٣١ی ئاب؛ کورد کەی لە ڕابردوو دەربازی دەبێت ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد ستار

سێ دەیە بەسەر ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا تێپەڕیوە؛ ئەو ڕۆژەی کە ناوی بە هەولێر و شەڕی ناوەخۆی کورد بەستراوەتەوە و هێشتا دوای ئەو هەموو ساڵە، یادەوەرییەکەی لە نێوان کورددا بە یەک شێوە ناخوێندرێتەوە.

لایەنێک ئەو ڕۆژە بە شانازییەوە باس دەکات، لایەنێکەی تر بە خیانەت و پەیمانشکێنی ناوی دەبات، و هەر ساڵێک بە بۆنەی یادکردنەوەی ئەو ڕووداوە، جارێکی تر هەمان جەدەلی پێشوو دەگەڕێتەوە ناو گفتوگۆکانی کۆمەڵگا؛ کێ ڕاست بوو؟ کێ هەڵەی کرد؟ کێ خیانەتی کرد؟ کێ سەرکەوت؟ ئەو پرسیارانە هەموویان گرنگن و مێژوو نابێت هیچ ڕووداوێکی خۆی بشارێتەوە، بەڵام پرسیارێکی گەورەتر هەیە کە لەوانە گرنگترە: ئێمە لە ٣١ی ئاب چی فێربووین؟ ئەگەر دوای نزیکەی سێ دەیە هێشتا یەکێک ئەو ڕۆژە بە شانازی دەبینێت و یەکێکی تر بە خیانەت، و هەر یەکێک مێژووەکە بە پێی ڕوانگەی حیزب و لایەنەکەی خۆی دەخوێنێتەوە، ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە شەڕی ٣١ی ئاب تەواو بووە، بەڵام ڕۆحیەتی ئەو شەڕە هێشتا ماوەو کۆتایی نەهاتووە.

ئەمڕۆ تانک و تۆپ لە شەقامەکانی هەولێر نییە، بەڵام هەندێک جار هەمان دابەشکردنەوە لە وشە و میدیا و سیاسەتدا دەیبینین؛ «ئێمە» و «ئەوان»، «خۆمان» و «دوژمن»، و «خیانەتکار».

بابەتەکە ئەوە نییە کە مێژوو لەبیر بکەین؛ بە پێچەوانەوە، دەبێت مێژوو بە وردی بخوێنینەوە و هەموو ڕاستییەکانی بزانین، بەڵام نابێت مێژوو ببێتە چەکێک بۆ دژایەتی ئەمڕۆ.

ئەگەر ڕووداوێک لە ڕابردوودا هەڵە بووە، دەبێت بە هەڵە بناسرێت؛ ئەگەر تاوانێک ڕوویداوە، دەبێت بە ناوی تاوانەکەیەوە باس بکرێت؛ ئەگەر لایەنێک بەرپرسیار بووە، نابێت بترسین لەوەی بڵێین بەرپرسیار بووە، بەڵام هەموو ئەمانە دەبێت بۆ فێربوون و وانەوەرگرتن لە ڕابردوو بێت، نەک بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بە هەمان کینە و دژایەتیی نەوەی پێشوو بژی.

ڕاستی ئەوەیە لە شەڕی ناوەخۆ کورد زیانی زۆری بینیوە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە بزانین بۆچی ئەو ڕووداوانە ڕوویدا و چۆن دەتوانین ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکەین، چونکە ئەگەر هەر لایەنێک هێشتا سەرکەوتنی خۆی بەسەر کوردێکی تر بە سەرکەوتن بزانێت، و شکست و زیانی لایەنی بەرامبەر بە قازانجی خۆی دابنێت، ئەوا هێشتا لە هەمان بازنەدا دەسوڕێینەوە. ئەوەش تەنها کێشەی مێژوو نییە؛ کێشەی داهاتوومانە.

نەتەوەیەک کە دەیەوێت دەوڵەت دروست بکات، پێویستە لە مێژووی خۆی وانە وەربگرێت، نەک ئەوەی هەموو ساڵێک مێژوو بکاتە هۆی نوێکردنەوەی ناکۆکییەکان.

دەوڵەت بەوە دروست نابێت کە حیزبێک بەهێزتر بێت و حیزبێکی تر لاوازتر؛ دەوڵەت بە دامەزراوەی بەهێز، یاسا، دادپەروەری، متمانە و هەستی هاوبەشی دروست دەبێت.

ئەگەر هێشتا لە بیرماندا حیزب لە نیشتمان گەورەتر بێت، ئەگەر هەڵەی حیزبەکەمان بە «سیاسەت» ناوببەین و هەڵەی بەرامبەر بە «خیانەت»، ئەوا قسەکردن لەسەر دەوڵەتسازی زیاتر لە وشەیەکی جوان نابێت.

دەوڵەتسازی لەو ڕۆژە دەست پێدەکات کە بتوانین لەگەڵ جیاوازییە سیاسییەکانماندا، لەسەر بەرژەوەندیی گشتی یەکبین؛ کاتێک بتوانین بڵێین «حیزبەکەم هەڵەی کردووە» بێ ئەوەی هەست بکەین خیانەتمان لە حیزبەکەمان کردووە؛ کاتێک بتوانین هەڵەی بەرامبەرمان بە دادپەروەری هەڵبسەنگێنین، نەک بە کینە؛ و کاتێک بتوانین مێژوو بخوێنینەوە بۆ ئەوەی دووبارەی نەکەینەوە، نەک بۆ ئەوەی هەمان دژایەتییەکان بۆ نەوەی داهاتوو بە میرات بهێڵین. ئەوەی ٣١ی ئاب لە سەدەی بیست و یەکەمدا پێمان دەڵێت، ئەوە نیە کە «کێ بردییەوە؟» یان «کێ خیانەتی کرد؟»؛ بەڵکو دەبێت پێمانبڵێت کە چۆن وا بکەین کورد جارێکی تر لە ناوەخۆوە لاواز نەکرێت؟ چونکە ئەگەر دوای سێ دەیە هێشتا ڕابردوو بۆ دژایەتیی ئەمڕۆمان بەکاربهێنین، ئەوا هیچ لەو مێژووە فێرنەبووین.

٣١ی ئاب یادەوەرییەکی ناخۆشە، بەڵام نابێت ببێتە سنوورێک لە نێوانمان؛ دەبێت ئاوێنەیەک بێت کە تێیدا خۆمان ببینین و بزانین کە کەرتبوون چەندێک دەتوانێت نەتەوەیەک لاواز بکات.

ئەگەر بەڕاستی باوەڕمان بە داهاتووی کورد هەیە، پێویستە لە «ئێمە و ئەوان» تێپەڕین و بگەینە «ئێمە و هەموومان»؛ چونکە ناتوانین بە هەمان بیرکردنەوەی کەرتبوونی ڕابردوو، دەوڵەتی داهاتوو دروست بکەین.

کوردستان پێویستە لە حیزبەکان گەورەتر بێت، و داهاتووی کورد پێویستە لە ڕابردووی کورد گەورەتر بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی