كوردستان یەك پارچەیەو
وەك خاك دابەش نەكراوە، وەك نەتەوە دابەش نەكراوە، وەك زمان و فەرهەنگ و مێژوو دابەش
نەكراوە، بەڵكو كوردستان لەرووی جوگرافیای سیاسی بۆتە چوار پارچەو هەر لایەی بەسەر
دەوڵەتێكی دەستكردی سیاسی دابەش بووە. بۆیە هەمیشە ئێمە یەك قەزیەو یەك رێگامان هەیە.
ئێوە سەیربكەن دوازدە
ساڵە رۆژ نیە سەرۆك و فراكسیۆن و راگەیاندن و بەرنامەو ئەمن و عەسكەرو نوسەرو رۆژنامەوانی
توركیا باسی رۆژئاوای كوردستان نەكەن، رۆژ نیە ئێران باسی كوردی عێراق و ئۆپۆزسیۆنی
كوردی ئێران نەكات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سوریای ئەحمد شەرع دەیگوت: چۆن ئێمە كوردستانی
سوریامان سڕیەوەو نەمانهێشت، گرنگە عێراقیش چاو لە ئێمە بكات و كوردستانی عێراق نەهێڵێت
و دەستبگرێتەوە بەسەر باكوری وڵاتدا!!. رۆژ نیە لەسەر ئاستی فەرمی و نافەرمی هەر چوار
دەوڵەت نەك هەر باسی كورد دەكەن بەڵكو تەدەخولیش دەكەن، ئەوەتا ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا
تەداخولی كردووەو قەناعەتی بە ئەمریكا كردووە رۆژهەڵاتی كوردستان پڕ چەك نەكات و دەوریان
پێ نەدات. لەكاتی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان رۆژانە ئەوەندەی توركیاو ئێران باسی هەرێمی
كوردستانیان دەكرد نیو ئەوەندە عێراق خۆی گرنگی پێ نەئەدا. عێراق رازی بوو مامەڵە لەگەڵ
ئەنجامی ریفراندۆم بكات، ئەوە توركیاو ئێران بوون قبوڵیان نەبوو.
كەچی لەولاوە دەیان
كەست لێ راست دەبێتەوە دەڵێن تۆ لە باشوری بەچ حەقێك تەدەخولی رۆژئاوای كوردستان دەكەیت،
یان لە رۆژهەڵاتی نابێت لەسەر باشور قسە بكەیت، یان لە باكوریت نابێت قسە لەسەر رۆژهەڵات
بكەیت، ئەمە بەرنامەی هەواڵگری هەر چوار دەوڵەتە داگیركەرەكەیە دەیانەوێت وەك چۆن لەرووی
جوگرافیای سیاسی چوار پارچەین، وەك نەتەوەو نیشتمان و قەزیەش بمانكەن بە چوارپارچەو
زۆر بچوكمان بكەنەوە. لە نەتەوەوە بمانكەن بە پێكهاتەو چەند خێڵێك. تكا دەكەم بە راست
و چەپ تەنانەت ئەگەر زانیاری و سەرچاوەشت لا نیە باسی رۆژئاواو باكورو رۆژهەڵات بكە،
هەر لەخۆتەوە وێنەیەكی سەركردەیەك یان شارێك یان چالاكیەكی ئەو پارچانەی كوردستان بڵاوبكەوە.
چونكە ئەوان بەوردی چاودێری دەكەن و تۆماری دەكەن. داگیركەران دەیانەوێت هیچ گفتوگۆو
باسوخواس و ئاگاداری و زانیاری و هاوخەمی و هاوسۆزی و رەخنەو بۆچونمان لەسەر یەكتر
نەبێت و وردە وردە ببینە بێگانە لە یەكتری. هەر لەبەر ئەو شەڕە تایبەتەی دەزگا هەواڵگریەكان
بەردەوام قسە لەسەر پارچەكانی كوردستان بكەن، هەر هیچ نەبوو سهركردنه سهرێكى خۆش و گۆرانى و بهسهرهات و
باسێكیان بكەن، چونكە هەر خزمەتە بە دۆزی یەك بوونمان و یەك قەزیەمان، بەڵام تەشهیرو
قسەی ناشیرین و بوختان و هەواڵی چەواشەكاری تكایە لە فەرهەنگی كورد بنەبڕی بكەن و با
وەك كورد هەمیشە یەك فەرهەنگ و یەك جوانی و یەك جەستەو قەزیە بین.
بەداخەوە ململانێی
تەسكی حیزبایەتی لە باشوری كوردستان گەورەترین خەنجەری ژەهراوییە لە گەشەكردنی فكری
نەتەوەیی و كوردستانی، گەورەترین ڤایرۆسە چۆتە ناو رۆح و هەست و جەستەی ئەم نەتەوەییە.
حزب زۆر گرنگەو وەسیلەی خەباتە، دەبێت هەمان بێت و حزبایەتی بكەین و سیاسەت بكەین و
خاوەن زانیاری بین، بەڵام ئەم حزبایەتیە بەرتەسكە خەنجەری ژەهراوییە لە جەستەی كوردبوونمان
و دەمانكاتەوە بە چەند خێڵێكی ناكۆك و دوژمن بەیەك، نەك بەنەتەوە.
تكایە مەچون بۆ ناو
تونێلی شەڕی تایبەتی دەزگا هەواڵگریەكانی دژە كورد، بەڵكو لەسەر خاك و نیشتمان هەموان
بەیەكەوە قسە لەسەر قەزیەكەمان دەكەین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی