بهشى سێیهم
زمان، بابەتێکە کە داگیرکەران هەمیشە وەک کارتێکی زۆر کاریگەر، بەکاریان هێناوە دژی ئەو میلەتانەی کە زوڵمیان لێ کردوون. دەیان نموونە هەن بۆ ئەم بابەتە، مامۆستایەکم هەبوو لە کۆلێژی ئەندازیاری، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. زۆرجار بابەتی «قەزیەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان»م لەگەڵی دەورووژاند و قسەمان لەسەری دەکرد. ئەو زمانی قسەکردنی پێ گرنگتر بوو لە هێزی چەکدار، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستراتیژییەتی داگیرکاری و ئەقڵیەتی سڕینەوەی گەلان. زمانی وەک دەنگی «جامبێزار»ێک وەسف دەکرد، لەگوێی چەقەڵ و فێڵبازان.
جارێکیان گوتی: «حکومەتی کۆماری ئیسلامیی بە ملی شکاویان خوێندنیان بە زمانی کوردی مەمنوع کردووە. لەلای مە، ناچار هاتم لێرە لە باشوور تەختە و قەڵەم و کتێبم کڕی، گەڕامەوە و بە دزییەوە شەوان لە ماڵان خەریک بووم دەرسی زمانی کوردی بە منداڵان بڵێم. ئەخیری وای لێ هات گەرووم وشک دەبوو تاوەکو دایک و بابی منداڵان ڕازی بکەم کە دەرسی زمانی کوردی بەمنداڵەکانیان بڵێم.
خەڵک هەر حەزی لێیە پارەی هەبێ و خانووی پێ ساز بکات؛ چ گوێی لە پاراستنی زمانەکەیەتی!» هەرچەندە تیۆرەکان پێناسەی جیاوازیان هەیە بۆ دروستبوونی نەتەوە، بەڵام ئەو شتەی کە بە شێوەیەکی واقیعی سیمبول و نیشانەی بوونی نەتەوەیەکە، زمانەکەیەتی.
هەڵبەتە زمانەکانیش تایبەتمەندیی خراپ و باشیان هەیە. بە بڕوای من، باشترین زمان ئەو زمانەیە کە دیالێکت و زاری جیاوازی کەمە؛ لەبەر ئەوەی، هەروەک لە بابەتی ڕابردوودا کە «ئینتیمای خێڵەکی» بوو، باسمان کرد، جیاوازی لە زمان و شێوەزاریش هۆکارێکە لەو هۆکارانەی کە هەستی «خۆیی» بوون دروستدەکەن لەنێوان خێڵ و عەشیرەت و خەڵکی ناوچە جیاوازەکانەوە.
ئەمە بۆ شارەکانیش ڕاستە. ئەم بابەتە، کە لەژێر ناوی «جیاوازی شێوەزار و شارچییەتی»دا نووسراوە، درکی بەوە کردووە کە جیاوازی شێوەزار، گەورەترین فاکتەرە بۆ دروستبوونی دیاردەی شارچییەتی. ڕامەچڵەکێن، ئەگەر بڵێم «نەتەوەی کورد» نیوەی ئەو مەرجانەی لەسەر جێبەجێ نابێت کە تیۆرەکان پێناسەی دروستبوونی نەتەوەیان پێ کردووە! «ستالین» پێی وایە یەکێک لە سەرەکیترین مەرجەکانی بوونی نەتەوەیەک، بریتییە لە زمانێکی هاوبەش؛ کە بەداخەوە کەم تا زۆر، ئەو مەرجە لەسەر نەتەوەی کورد جێبەجێنابێت.
نامەوێ زۆر خۆمان پەیوەست بکەین بە تیۆر و قسەی کەسانێک کە لە کات و شوێنێکی زۆر دوور لە نەتەوەی ئێمەوە، پێناسەی نەتەوەیان کردووە؛ چونکە لە کۆتاییدا، ئەوەی لە واقیعدا هەیە، گرنگترە لەوەی کە لەسەر کاغەز نووسراوە. هەروەک «ئارنست ڕێنان»یش ڕای وایە کە نەتەوە بریتییە لەو کۆمەڵە خەڵکەی کە ئیرادە و ئازاری هاوبەشیان هەیە.
بێگومان، کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی لە هەر پارچەیەک ئازاری هاوبەشی هەبووە. بەڵام سەبارەت بە ئیرادەی هاوبەش، هەندێک فاکتەر هەن وایان کردووە کورد نەک لە هەر چوار پارچە، بەڵکو لە باشووریش ئیرادەیەکی هاوبەشی نەبێت. هۆکارەکانیش بریتین لە: دووبەرەکی سیاسی، شارچییەتی، ململانێی خێڵەکی و هتد. ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، باسوخواسێکە لەسەر دیاردەی شارچییەتی و جیاوازی شێوەزار وەک فاکتەرێک بۆ شارچییەتی. شارچییەتی کێشەیەکە کە بە هۆی ئەو هۆکارانەی وەک جیاوازی شێوەزار، جلووبەرگ، ئینتیمای سیاسی و هتد. دروست دەبێت.
شارچییەتی یەکێکە لەو کێشانەی ئەوانەی تووشی دەبن، هەرگیز هەست ناکەن کە بەو هۆکارانەی سەرەوە تووشی بووبن؛ ئەوان وا دەزانن خەریکی ئەرکێکی پیرۆزن. خۆ زۆرجار لەوانەیە جیاوازی تامی خواردنێکی وەک دۆڵمە، شارچییەتی دروست بکات لەنێوان خەڵکی. هەرچەند هۆکارەکانی شارچییەتی بنەمای بەهێزیان نییە، وەلێ شارچییەتی نەخۆشییەکی کوشندەیە لە جەستەی نیشتمانی ئێمە.
هەڵبەت، ئێستا شارچییەتی کەمتر لە تەمەنە گەورەکاندا ڕوودەدات؛ زیاتر جیلی سەردەم و گەنجن کە لەسەر بەرگری کردن لە کلتور و جلووبەرگ و شێوەزاری شارەکەیان پێداگرن. زۆرجار خەڵکم بینیوە کە گرژی و ناکۆکییەکی زۆر گەورە لە نێوانیان دروست بووە، لەسەر ناوی شتێک کە هەریەکە و لە شارەکەی خۆی بە ناوێکی جیاواز ئەو شتەی بانگ کردووە. بەکارهێنانی سۆشیال میدیاو بەتایبەتی «تیکتۆک»، دەتباتە مەغزی ئەقڵیەتی کۆمەڵگاو ئەوپەڕی زانیاریت دەداتێ لەسەر ئاستی بیرکردنەوەو یەکڕیزی نیشتمانی لەنێوان شارو شارۆچکەکانی کوردستان.
ئێستا دیاردەی شارچییەتی و تانەدان لە کلتوری یەکتر گەیشتووەتە ئاستێک کە جیلی سەردەم سڵ لە جنێو و سوکایەتی و هەڕەشەکردن ناکەنەوە، لەسەر ئەوەی کە ئایا «ڕووبەهەنار»ە یان «سرکە»ە. شارچییەتی یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی وادەکات گەلان نەتوانن وەک پێویست بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە ببینن. هەمیشە لەو وڵاتانەی گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی یەکڕیزی نیشتمانی، پایتەخت جێگایەکی فرە گرنگ و گەورەی هەیە.
هەمووان لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ڕوو لە پایتەخت دەکەن و وەک قیبلەیەکی نیشتمانی و فەرھەنگی لێی دەڕوانن. بەپێی ئەو لۆژیکەی سیاسەت دروستی کردووە لە مێژوودا تاوەکو ئەمڕۆ، پایتەخت دەمڕاستی نیشتمانە و جێگەی ڕاگەیاندن و ئەدا کردنی ڕاز و نیازی گەلانە. وەلێ لێرە لە باشووری کوردستان، هەڵمەتێکی ناشیرینکردن و جنێو بەخشینەوە بەرامبەر هەولێر دەستیپێکردووە، کە لەمێژوودا بێوێنەیە.
بە جۆرێک، ئێستا لە سۆشیال میدیا و مەیدانەکانی جیلی سەردەم، دەستەواژەی «هەولێری» هاوشانی قسە زبرەکان، وەک جنێوێک بەکاردێت. کە بێگومان، ئەوەش بێ پلان نییە و سیاسەت و سیاسییەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت. خۆ غەدریش دەکەین ئەگەر بڵێین سلێمانی هیچی بەرامبەر نەکراوە؛ بەڵام سلێمانی شارێکی قەڵەم بەدەستترە، وەک دەڵێن «پایتەختی ڕۆشنبیری»یە. ئێستا نووسەر و ڕەخنەگری وای تێدا کار دەکات، بەندی یەکگرتنی نێوان کوردانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکیان پچڕاندووە و بوونە بە شێرپەنجەیەک لەسەر جەستەی پڕ لە ئەدەب و کوردایەتی سلێمانی؛ کە بێگومان ئەوەش هەر لەپێناو بەدیهێنانی چەند مەبەستێکی سیاسییە. ماتوڵ دەسەڵاتی ئەوەمان نییە لە ڕێگەی سیاسەت ئەو دیاردەیە کەم بکەینەوە.
زەرووریەتێکی گەورەیە لە ڕێگەی نووسین و چالاکی مەدەنی و کۆڕ و دانیشتن و ڕۆژنامە و گۆڤار و سۆشیال میدیا و کاری ڕۆژانەمان، نەهێڵین لەوە زیاتر وێرانمان بکا و لێکمان بکات. هەلومەرجی ناوچەکە ئەوەندە خەتەرناک و شلۆقە، کە هەرنا پێویستە جۆرێک لە تەبایی و یەکڕیزی نیشتمانیمان پێوە دیاربێت. سەبارەت بە شارچییەتی لە باشووری کوردستان، حەقیقەتێک هەیە کە هیچکات ناتوانرێت ئینکاری لێ بکرێت، ئەویش ئەوەیە: لێک ترازانی سیاسی لەنێوان هەولێر و سلێمانی، زیاتر وای کردووە دیاردەی شارچییەتی پەرە بسەنێت. هەر لایەنێک کلتورێکی بە زۆنەکەی خۆی بەخشیوە، لە ڕووی ڕەنگ، دەستەواژە، دروشم و فۆڕمی خەبات و هتد. کە هەمدیسان، ئەوانەش هۆکارگەلێکن بۆ دروستبوونی هەستی «خۆیی»بوون و دروستبوونی «ئێمە و ئەوان».
شارچییەتی شێرپەنجەیەکە بەرۆکی گەلی کورد، لە باشووری کوردستانی گرتووە. ئەگەر ڕەوتێکی ڕیفۆڕمخواز لە یەکڕیزی نیشتمانی پەیدا نەبێت و ئاراستەیەکی یەکڕیزی دروست نەکرێت، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەین: لێکترازانێکی نیشتمانی وا ڕووبدات کە سلێمانی بۆخۆی داوای سەربەخۆییێک و هەولێریش بۆخۆی داوای سەربەخۆییێک بکات. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر ئێمە بەو قەبارە یەکگرتووییەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو هەمانبووە، نەمان توانیوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی ئازاد ئەدای نیشتمانییانەی خۆمان بکەین، لە داهاتوو هەولێر بە تەنیا و سلێمانی بە تەنیا و دهۆک بە تەنیا، چۆن دەتوانین بگەینە ئامانجێکی ئەوتۆ…؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی