زیاتر لە سەد ساڵە گەلی کورد دەیان یاخیبوون و شۆڕش و ڕاپەڕینی لەسەر خاکی کوردستان دژی داگیرکەران کردوە و ، هەر هەمووی بەهۆی بەهێزی دەوڵەتانی داگیرکەر و پشتێکردنی وڵاتانی زلهێز و خیانەت و دووبەرەکی ناوخۆ شکستیان هێناوە و ، بەڵام هەموو ئەمانە لە ویژدانی زۆرێک لە تاکی کوردا ماوە و بۆتە برینێک لەبیرچوونەوەیان زۆر قوڕسە و ، ئەوەتا لەسەر خۆڵەمێشی ئەو شکستانە و تاڵیی کەوتندا پێداگری لەسەر گەڕاندنەوەی خاک و کەڕامەت لەدایک بوون ، بەڵام تائێستاشی لەگەڵدابێت وەک پێویست وانەمان لەو شکستانە وەرنەگرتووە ، مێژوومان خوێندۆتەوە ، بەڵام پەندامان لێوەرنەگرتووە و بە هەڵەکانمادا نەچوینەوە و تائێستاش هەمان هەڵەی سەد ساڵ لەمەوبەر لە بەرگێکی نوێدا دووبارە دەکەینەوە و دان بە هەڵەکانمان نانێین و چاکی ناکەینەوە و ، ناتوانین لەگەڵ خودی خۆمان ئاشت ببینەوە و لەیەکتری نابوورین کە کلیلی ڕاستەقینە و جەوهەری پێشکەوتنە .
ژاپۆن بە لێدانی دوو بۆمبی ئەتۆمی شکستیان پێهێنا و ، بەناچاری « هیرۆهیتۆ »ی ئیمپڕاتۆری ژاپۆن لە ڕادیۆ لە کارگەکان و شوێنە گشتیەکان و قوتابخانە و زانکۆ و ماڵ و لە کێلگە کشتوکاڵیەکان لە بڵندگۆی سەر دارتێلەکان ، تەسلیمبوونی شەرمەزارانەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و ، هەر دوای گوتارەکە سەدان فەرماندەی سەربازی و هاوڵاتی ژاپۆنی خۆیان کوشت و ، ژاپۆن خەم و گریان دایپۆشی…..ئەو زەلیلکردنەی کە بەسەر چین هات بەهۆی جەنگی ئەفیون-وە بەسەر هیچ وڵاتێکدا نەهاتوە….ئەو بڕیارە تووند و نامەردانەیەی کە وڵاتانی خۆرئاوا بەسەر ئەڵمانیا-یاندا سەپاند لە جەنگی جیهانی یەکەم کە بە پەیماننامەی فرسای ناسراوە ، وای لەو وڵاتەکە کە جەنگی جیهانی دووەم هەڵگیرسێنێت ، پاریس داگیرکرا و ستالینگراد ئیبادە کرا ، شکست برین و ئاگرە ، خۆڵەمێشی شۆڕش بەهۆی تەمەن و کاتەوە بڵاونابێتەوە ، بەڵکو بەهۆی تەمەنەوە کەلەکەدەبن و بەهۆی کاتەوە خەراپتر و تووندتر دەبێت، گەلانی زیندوو ویژدانیان بە زیندوویی بمینێتەوە ناشکێن و ڕەتکردنەوە و ئینکار لە ویژدانیان نەکەن و سازشی لەسەر ناکەن ، لەوانەیە سوپاکەی بشکێت و دوڵەتەکەی نەمێنێت و ئیهانە و شەرمەزاری بە سیستەمی دەسەڵاتەکەی وەنوسێت ، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە نەتەوە باوەڕ و روح و مانایە ، کێ دەتوانێت باوەڕ لە ڕەگەوە دەربێنێت یان روح کەلەبچە بکات و مانا بکوژێت ، نەتەوەی زیندوو وەڵام دەداتەوە و لێپرسینەوە دەکات….ئەڵمانەکان لە خۆڵەمێشی جەنگی جیهانی دووەم هەڵنەستانەوە ، ئینکاری ئەو تراژیدیایەی کە بەسەریان هات نەکرد و شکستەکانیان لەبیر نەکرد ، ئەڵمانەکان بەوپەڕی بوێریانەوە گوزارشتێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتیان داڕشت کە بریتی بوو لە ( زاڵبوون بەسەر ڕابردوو لەمیانی بەروەڕووبونەوەی و لێکهەڵوەشانەوەی«تفكیك» ) ، ئەڵمانەکان وەکو ئێمە نەبوون سەریان لەناو لمدا بنێژن ، بەڵکو پێگەکانی شکست و کاولکاری-یان گۆڕی بۆ ناوەندەکانی هۆشیاری بۆ نەوەکان ، بەجۆرێک لێکۆڵینەوەیان کرد کە بزانن کەوتن چیە و شکستەکانیان بیرهێنانەوە ، تا ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەی ئەو ژینگە فکری و سیاسیەی کە ئەوانی وێرانکرد…. ژاپۆن-یش بەهەمان شێوە دووچاری یەکێک لە خەماویترین دیمەنی مێژوویی بووەوە ، ئەوان وەکو ئێمە شکستەکانیان نەکردە ڕەمزی مەزڵومیەت و پڕۆژەی سیاسی ، بەڵکو گوزارشتێکیان دانا بەناوی ( داننان بە هەڵە ) و ووزەی تووڕەییان گۆڕی بۆ فەلسەفەی کار….چین ئەو نەتەوەیەی کە ناسراوە بە ( سەدساڵەی زەلیلبوون ) ، لەجەنگی ئەفیون لە سەدەی نۆزدە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ، دووچاری داگیرکاری و دابەشبوون و شکستی سەربازی لەبەردەم هێزەکانی خۆرئاوا و ژاپۆن بووەوە ، بەڵام ئەوڕۆ چین شەرم لەوەناکات کە ئەو شکستانە بخوێنرێن و ، بەڵکو حزب و دەوڵەت و کۆمەڵگا ( یادی زەلیلبوونەکەیان ) بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە کۆعەقلی چینی دەهێننەوە و یادی دەکەنەوە وەک « جورعەیەکی خۆپارێز » دژی تەمبەڵی و لێپاڵدانەوە ، نموونەی تر کە لە کورد نزیکن وەک ڕواندا و ئەسیوبیا و کەمبۆدیا…تاد ، ئەگەر سەیری « تبت » بکەیت کە هەرێمێکە سەر بە چین-ە وەکو هەرێمی کوردستان-ە ئەوە چەند ساڵیکە وا پێشکەوتووە ، ناچار « دالای لاما »ی ڕابەری روحی تبتیەکان کە بەردەوام لە ڕاگەیاندن دوای سەربەخۆیی دەکرد ، ئێستا دوای ئەوی چین بایەخێکی زۆری بەو هەرێمەدا و خەڵکەکەشی خەریکی تەعلیم و کار بوون و سەرکردەکانیشیان لە خزمەت خەڵکەکەدا بوون ، وازی لە بیرۆکەی سەربەخۆیی هەرێمەکە هێناوە و خەڵکەکەی لە خۆشگوزەرانیەکی وادان کە هەرگیز ئەوەیان نەدیوە ، ڕاوەستان لەبەردەم شکستەکانمان و شیکردنەوەی هۆکارەکانی و هەڵوەشانەوەی بناخە سیاسی و سەربازی و فکریەکەی نابێتە ڕێگایەکی نشوستخواردوو و ، لەخۆدانیش نیە وەک هەندێک کەس وایدەبینن ، بەلکو چاوی بوێریە لەپێناوی ئاییندەدا ، شارستانیە زیندووەکان بە لێدانی سەربازی نامرن ، بەڵکو بە کوێرکردنی چاو لە واقیع دەمرن ، گەلی زیندوو لە مێژووی خۆی ناترسێت ، مردنی مرۆڤ بریتیە لە لەدەستدانی یادگە « الژاكرە » ، ئەگەر مردنی مرۆڤ بە لەدەستدانی یادەوەری بێت ، مردنی گەلانیش بە غیابی هۆشیاری و مردنی یادگەیە ، ئەو گەلەی وازی لە مێژوو و سومبولەکانی و یادەوەری گەلەکەی هێنا و لەبیری کرد ئەوە گەورەترین مەرگەساتە کە تووشی ئەو گەلە دەبێت ، هەموو ئەو وڵات و قەوارانەی کە هەڵسانەوە و گەشەیان کرد بە بەخۆداچوونەوەی هەڵەکانیان و چاککردنیان بوو ، بەو هیوایەی کورد لەنێو ئەو گۆڕانکاریە خێرا و پێکهێنانی نوێی جیۆسیاسی و ، فراونبوونی کایەی ژیری دەستکرد و گۆڕانکاریە قووڵە ئابووریەکان بەخۆیدا بچێتەوە و لە کەلی شەیتان بێتە خوارێ و گوزارشتێک داڕێژێت و بڵێت ئای لەو هەموو هەڵەیەی کە ئێمەی گەیاندە ئێرە !!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی