منیش مەخلوقم

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

   هەر دروستکراوێک دروستکەرێکی هەیە، مرۆڤ لە تێڕوانینی ئایینیدا، دروست کراوی خوایە. ئەمە ڕاستیەکی سادەیە لە ڕواڵەتدا، بەڵام لە هەناویدا پارادۆکسێکی ئاڵۆز لە خۆ دەگرێ، بەتایبەت ئەوکاتەی مرۆڤ زاتی ئەوە بکات، بەخۆی ڕەواببینێ بەناوی خواوە قسە بکات، دەسەڵاتی پۆلێنکردن و دابەشکردنی مەخلوقەکانی خودا بگرێتە دەست و لەبری خودا بڕیار بدات، کێ ئیمانداری ڕاستەقینەیە، کێ لادەر و مولحیدە، یان کافر و بێباوەڕە، کێ شایستەی ڕێزە و کێ شایستەی گاڵتەپێکردنە، تەنانەت کێ بەهەشتیە و کێ دۆزەخیە.

لێرەوە پرسیارەکە لە (ئایین چی دەڵێت؟)ەوە دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی مەترسیدارتر: (کێ مافی قسەکردنی بە ناوی ئایینەوە هەیە؟)

   کێشەکە لە بوونی جیاوازیی ئایینی یان مەزهەبیدا نییە، چونکە جیاوازی ڕاستییەکی مێژوویی و مرۆیی و تەنانەت ئیلاهیە و بەکەس کاڵ ناکرێتەوە. کێشەکە لەوێوە دەست پێ دەکات، کاتێک دەسەڵاتی ڕاڤەکردن دەگۆڕێت بۆ قۆرخکردنی حەقیقەت،  کاتێک عەقیدە و مەزهەبێکی دیاریکراوی ئایینی دەبێتە پێوەری مرۆڤ بون بۆ ئەوانی تر. 

ئەوکات کەسی جیاواز تەنیا مرۆڤێک نییە، بیرکردنەوەی جیاوازی هەبێت، بەڵکو لە گوتاری بناژۆخوازی ئاینیدا دەگۆڕێت بۆ (ئەوی تر)ێک، پێویستە سووکایەتی پێ بکرێت، بە ناو ناتۆرەی گاڵتەجاڕانەوە بانگ بکرێ، یان وەک بوونەوەرێکی نامۆ لە کۆمەڵگەدا وێنا بکرێت، وەک ئەوەی جیاوازی لە بیروڕاوعەقیدەدا، مافی ئەوەمان پێبدات لە بازنەی مرۆڤ بوون وەک (مەخلوق) فڕێی بدەینە دەرەوە.

 پرسیارە جددیەکە ئەوەیە: چۆن جیاوازی لەنێوان مەخلوقەکانی یەک خالقدا بۆتە تاوان و شایستەی سووکایەتی پێکردن؟

   دەسەڵاتی ئایینی تەنیا لەبەر ئەوەی ماف بەخۆی دەدات قسە لەسەر ئایین بکات ناکەوێتە دۆخی مەترسیداریەوە، بەڵکو کاتێک مەترسیدار دەبێت، لە ڕاڤەکردنی دەقەوە ماف بەخۆی دەدات بپەڕێتەوە بۆ خاوەندارێتیکردنی حەقیقەت.

   لێرەوە مەترسیدارترین پەیوەندی لەنێوان ئایین و دەسەڵاتدا خۆی ئاشکرا دەکات، کاتێک ناڕەزایەتی بەرامبەر پیاوانی ئایینی دەبێتە ناڕەزایەتی بەرامبەر کۆی بیرو باوەڕی ئاینی. ئەمە ئەو ساتە وەختە ترسناکەیە ئیترسنوورەکانی نێوان خالق و مەخلوق دەسڕێتەوە، بۆچونی پیاوی ئایینی دەبێتە موقەدەس، دەسەڵاتەکانی دەچێتە سەروو ڕەخنە، هەر بۆچونێکی جیاواز لەگەڵیاندا تەنها وەک نەیارێکی فیکری ئەژمار ناکرێ، بەڵکو دەچێتە خانەی نەیاری بۆ گوتاری ئاینی.

   توندوتیژی هەمیشە بە تێڵا و شەق دەست پێ ناکات، هەندێک جار بە وشە دەست پێ دەکات. پڕۆسەکە سەرەتا بە گۆڕینی ناوی (ئەوی تر) دەست پێ دەکات، دواتر گاڵتەپێکردنی، پاشان سەندنەوەی شەرعیەت لێی و پەراوێزخستنی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، تا دەگاتە وێناکردنی ئەویتر وەک مەترسی، لەکۆتاید ڕەوایەتی پەلاماردان و لەناوبردنی وەک ئەرکێکی ئاینی . توندوتیژیی ڕەمزی، هەمیشە پێویستی بە کوتەک یان چەک نییە، تەنها ئەوەندە بەسە دەسەڵاتی پێناسەکردنی (ئەوا نیتر) مسۆگەر بکەی.

    ئەم فۆڕمە لە دەسەڵات تەنیا لە ڕێگەی سەرکوتکاری و قەدەغەکردنەوە کار ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی زانیاری ئاراستەکراو، پۆلێنکردنی عەوام، دیاریکردنی ئەوەی چی بە ڕاستی دەژمێردرێت و چی بە لادان، کار دەکات. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت سەیری دەسەڵاتی ئایینی بکڕێت وەک هێزێک توانیویەتی (ڕاستییەکی کۆمەڵایەتی) لەسەر (ئەوی تر) بەرهەم بێنێت و دواتر بیچەسپێنێ.

پیاوی ئایینی تەنیا ناڵێت: من هاوڕا نیم لەگەڵ ئەم مەزهەبە یان ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە.

بەڵکو بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بە کۆمەڵگە دەڵێت: ئەو کەسە یان ئەم جۆرە باوەڕە لەگەڵ ئاینی ئێمەدا ناگونجێ.

   بەم شێوەیە جیاوازییەکە لە بواری فکرەوە دەگوازێتەوە بۆ بوارێکی مەترسیدارتر کە ناسنامەیە. دەسەڵاتی ئاینی لێرەدا تەنیا ڕێ لە بیرکردنەوەی جیاواز ناگرێت، بەڵکو دیاریشی دەکات چۆن دەبێت سەیری مرۆڤی جیاواز بکەیت. کەواتا تەنیا ئەوە ناسەپێنێ پێویستە چۆن بیر بکەیتەوە، بەڵکو دیاریشی دەکات کێ شایستەی هاوسۆزییە و کێ شایستەی سووکایەتییە.

   بەو شێوەیە وەسفکردنی (ئەوی تر) بەوەی (نامۆ)یە یان (لادەر)ە یان (دەعبایە) دەبێتە بڕیارێکی ئاسایی، تەنانەت لەوانەیە کۆمەڵگە خۆی بەشداربێ لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم زمان و ناولێنانەدا، بێ ئەوەی هەست بکات ئەمە جۆرێکە لە بەشداری تۆخکردنەوەی توندوتیژی.

   کێشەکە لە ئاییندا نییە وەک باوەڕ و ئیمان، نە لە دینداریدا وەک ئەزموونێکی ڕۆحی و ئەخلاقی، بەڵکو لە گۆڕینی ئاییندایە بۆ دەسەڵاتێکی مرۆیی کە ئیدیعای قسەکردن بە ناوی ڕەهاوە دەکات. جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان بڕوابوون بە خوا، لە گەڵ ئیدیعای ئەوەی کە خوا تەنها هی تۆیە.

   ئایین دەکرێت بە ڕزگارکردنی مرۆڤ لە پەرستنی مرۆڤەکان دەست پێ بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئایینی دەتوانێت هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە، وا لە مرۆڤ بکات دەسەڵاتێکی مرۆیی بپەرستێت کە بە ناوی خواوە قسە دەکات. لێرەدا گوێڕایەڵی و شوێنکەوتن دەبێتە چاکەیەکی ڕەها، پرسیار کردن دەبێتە تاوان، گومان دەبێتە لادان، ڕەخنە دەبێتە بێڕێزی بەرامبەر پیرۆزییەکان.

   بەو پێیە پەیوەندی لەگەڵ خوا لە پەیوەندییەکی ڕۆحی و ئەخلاقیەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی پلەبەندی گوێڕایەڵانە. هەرچەندە پیاوی ئایینی لەم ڕیزبەندیەدا پلەی بەرزتر بێتەوە، قودرەتی بەسەر پێناسەکردنی حەقیقەت، دیاری کردنی دوژمن، دابەشکردنی شەرعیەتدا زیاتر دەبێت.

    لێرەوە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی هەژمونگەری ئایینی دەبێتە پێویستییەکی ئایینی و ئەخلاقی لە یەک کاتدا، چونکە پێش هەر شتێکی تر هەوڵی پاراستنی ئایین دەدات، لەوانەی دەیانەوێت بیکەنە موڵکی تایبەتی خۆیان.

   مرۆڤ پێش ئەوەی سوننە یان شیعه بێت، موسڵمان یان جولەکە و مەسیحی و ئێزیدی، باوەڕداری ئاینی یان بێ باوەڕ، بێگومان ( مەخلوقە واتە مرۆڤە). پێش ئەوەی کەسی جیاواز (نەیاری بیروباوەڕ) بێت، بوونەوەرێکە ( مەخلوقێکە)، کەرامەت و مافی هەڵبژاردنی عەقیدەی تایبەت بە خۆی هەیە. ئاساییە دەتوانیت بڕواکەی ڕەت بکەیتەوە، دەتوانیت ڕەخنە لە مەزهەبەکەی بگریت، دەتوانیت بیرۆکەکانی بەتاڵ و پوچەڵ بکەیتەوە. بەڵام مافی ئەوەت نییە جیاوازییەکەی بکەیتە هۆکارێک بۆ سووکایەتیکردن. کاتێک ئەوە دەکەیت، تۆ لە ڕەخنەگرتن لە بیرۆکەیەکەوە دەپەڕیەوە بۆ سووکایەتیکردن بە مرۆڤێک بە مەخلوقێکی ئیلاهی.

   ئەو ئایینەی مرۆڤی فێر کردوە خوا لە مرۆڤ گەورەترە، تەنها خودا خالقە، دواجار دەبێت فێریشیمان بکات، مرۆڤ خودا نیە، تا بە بێ سنووری ڕێگە بەخۆی بدات بڕیار لەسەر ئەوانیتر بدات.

   لەوانەیە بێزارکەرترین پرسیار بۆ پیاوێکی ئایینی کە گاڵتە بە کەسی جیاواز دەکات ئەمە بێت: ئەگەر خوا خالقی هەموشتێکە، ئەوە خالقی ئەو کەسەشە گاڵتەی پێ دەکەیت، کەواتا کێ مافی ئەوەی پێ داویت، یان چۆن زاتی ئەوە دەکەی سووکایەتی بە مەخلوقی ئەو خالقە مەزنە بکەی، هەی مەخلوق ؟. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی