەی کورتەچیڕۆک یان گۆرانی و ئاوازی ێرامەوە لە ماوەی دووگیانیدا یان لە مانگەکانی سەرەتای ساواییدا منداڵ ئاشنای دەنگ و زمان دەکەن، کە زانایانی دەروونناسی ئەمە بە ڕێگەیەکی زانستی و بەسوود بۆ گەشەی مێشک دەزانن. بۆیە لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا، پێویستە دایک، باوک و مامۆستاکان خۆیان لە پێشەنگدا بن و ببنە نموونەی باڵا لە خوێندنەوەدا، تاوەکو نەوەی نوێ بە شێوازێکی سروشتی و چاولێکەری هۆگری پەرتووک ببن و لە سەرخستنی ئەم ئاراستە فیکرییەدا بەشدار بن.
لە لایەکی تریشەوە، تێگەیشتن لە پرۆسەی خوێندنەوە تەنها چالاکییەکی عەقڵیی ڕووت نییە، بەڵکو پێویستی بە تەرکیز و هێزێکی زۆری مێشکی هەیە. خوێندنەوە بەبێ بیرکردنەوە، لێکدانەوە و تێگەیشتن، وەک خواردنی بێ هەرسکردن وایە و ناتوانێت سوودی تەواوی هەبێت. خوێندنەوە یارمەتیی هاوسۆزیی خوێنەر دەدات؛ هاوسۆزیش خەسڵەتێکی گرنگی کەسایەتییە کە یارمەتیی تاک دەدات پەیوەندییەکی ئەرێنی، تەندروست و دوور لە گرژی لەگەڵ کەسانی دەوروبەریدا هەبێت. ئەمە هانی مرۆڤ دەدات میهرەبانتر بێت و هەمیشە ڕەچاوی هەست، بۆچوون و بارودۆخی کەسانی تر بکات، کە ئەمەش بناغەیەکی قایم بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە پێکدەهێنێت.
دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و لێبووردە
ئامانجێکی تری گرنگی خوێندنەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار، ڕۆشنبیر و خاوەن باوەڕ بە جیاوازییەکان پێکبھێنێت. کاتێک تاکەکان هۆشیار دەبنەوە، ئەمە دەبێتە یارمەتیدەرێک بۆ ئەوەی کۆمەڵگە زیاتر لێبووردە بێت و جیاوازییەکانی یەکدی قبووڵ بکات. لە لایەکی تریشەوە، خوێندنەوە هۆکارێکی کاریگەرە بۆ خۆناسی و خۆهەڵسەنگاندن؛ خوێنەر لە ڕێگەی خوێندنەوەوە بۆی دەردەکەوێت کە لە چ ئاستێکدایە و چۆن دەتوانێت گەشە بە تواناکانی بدات. ڕوانینی تاک بۆ ژیان فراوانتر دەبێت، ئارەزوو و بەهرەکانی بە شێوازێکی باشتر گەشە دەکەن، و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە تەنها بۆ خوێندنەوە نەخوێنێت، بەڵکو ئەوەی دەخوێنرێتەوە بە شێوازی پراکتیکی لە ژیانی ڕۆژانەدا پەیڕەوی بکات.
ئەنجام و کۆتایی
لە کۆتاییدا، دەکرێت بڵێین کە خوێندنەوە تەنها کاتبەسەربردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ستوونێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی کەسایەتییەکی هاوسەنگ، تەندروست و هۆشیار. سەرەڕای ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هێشتا خوێندنەوە نەبووە بە کولتوورێکی ڕۆژانە و کۆمەڵێک بەربەستی دەروونی، ئابووری و سیاسی لەبەردەمیدا هەن، بەڵام ئەمە نابێت بکرێتە پاساو بۆ پشتگوێخستنی زانست و ڕۆشنبیری. چارەسەری ئەم کێشەیە لە دەستپێکردنەوە لە قۆناغی منداڵی، پێشەنگایەتیی خێزان و ناوەندەکانی پەروەردە، و تێکەڵکردنی ئەم نەریتە جوانە پێکدەبێت لە ژیانی هەمیشەییدا، تاوەکو نەوەی داهاتوو ببێتە خاوەن کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و کراوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی