پاسیڤییەتی سیاسی و درێژکردنەوەى تەمەنى دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵح

بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ لێکۆڵینەوە لەپاسیڤیەتی سیاسی و ڕۆڵی ئەو لە بەرهەمهێنانەوە و درێکردنەوەى تەمەنى دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراق. نوسینەکە لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە پاسیڤییەتn سیاسی تەنها نەبوونی بەشداری نییە؛ بەڵکو لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت ببێتە میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات. کاتێک بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لە پرۆسەکانی چاودێری، بەرپرسیارکردن، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەشداریی سیاسی دوور دەکەوێتەوە، بۆشاییەک دروست دەبێت کە دەسەڵاتە دامەزراوەیی و حزبییەکان دەتوانن بە ئاسانی زیاتر پڕی بکەنەوە.

نوسینەکە هەروەها جیاوازیی نێوان پاسیڤییەت، بێمتمانەیی سیاسی، ترس، دوورکەوتنەوەی سیاسی، بایکۆتی مەدەنی و نافرمانیی مەدەنی دەخاتەڕوو، چونکە هەموو جۆرەکانی بەشداری ‌نەکردن نابێت بە یەک شێوە لێک بدرێنەوە. لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە هەوڵ دەدات مۆدێلێکی شیکاری پێشنیار بکات بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن کۆمەڵگا دەتوانێت لە پاسیڤیەتیی سیاسییەوە بگوازێتەوە بۆ بەشداریی مەدەنی و چاودێریی دامەزراوەیی.

پێشەکی
دەسەڵات تەنها بەهۆی هێز، یاسا، دامەزراوە و توانای سەپاندنی بڕیارەکانەوە بەردەوامى بەخۆى نادات؛ بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر گرنگ بەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەش پەیوەستە کە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا دروست دەبن. لە هەندێک کۆمەڵگادا، دەسەڵات بەهۆی پشتیوانیی ڕاستەوخۆی خەڵک بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کۆمەڵگاکانی تردا بەردەوامی دەسەڵات دەتوانێت لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە ترس، بێمتمانەیی، وابەستەیی ئابووری، لاوازیی دامەزراوە مەدەنییەکان و پاسیڤیەتیی سیاسیی کۆمەڵگا دروست بێت. 

لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پرۆسەی دامەزراندن و پەرەپێدانی دەسەڵاتی سیاسی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بە پێکهاتەیەکی ئاڵۆز لە مێژوو، حزب، ئابووری، کۆمەڵگا و پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان پەیوەست بووە. لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە، و بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان بووەتە ناوچەیەکی سیاسیی جیاواز لە ناو سیستمی سیاسی عێراقدا؛ بەڵام هەمان ئەو پرۆسەی دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییە نوێیانە، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی پێکهاتەیی وەک دووبارەبوونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، پەیوەندییە حزبییەکان، لاوازیی هەندێک دامەزراوەی چاودێری و بەرپرسیارکردن و وابەستەیی بەشێک لە ژیانی ئابووری بە دەسەڵاتی حکومەت و حزبەکان گەشەی کردووە.

ئەم پرسیارە دەمانباتە ناو چەمکی پاسیڤییەتی سیاسی. مەبەست لە پاسیڤییەت لێرەدا تەنها نەبوونی بەشداری لە هەڵبژاردن یان کۆبوونەوەی سیاسی نییە؛ بەڵکو کۆمەڵێک هەڵسوکەوت و هەڵبژاردەیە کە لەوانەیە ئەمانە لەخۆبگرێت: دوورکەوتنەوە لە چاودێریی دەسەڵات، نەبوونی بەشداری لە دامەزراوە مەدەنییەکان، بێمتمانەبوون بە پرۆسەی سیاسی، هەڵبژاردنی ژیانی تایبەتی لەبری بەشداریی گشتی، یان کۆچکردن لە ژینگەیەک کە تاک هەستی بە  کەم توانیی لە گۆڕینیدا دەکات.

بۆ تێگەیشتن لە پاسیڤیەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، تەنها سەیرکردنی ڕەفتاری تاکەکەسەکان بەس نییە. پێویستە دیاردەکە لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات، کۆمەڵگا، دامەزراوە، ئابووری، کلتوور و هەڵسوکەوتی تاک بخوێندرێتەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە بۆچی هاووڵاتییەک بەشداری ناکات؛ بەڵکو دەبێت بزانین: چۆن ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دۆخێک دروست دەکات کە تێیدا بەشداری نەکردن دەبێتە هەڵبژاردەیەکی ئاسایی بۆ تاک؟

پاسیڤییەتی سیاسی: پێناسە و سنوور
پاسیڤییەتی سیاسی بە شێوەیەکی سادە بریتییە لە کەمبوونەوە یان نەبوونی بەشداریی تاک یان گروپ لە پرۆسەی سیاسی و گشتی. بەڵام ئەم پێناسەیە بە تەنیا بەس نییە؛ چونکە هەموو کەسێک کە بەشداری ناکات هۆکاری یەکسانی نییە. بۆیە پێویستە چوار جۆری سەرەکی لە یەک جیا بکرێنەوە:

یەکەم: پاسیڤیەتیی ناچار، تاک بەشداری ناکات چونکە ترسی سزا، لەدەستدانى کار، فشار یان زیانێکی کەسی هەیە. 
دووەم: پاسیڤیەتیی بێمتمانە، تاک باوەڕی بەوە نییە کە بەشدارییەکەی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت.
سێیەم: پاسیڤیەتیی بەرژەوەندیخواز، تاک بە ئاگاییەوە دوور دەکەوێتەوە، چونکە دەیەوێت بەرژەوەندیی کەسی و ئابوورییەکانی بپارێزێت.
چوارەم: پاسیڤیەتیی ماندووبوون، تاک لە قەیران و شکستی دووبارە ماندوو بووە و لە کۆتاییدا هەستی دەکات هیچ شتێک ناگۆڕێت.

کەسێک دەتوانێت بە دەنگدان یان بەشداریی مەدەنی بڕیار بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا بێمتمانە بێت، لە لایەکی ترەوە، کەسێک دەتوانێت متمانەی زۆری بە سیستم نەبێت، بەڵام بەشداریی سیاسی بکات بۆ گۆڕینی ئەو سیستمە. بۆیە: بێمتمانەیی ≠ پاسیڤیەتی، بەڵکو بێمتمانەیی دەتوانێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی پاسیڤیەتی.

دەسەڵات تەنها بە هێز و سەرکوتکردن بەردەوامى بە خۆى نادات؛ بەڵکو بە هەندێک شێوە دەتوانێت لە کۆمەڵگا هەستی ئاساییبوونی دۆخی هەبوو دروست بکات. لەم ڕوانگەیەوە، پرسیارەکە دەگۆڕێت: لەبری ئەوەی تەنها بپرسین چۆن دەسەڵات خەڵک کۆنترۆڵ دەکات؟ دەبێت بپرسین چۆن دۆخی هەبوو دەبێتە شتێکی ئاسایی و سروشتی لە دیدی بەشێک لە کۆمەڵگا؟ چونکە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پاسیڤیەتی ئەوەیە کە تاک لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو باوەڕەی هیچ شتێک ناگۆڕێت. ئەم باوەڕە دەتوانێت ببێتە بەربەستێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر  بەشداریکردن.

پەیوەندی و نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بەردەوام دەبن. ئەم تیۆرییە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن پەیوەندیی سیاسی، دەرفەتی کار، بەرژەوەندیی ئابووری، وابەستەیی، پاسیڤیەتی، بەردەوامبوونی پەیوەندیی سیاسی واتە پاسیڤیەتی لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت تەنها هەڵبژاردەی تاک نەبێت؛ بەڵکو بەشێک بێت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەرهەمهێنراوەکان. 

 سەرمایەی کۆمەڵایەتی بریتییە لە کۆمەڵێک پەیوەندی، متمانە و تۆڕی هاوکاری کە دەتوانێت توانای کۆمەڵگا بۆ کردارێکی هاوبەش زیاد بکات. کاتێک متمانە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن، ڕێکخستنی کردارێکی هاوبەشیش دژوارتر دەبێت و دوورکەوتنەوەی بەردەوام لە ژیانی گشتی دەتوانێت بواری کردار و گفتوگۆی کۆمەڵایەتی تەنگتر بکات. 

ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و پێکهاتەیی پاسیڤیەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
پاسیڤیەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نابێت وەک دیاردەیەکی تازە هەڵتۆقیو لەم ساڵانەی دوایی لێک بدرێتەوە. بۆ تێگەیشتن لە شێوە و قووڵایی ئەم دیاردەیە، پێویستە سەرنج بدرێتە سەر ئەو ئەزموونە مێژوویی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵاتیان داڕشتووە.

لە هەرێمی کوردستاندا، ئەزموونی توندوتیژیی دەسەڵاتی بەعس، ئاوارەبوون، ئەنفال، کیمیاباران، شەڕی ناوخۆ، قەیرانە ئابوورییەکان و دواتر دامەزراندنی سیستمێکی سیاسیی پەیوەست بە حزب، سەرجەمیان بە شێوەی جیاواز کاریگەری لەسەر هەستی تاک بەرامبەر دەسەڵات و بەشداریی گشتی دروستکردووە.

1.    پێش ١٩٩١: دەسەڵات و ستراتیژیی مانەوە: لە ساڵانی حوکمڕانى بەعس، بە تایبەتی لە قۆناغی توندبوونەوەی سیاسەتی سەرکوت و هەوڵدان بۆ کۆمەڵکوژى کورد، بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردستان لە ژینگەیەکی پڕ لە ترس و ناڕوونی سیاسی ژیانیان بەسەر دەبرد. ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ئەنفال و وێرانکردنی گوندەکان و ئاوارەکردنی دانیشتووان و نیشتەجێکردنیان لە کۆمەڵگە زۆرەملێکاندا، تەنها زیانێکی ماددی و مرۆیی نەبوون؛ بەڵکو ئەزموونێکی بەکۆمەڵ بوون کە تێیدا دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و توند لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی تاکدا تێکەڵ بوو. لە ژینگەیەکی ئاوادا، دوورکەوتنەوە لە کردارێکی ئاشکرای سیاسی دەیتوانى ببێتە ستراتیژیی مانەوە. بە واتایەکی تر بێدەنگی و خۆ بە دوورگرتن لە کارى سیاسی و ناڕەزایەتى دەربڕین کە هەمیشە بە مانای قبوڵکردن نییە؛ هەندێک جار دەتوانێت ستراتیژێک بێت بۆ پاراستنی ژیان بێت. 

2.    ڕاپەڕینەکەى ١٩٩١ و دروستبوونی ژینگەی سیاسیی نوێ: ساڵی ١٩٩١ خاڵێکی وەرچەرخان بوو. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی سەرکوتکەرى بەعس لە بەشێکی کوردستان و دروستبوونی بارودۆخی نوێی سیاسی، کۆمەڵگا لە ژینگەیەکی جیاوازدا ژیانى دەست پێکرد. لەو قۆناغەدا، کۆمەڵگا لەگەڵ پرۆسەی دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییە نوێکاندا ڕووبەڕوو بووەوە. بەڵام ئەم گۆڕانە هەموو کێشەکانى کۆتایی پێنەهێنا. کێشەی سەرەکیی ئەوە بوو کە پەیوەندیی نێوان حزب ـ دامەزراوە ـ ئابووری ـ کۆمەڵگا چۆن دەبێت؟ ئەگەر حزب و دامەزراوەی حکومەت بە شێوەیەکی زۆر تێکەڵ ببن، ئەوا دەکرێت هاووڵاتی بەجێی ئەوەی خۆی وەک ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنی ببینێت، خۆی وەک بەکارهێنەری خزمەتگوزاری، کارمەندی حکومەت، پەیوەست بە حزب، یان بەدوای پشتیوانییەکی سیاسی ببینێت. ئەم گۆڕانە لە تێگەیشتنی هاووڵاتییەتییەوە بۆ وابەستەیی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پاسیڤیەتی هەبێت.

3.    شەڕی ناوخۆ و شکاندنی متمانە: شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییە کوردییەکان لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠دا قۆناغێکی گرنگی دیکە بوو. ئەو شەڕە نەک تەنها زیانێکی سیاسی و مرۆیی بوو، بەڵکو لە مێژووی متمانەی سیاسیی کۆمەڵگادا کاریگەریی درێژخایەنى دروستکرد. کاتێک دوو هێزی سیاسیی کوردی بە شێوەیەکی چەکدار بەرامبەر یەک دەوەستن، ئەوا بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئایا بەشداریی سیاسی بەڕاستی دەتوانێت دۆخەکە باشتر بکات؟ ئەگەر وەڵامی تاک بۆ ئەم پرسیارە ببێتە نەخێر، ئەوا بنەمایەکی دەروونی بۆ بێمتمانەیی و پاسیڤیەتی دروست دەبێت. 

4.     دوای ٢٠٠٣: لە خەباتەوە بۆ دامەزراوە: ساڵی ٢٠٠٣ قۆناغێکی نوێی مێژوویی هاتە ئاراوە. هەرێمی کوردستان لە ناو پێکهاتەی عێراقی نوێدا پێگەی سیاسیی گرنگتری بەدەست هێنا و دامەزراوەکانی حکومەت پەرەیان سەند. بەڵام گەشەی دامەزراوەیی بە مانای کۆتایی هێنان بە کێشەی دەسەڵات و کۆمەڵگا نەبوو. لە قۆناغی دوای ٢٠٠٣دا، چەند پرۆسە بە یەکەوە گرێدراون: پەرەپێدانی دامەزراوەکان + گەشەی ئابووری + زیادبوونی دەرفەتەکانی کار + فراوانبوونی دەسەڵاتی حزبی + زیادبوونی وابەستەیی بە داهاتی حکومەت. ئەمە پرسیارێکی گرنگ دروست دەکات: ئایا پەرەپێدانی دامەزراوە حکومییەکان بە مانای بەهێزبوونی هاووڵاتیی بوون، یان دەتوانێت هەندێک جار وابەستەییی زیاتر دروست بکات؟
ئەگەر تاکێک بۆ ژیانی ڕۆژانەی خۆی بە شێوەیەکی زۆر پەیوەست بێت بە مووچەی حکومەت، دامەزراوەی حکومەت، کارێکی پەیوەست بە حزب، پڕۆژەی حکومەت، یان تۆڕێکی سیاسی ـ ئابووری، ئەوا هەڵسوکەوتی سیاسیی ئەو تاکە دەتوانێت لە ژێر کاریگەریی مەترسیی لەدەستدانی ئەو بەرژەوەندییە بێت. لێرەدا پاسیڤیەتی دەتوانێت ببێتە ستراتیژیی پاراستنی بەرژەوەندی. ئەمە جیاوازە لەوەی تاک باوەڕی بە دەسەڵات هەبێت. لەوانەیە تاک لە دڵەوە ناڕازی بێت، بەڵام لە کرداردا پاسیڤ بێت. 
قەیرانە دارایییەکان دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵات هەبێت. کاتێک داهاتی تاک کەم دەبێت یان مووچە و کار کەم دەبێت، یەکەمین پرسیاری تاک دەتوانێت ببێتە ئەوەى کە چۆن بژیم؟ لە دۆخێکی ئاوادا، توانای تاک بۆ بەشداریی بەردەوام لە ژیانی سیاسی کەم دەبێت. 

5.    ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ و پاشەکشەی هیوای سیاسی: ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٧ و ڕووداوەکانی دوای ئەوە نموونەیەکن  بۆ بێهیوایی سیاسی. کاتێک کۆمەڵگا بۆ ئامانجێکی سیاسی هەستیارییەکی بەرزی هەیە و دواتر ڕووبەڕووی شکستی سیاسی یان گۆڕانی خێرای بارودۆخ دەبێتەوە، ئەگەری دروستبوونی بێهیوایی، بێمتمانەیی، دوورکەوتنەوە لە بەشدارى سیاسی، و پەنا بردنە بەر ژیانی تاکەکەسی زیادتر دەبێت. 

ئابووریی سیاسیی پاسیڤیەتی: پەیوەندیی حزب، کار، مووچە و دەسەڵات
تاکێک کە ژیانی ڕۆژانەی بە شێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە کار، مووچە، خزمەتگوزاری، پەیوەندییە حزبییەکان یان دامەزراوەکانی حکومەت، لە هەڵسوکەوتی سیاسیی خۆیدا ئازاد نییە. لێرەدا وابەستەییی ئابووری دەتوانێت ببێتە میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی بەشداریی سیاسی . دەسەڵات لە کۆمەڵگادا تەنها بە فەرمان و یاسا نمایشی خۆی ناکات. هەندێک جار دەسەڵات بە شێوەی دەستگەیشتن بە کار، دابینکردنی مووچە، دابینکردنی خزمەتگوزاری، دابەشکردنی پڕۆژە، دەستگەیشتن بە دەرفەت، و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان خۆی نیشان دەدات. لەم بارودۆخەدا، بەرژەوەندیی ئابووری و هەڵسوکەوتی سیاسی دەبنە دوو بابەتی پەیوەست بە یەک. تاک دەتوانێت لە دڵەوە ناڕازی بێت، بەڵام لە کرداردا هەڵبژێرێت کە بێدەنگ بمێنێتەوە بۆ ئەوەی زیانی ئابووری نەبینێت. ئەمە جۆرێکە لە پاسیڤیەتی کە دەکرێت ناوی بنێین پاسیڤیەتیی بەرژەوەندییی.

لەو سیستمە سیاسیانەى کە پەیوەندییە حزبییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر دامەزراوە و ئابووری هەیە، کارکردن دەتوانێت لە هەندێک بارودۆخدا تەنها پەیوەندییەکی ئابووری نەبێت. کار دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پەیوەندیی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی. ئەم پەیوەندییە ئەگەر بە شێوەیەکی زۆر بەهێز بێت، دەتوانێت هەستێکی وابەستەیی دروست بکات، نمونەى ئەوەى کە ئەگەر من ڕەخنە بگرم، لەوانەیە ژیانم زیانى پێ بگات.
لە هەر سیستەمێکی ئابوورییدا، مووچە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بژێوی ژیانە. بەڵام لە کۆمەڵگایەکدا کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک بە دامەزراوە حکومییەکانەوە پەیوەستن، مووچە دەتوانێت لە ئاستێکی سیاسییش کاریگەری دروست بکات. ئەگەر هاووڵاتی هەست بکات ژیانی ئابووریی پەیوەستە بە سیستمی هەبوو، ئەوا هەڕەشە لە سیستەم، هەڕەشە لە سەرچاوەی بژێوی دروست دەکات، لەوێوە هەستی پاراستنی دۆخی هەبوو دەتوانێت دروست ببێت، تەنانەت ئەگەر تاک لە ڕووی سیاسییەوە ڕازی نەبێت.

دەسەڵاتی پاداشت و دەسەڵاتی سزا
بۆ شیکردنەوەی ئەم پەیوەندییە دەتوانین دوو میکانیزم لە یەک جیا بکەینەوە:
١. دەسەڵاتی پاداشت: تاک هەست دەکات بەشداری یان نزیکبوونەوەی سیاسی دەتوانێت بۆی کار، پۆست، دەرفەت، پشتیوانی، یان خزمەتگوزاری دروست بکات.
٢. دەسەڵاتی سزا: تاک هەست دەکات ناڕەزایی یان دوورکەوتنەوەی سیاسی دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی کار، لەدەستدانی پشتیوانی، کەمبوونەوەی دەرفەت، فشار، یان جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتی.  کاتێک ئەم دوو میکانیزمە لەگەڵ یەک کار دەکەن، دەسەڵات پێویستی بە زۆرەملێی ڕاستەوخۆ کەمتر دەبێت.
 تاک هەموو جارێک بە پرسیاری چی دروستە؟ بڕیار نادات. هەندێک جار پرسیارەکە دەبێتە ئەگەر ئەمە بکەم، چی لەدەست دەدەم؟ بەم شێوەیە، پاسیڤیەتی دەتوانێت بڕیارێکی عەقڵانی بێت لە دیدی تاکەکەس، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگا دەتوانێت ئەنجامێکی نالەبارى هەبێت. 

 لەپەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵات کە تێیدا دەستگەیشتن بە سەرچاوە و دەرفەتەکان دەتوانێت بە پەیوەندییە کەسی و سیاسییەکانەوە گرێدراو بێت، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت ـ حزب ـ کار ـ هاووڵاتی دەکرێت ئاڵۆزتر ببێت. لەم بارودۆخەدا، هاووڵاتی لەوانەیە بەجێی ئەوەی خۆی بە وەک هاوڵاتى ببینێت، خۆی بە وەک ئەوە دەبینێت کەچەندە دەتوانێت سوودمەند ببینێت. ئەم گۆڕانە لە هاووڵاتی بۆ سوودمەند/وەرگر دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کلتووری سیاسی هەبێت.
کۆمەڵگای وەرگر کۆمەڵگایەکە کە زیاتر لە دەسەڵات چاوەڕێی مووچە، خزمەتگوزاری، پۆست، یارمەتی، پڕۆژە، و دەستگیرۆیی دەکات، و توانای فشارخستنە سەر دەسەڵاتى تا دێت کەمتر بێت. ئەمە دەکرێت ئەم بازنەیە دروست بکات: وابەستەیی + کەمبوونەوەی ڕەخنە + کەمبوونەوەی چاودێری + بەهێزبوونی دەسەڵات + زیادبوونی وابەستەیی. ئەمە بە شێوەیەکی تیۆری دەتوانێت ببێتە بازنەی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات. 

پاسیڤیەتی و میدیا
میدیا دەتوانێت لە هەردوو ئاراستەدا کاریگەری هەبێت. 
ئاراستەی یەکەم: بەهێزکردنی پاسیڤیەتی: ئەگەر میدیا تەنها هەواڵ بڵاو بکاتەوە، کێشەکان بە شێوەی دراماتیکی پیشان بدات، بەردەوام هەستی بێهیوایی دروست بکات، یان هەموو کێشەکان بە هیچ چارەسەرێک نییە کۆتایی پێبهێنێت،  دەتوانێت هەستی ناتوانین بەهێز بکات.
ئاراستەی دووەم: بەهێزکردنی هاووڵاتییەتی: میدیای سەربەخۆ دەتوانێت زانیاری بدات، پرسیار دروست بکات، بەڵگە بڵاو بکاتەوە، دەسەڵات چاودێری بکات، و بوار بۆ گفتوگۆ دروست بکات. لەبەر ئەوە، میدیا لە مۆدێلی توێژینەوەکەدا دەبێتە گۆڕاوی ناوەندی.
 دواجار، گرنگترین پارادۆکسی ئەم نوسینە ئەمە بێت: هەمان پاسیڤیەتی دەتوانێت لە هەمان کاتدا هەم ناڕەزایی بێت و هەم بەرهەمهێنەرەوەی دەسەڵات. تاک دەتوانێت بەشداری نەکات چونکە ناڕازییە. بەڵام ئەگەر ملیۆنان تاک بە هەمان شێوە بەشداری نەکەن، ئەنجامە کۆمەڵایەتییەکە دەتوانێت ئەوە بێت کە فشار لەسەر دەسەڵات کەم دەبێت. بەم شێوەیە ناڕەزاییی تاکەکەسی + پاسیڤیەتیی کۆمەڵایەتی + کەمبوونەوەی فشار = بەردەوامبوونی دۆخی هەبوو.  ئەمە یەکێکە لە سەرەکیترین تیۆرییەکانی ئەم نوسینە.

ڕۆشنبیر، ئەکادیمی و دامەزراوە مەدەنییەکان لە نێوان پاسیڤییەتی و بەشداریی سیاسی
ئەگەر پاسیڤییەتی سیاسی تەنها بە کەمبوونەوەی بەشداریی تاکەکەسی پەیوەندیدار بێت، ئەوا چارەسەرکردنی کێشەکەش تاڕادەیەک ئاسان دەبوو. بەڵام کێشەکە قووڵترە. هەر کۆمەڵگایەک پێویستی بە کۆمەڵێک دامەزراوە و کەسایەتی هەیە کە بتوانن پرسیار دروست بکەن، زانیاری بڵاوبکەنەوە، چاودێری دەسەڵات بکەن، گوتاری جیاواز دروست بکەن، خەڵک ڕێکبخەن، و بوار بۆ بەشداریی مەدەنی دروست بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆشنبیر، ئەکادیمی، میدیاکار، هونەرمەند و دامەزراوە مەدەنییەکان دەتوانن دوو ڕۆڵی جیاواز بگێڕن:  یا بەرهەمهێنەرەوەی پاسیڤیەت بن، یا هێزی شکاندنی پاسیڤیەتی بن. ئەم دوو ڕۆڵە پێویستە لە یەک جیا بکرێنەوە

ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا تەنها کەسێک نییە کە زۆر دەزانێت. ڕۆشنبیر دەتوانێت ڕۆڵی پرسیارکەر، ڕەخنەگر، شیکەرەوە، ڕوونکەرەوە، و بەرهەمهێنەری گوتار بگێڕێت. لە کۆمەڵگایەکدا کە دەسەڵات بە شێوەیەکی بەردەوام گوتاری خۆی بەرهەم دەهێنێت، بێبوونی گوتاری جێگرەوە دەتوانێت بوار بۆ یەکدەستبوونی گوتار دروست بکات. 

ئەگەر ڕۆشنبیرێک مووچەی لە دامەزراوەیەکە، پۆستی لە دامەزراوەیەکە، پرۆژەی لە دامەزراوەیەکە، یان پەیوەندییەکی پیشەییی بە دەسەڵاتەوە هەیە،  ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر ئازادیی ڕەخنەی ئەو هەیە؟ پرسیارەکە ئەمە نییە کە ئایا ئەو کەسە وابەستەیە؟ بەڵکو ئایا شێوازی دابینکردنی سەرچاوە دەتوانێت سنووری ڕەخنە دیاری بکات؟

زانکۆ و سەنتەرەکانى لێکۆڵینەوە دەتوانن بوارێکی سەربەخۆ بۆ بیرکردنەوە دروست بکەن. ئەکادیمی دەتوانێت داتا کۆبکاتەوە، دەستەواژە سیاسییەکان شیبکاتەوە، گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەراورد بکات، و هۆکارە پێکهاتەییەکان بخاتەڕوو، بەڵام ئەگەر ئەکادیمی تەنها بەرهەمهێنانی پەیامە ئەکادیمییەکان بۆ ناو سیستەمی زانکۆ بێت، ئەوا پەیوەندیی زانست و کۆمەڵگا لاواز دەبێت. لێرەدا دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان زانست بۆ زانست و زانست بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا.

هونەریش دەتوانێت لە ژیانی سیاسیی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی زۆر قووڵى هەبێت. فیلم، شانۆ، گۆرانی، ئەدەب و هونەر دەتوانن ئەزموونی کۆمەڵگا بگۆڕن بۆ بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی، بەڵام هونەر دەتوانێت دوو ئاراستەی هەبێت هونەری ڕەخنەگر کە پرسیار دروست دەکات و هونەری هەڵوەشێنەر کە هەموو شتێک دەکاتە کۆمیدیا و خۆشیی کاتبەسەربردن و پرسیاری سیاسی لە ناو دەبات. ئەم جیاوازییە گرنگە، چونکە دەبێت بزانین ئایا کەلتوور بوارێک بۆ بیرکردنەوە دروست دەکات، یان تەنها بوارێک بۆ سەرقاڵکردنی کاتی؟ کاتێک کۆمەڵگا زۆرتر لە ژیانی سیاسی دوور دەکەوێتەوە و سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر سەرقاڵکردن و کاتبەسەربردن، دەرفەت بۆ بەردەوام بوونى دۆخى هەبوو زیاتر دەکات. 

کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەتوانن ببنە پەیوەندیی نێوان تاک وکۆمەڵگا و دەسەڵات، ئەرکیان دەتوانێت بریتیبێت لە ڕێکخستن، ئاگادارکردنەوە، پشتیوانی لە مافەکان، چاودێری، و دروستکردنی بوار بۆ بەشداری بەڵام ئەگەر دامەزراوە مەدەنییەکان بە پارە، پەیوەندیی سیاسی، پرۆژەی کاتی، یان بەرژەوەندیی تاکەکەسی زۆر وابەستە بن، توانایان بۆ دروستکردنی فشار و چاودێری دەتوانێت لاواز ببێت. 

کاتێک دامەزراوە مەدەنییەکان بەهێزبن، دەسەڵات تەنها لە نێوان حکومەت و حزبدا گیرناخوات، بەڵکو کۆمەڵێک ناوەندی دیکە دروست دەبن  وەک زانکۆ، میدیا، سەندیکا، ڕێکخراوی مەدەنی، کۆمەڵەی پیشەیی، گروپی کۆمەڵایەتی. ئەگەر ئەم دامەزراوانە لاواز بن، تاک لەگەڵ دوو هەڵبژاردەی سەرەکی دەمێنێتەوە: دەسەڵات یان تاکەکەسییەت. لەو دۆخەدا، نێوانەکە ون دەبێت. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی بێدەنگی، هەستی تەنهایی،  نەبوونی توانای ڕێکخستن، و کەمبوونەوەی بەشداری. بەم پێیە، پاسیڤیەتیی سیاسی تەنها کێشەی تاک نییە؛ دەتوانێت کێشەی پێکهاتەی ناوەندەکانیش بێت. 

سۆشیال میدیاش گۆڕانێکی گەورەی لە شێوازی بەشداریی سیاسی دروست کردووە تاک دەتوانێت پۆست بڵاو بکاتەوە، کۆمێنت بنووسێت، ڤیدیۆ بڵاو بکاتەوە، هەشتاگ بەکاربهێنێت، یان هەواڵێک بڵاو بکاتەوە، بەڵام ئایا بەشداریی دیجیتاڵی هەمیشە دەبێتە بەشداریی ڕاستەقینە؟ لەوانەیە کەسێک سەدان پۆست و کۆمێنتی سیاسی بکات، بەڵام لە هیچ کردارێکی کۆمەڵایەتی بەشداری نەکات. ئەمە دەتوانرێت بە ناوی: چالاکیی دیجیتاڵی بێ کردار. بخوێندرێتەوە. 
کلیککردن، هاوبەشکردن و کۆمێنتکردن دەتوانێت هەستی بەشداری دروست بکات. بەڵام هەستی بەشداری و کاریگەریی سیاسی هەمان شت نین. 

لە پاسیڤیەتیی سیاسییەوە بۆ بەشداریی مەدەنی
چۆن دەتوانرێت تاکی پاسیڤ بگۆڕدرێت بۆ هاووڵاتیی چالاک، بە شێوەیەکی مەدەنی، یاسایی و بێ‌توندوتیژی؟ ئەم پرسیارە پێویستی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە هەیە. ئامانج نابێت ئەوە بێت کە هەموو تاکێک بکەینە چالاکوانێکی سیاسی، بەڵکو ئامانج دەبێت دروستکردنی کۆمەڵگایەک بێت کە تاک بتوانێت بەبێ ترس و بەبێ وابەستەییی زۆر، لە چارەنووسی کۆمەڵگاکەیدا بەشداری بکات.

قۆناغی یەکەم: لە بێدەنگی بۆ هۆشیاری
هیچ بەشدارییەکی بەردەوام بەبێ هۆشیاری دروست نابێت. بەڵام هۆشیاری تەنها زانیاری نییە. هۆشیاری بریتییە لە تێگەیشتن لە ماف، بەرپرسیارێتی، دەسەڵات، یاسا، دامەزراوە، بەرژەوەندیی گشتی، و توانای کاریگەریی تاک.  بۆ نموونە، ئەگەر هاووڵاتی تەنها بزانێت مووچەکەم دواخراوە ئەمە زانیارییە. بەڵام ئەگەر بتوانێت بپرسێت: بۆچی دواخراوە؟ کێ بەرپرسیارە؟ داتا لە کوێیە؟ بڕیار چۆن دراوە؟ من چۆن دەتوانم بە شێوەی یاسایی داوای ڕوونکردنەوە بکەم؟ ئەمە هۆشیاریی مەدەنییە.

قۆناغی دووەم: لە هۆشیارییەوە بۆ متمانە. هۆشیاری بە تەنیا بەشداری دروست ناکات. ئەگەر تاک بڵێت هەموو شتێک دیاریکراوە و هیچ شتێک ناگۆڕێت ئەوا هۆشیارییەکە دەکرێت ببێتە بێهیوایی. بۆیە قۆناغی دووەم دروستکردنی هەستی کاریگەرییە. تاک دەبێت باوەڕ بهێنێت بەوەى کە کردارەکەى دەتوانێت ئەنجامێکی دروستى هەبێت. ئەم هەستە لە زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گرنگە، چونکە کەسێک کە باوەڕی بە کاریگەریی خۆی نییە، زۆرجار کەمتر بەشداری دەکات.

قۆناغی سێیەم: لە تاکەوە بۆ گرووپ،  یەکێک لە هۆکارەکانی پاسیڤییەت ئەوەیە کە تاک خۆی بە تەنیا دەبینێت. کاتێک کێشەکە تەنها کێشەی من بێت، توانای چارەسەرکردنی کەم دەبێت. بەڵام کاتێک دەگۆڕێت بۆ ئێمە توانای ڕێکخستن دروست دەبێت. ئەم ئێمەیە پێویست ناکات سیاسی بێت، دەتوانێت بریتی بێت لە کۆمەڵەی پیشەیی، یانەی خوێندکاران، گرووپی ژینگە، ڕێکخراوی خێرخوازی، گرووپی مافەکانی ژنان، گرووپی گەنجان، کۆمەڵەی پیشەیی، یان گرووپی چاودێری خزمەتگوزاری.  ئەمە قۆناغی گرنگی فێربوونی هاوبەشییە. 

قۆناغی چوارەم: لە گرووپەوە بۆ ڕێکخستن
گرووپ بە تەنیا بەشداریی سیاسی دروست ناکات. گرووپ دەبێت ئامانج، پلان، بەرپرسیارێتی، کات، پێوانەی سەرکەوتنى هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر کۆمەڵەیەک داوای چاککردنی خزمەتگوزاریی ئاو بکات، دەبێت کێشەکە دیاری بکات، داتا کۆبکاتەوە، دامەزراوەی بەرپرسیار بناسێت، داواکارییەکی ڕوون بنووسێت، بە شێوەی یاسایی پێشکەشی بکات، و دواتر بەردەوام چاودێری بکات.  ئەمە بەشداریی مەدەنیی ڕێکخراوە، نەک تەنها دەربڕینی ناڕەزایی.

قۆناغی پێنجەم: چاودێریی دەسەڵات، یەکێک لە گرنگترین ڕۆڵەکانی هاووڵاتیی چالاک چاودێریکردنی دەسەڵاتە. چاودێری دەتوانێت لەسەر بودجە، خزمەتگوزاری، پڕۆژەکان، گرێبەستەکان، پەیمانکارەکان، کارگێڕی، و بڕیارە گشتییەکان بێت. بەم شێوەیە، هاووڵاتی لە وەرگری خزمەتگوزارى دەگۆڕێت بۆ چاودێری خزمەتگوزاری. ئەم گۆڕانە بنەڕەتییە.

قۆناغی شەشەم: بایکۆت، پێویستە بایکۆت بە شێوەیەکی زانستی پۆلێن بکرێت. بایکۆتی مەدەنی دەتوانێت بریتی بێت لە: نەکڕینی بەرهەمێکی دیاریکراو، بەشداری نەکردن لە چالاکییەکی سیاسی دیاریکراو، پشتگیریکردن لە بەرهەمی ناوخۆیی، بەشداری نەکردن لە ڕووداوێکی دیاریکراو، یان بەکارهێنانی توانای بازاڕ بۆ نیشاندانی ناڕەزایی.  بەڵام هەموو بایکۆتێک کاریگەر نییە. بایکۆت پێویستی بە ئامانجی ڕوون، بەشداریی گشتی، پەیامی ڕوون هەیە تا کاریگەری هەبێت.

لەکۆتاییدا  پاسیڤییەت یەکسانە بەوەى کە من هیچ ناکەم، بایکۆتی مەدەنی یەکسانە بەوەى کە من بە ئاگاییەوە ئەم کردارە ناکەم، چونکە داواکارییەکی دیاریکراوم هەیە. بژاردەى یەکەم دەتوانێت دەسەڵات بەهێزتر بکات، بژاردەى دووەم، ئەگەر بە شێوەیەکی فراوان و ڕێکخراوى هەبێت بێت، دەتوانێت فشارێکی مەدەنی دروست بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی