زۆرێك لە نوسەر و ڕۆشنبیرانی کورد دەستەواژەی یەکێتی و برایەتی گەلان-ی هەسەدە بە هەڵەیەکی سەرەکی دەزانن لەو ڕوداوانەی کە لە ڕۆژئاوادا ڕوویدا . بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بڕوابوونەی هەسەدە بەو دەستەواژەیە پرشنگدارترین خاڵی ئەو بزوتنەوەیە بووە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرە، کە ئەو تەبایی و بەیەکەوەژیانەی کە لە سایدا دروست بوو، ڕێگری سەرەکی بوو لە لافاوی خوێنڕشتنی نێوانی ئەو ئیتنیکیانەی کە لەو شوێنانەدا دەژیان کە هەسەدە باڵادەست بوو . نەك هەر ئەوە بەڵکو خاڵێکە کە بزوتنەوەکانی دیکە و ئەو نوسەر و ڕۆشنبیرانە دەبێت لێوەی فێر بن .
هەرگیز ئەوە پرسێکی سەرەکی و گەورە نەبووە لە ڕوودانی هەندێك رووداوی نەخوازراوی خوێناویدا. ئەوە ڕاستییە هەندێک لە سەرەك خێل و هۆزەکانی عەرەب بە بەهێزکردنی زیاتری هەیئەی شام لە لایەن ئەمەریکاوە، هەسەدەیان لە کاتێکی زۆر ناسك و هەستیاردا بەجێهێڵا . ئەو سەرەك هۆز و خێڵانە هەرگیز وەکو کەسانی مەبدەئی کە باوەڕیان بە دروشم و کارەکانی هەسەدە لە بنەڕەتدا نەبووە ، بەڵکو ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەی هەیمەنەی خۆیان بەسەر هۆزەکانییاندا و دەستکەوتنی جۆرێك لە ئیمتیاز لەگەڵ هەسەدەدا مابونەوە .
ئەم خاڵە لای ئەم ڕۆشنبیر و نوسەرانە زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆی لە نوسین و دیمانە و یوتیوبەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە. هەندێکیشیان وەکو کینە لەدڵ دژی عەرەب بەکاری دەهێنن تاکو ئەوەی کە باوەڕیان پێی هەیە ئەمە وەکو بەڵگەیەکی " سەلمێنراو " بەکار بهێنن و پاساوی کوردایەتی پێبکەن.
ئەوەی مایەی نائەمانەتی نوسین نەگواستنەوە و نە وتنی ڕاستییە بە خوێنەرەکانیان ئەوەیە کە ئەمان باس لە زۆرێک لەو سەرەك هۆز و خێڵانە ناکەن کە هەتا ئێستاش لەگەڵ هەسەدەدا ماونەتەوەو لاینگری کورد و هەسەدەیان کردووە . لە سەردەمی ڕودادوە دەڵتەزێنەکەی گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقصود و ڕەقە بە دەیەها ڤیدۆ و دیمانە و یوتیوبمان دەبینی لە وەتساپ و بڕێك لە ماڵپەرەکانەوە کە ئەوان چۆن دژ بە جۆلانی و ئیدارکەی وەستانەوە.
بەڵام ئایا خودی دەستەواژەی یەکێتی و برایەتی گەلان ڕاستە ؟
مێژوی هەموو نەتەوەیەك تا ئێستا پێی وتوین ئەو دەستەواژە هەر لە ئەساسەوە هەڵەیە ، چونکە نەتەوە دابەش بووە بەسەر چینی جیاوازدا و چینەکانیش بەسەر توێژاڵی جیاوازدا ، کە بەرژەوەندی خۆیان یەکێتییان و برایەتییان دیاری دەکات لەگەڵ نەتەوکانی دیکەدا. هەر لەناو خودی ئەو چینانەشدا بەش بوون هەیە سەبارەت بە لاینگری یاخود دوژمنایەتی لایەنێك . بوونی دەوڵەت بەڵگەی بوونی برایەتی و یەکێتی گەلەکەی نییە ، گەر وابوایە بۆ ئەو هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە دەکران؟!!
لێرەدا پێویست ناکات بگەڕێینەو بۆ بەڵگە مێژووییە کۆنەکان باهەر تەماشای تورکیا بکەین ، ئێران ، هەموو بزوتنەوەکانی کورد ، ئێستای هەرێم پرسی فەلەستینییەکان...تد ئایە یەکێتییەکی نەتەوەیی هەرگیز هەبووە یا خود هەیە؟ گەر هەبووە بۆ کورد نەیتوانیوە دەوڵەت دروست بکات؟ پێم مەڵێ بارودۆخی ناوچەکە و ئیمپریالیزم و غەرب و ئیسرائیل دژایەتییان کردووە، ئەوانە هۆکاری سەرەکی نەبوون!! . یا بۆچی فەلەستینییەکان ئاوایان بەسەر هاتووە کە لە کاتێکدا بەشێکن لە نزیکەی 600 ملیۆن کەس؟
دەتوانم سەد نموونە بهێنمەوە بە بەڵگەوە ، بەڵام نامەوێت نوسینەکەم درێژتر بکەمەوە لە حەوسەڵەی خوێنەری تێپەڕێنم.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی