چارەنووسی حەشدی شەعبی و مانۆڕی موقتەدا سەدر

58 خولەک پێش ئێستا

شنۆ هیرانی

تا دێت، کات بەرژەوەندی و بوار بۆ جوڵەی گروپە چەکدارەکانی عێراق تەنگتر دەکاتەوە. هاتنی تۆماس باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان جارێکی تر پرسیاری چەک ڕادەستکردن و داهاتووی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەتی خستە سەر مێزی گفتوگۆ.

عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە گۆڕەپانی ململا‌نێی نفووز لەنێوان ئەمریکا و ئێران. بۆیە پرسی حەشدی شەعبی تەنها بابەتێکی ناوخۆیی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشەیەکی فراوانتری ئاسایشی و سیاسی ناوچەکە.
ئەمریکا لە ساڵانی شەڕی دژ بە داعش، بەهۆی پێویستی بە هەموو تواناکانی سەربازیی عێراق، تا ڕادەیەک چاوپۆشی لە گەشەکردنی حەشدی شەعبی دەکرد. بەڵام دوای کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و گۆڕانی هاوکێشەی ناوچەکە، ئەم هەڵوێستە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و واشینتن ئێستا بە چاوی جیاوازەوە سەیری ئەو هێزانە دەکات.

حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی هێرشی داعش و ڕووخانی بەشێکی گرنگی سیستەمی سەربازیی عێراق، سەریهەڵدا. بانگەوازی مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانی، کە بە فەتوای «کفایی جهاد» ناسرا، ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆکردنەوەی هێزە خۆبەخشەکان و بەرگری لە بەغدا و ناوچەکانی تر هەبوو. هەرچەندە فەتواکە ڕاستەوخۆ فەرمانی دامەزراندنی حەشدی شەعبی نەبوو، بەڵام لە واقیعی مەیداندا کۆمەڵێک گروپی چەکدار لەژێر ئەم چەترە کۆبوونەوە.
لە ساڵی ٢٠١٦دا، حەشدی شەعبی بە یاسا بە بەشێک لە سیستەمی ئاسایشی دەوڵەت دانرا و مووچەکانی لە بودجەی گشتیی عێراق دابین کرا. بەڵام ئەم یاسایی‌کردنەوەیە بە مانای یەکخستنی تەواوی هێزەکانی حەشد لە ناو سوپای عێراق نەبوو. لە واقیعدا حەشد کۆمەڵێک فەوج و گروپی جیاوازی لەخۆ دەگرێت؛ تەنها شیعە نییە و گروپە سوننە، ئێزیدی، کلدانی و تورکمانییەکانیشی تێدایە.

بۆیە حەشدی شەعبی نابێت بە یەک پێکهاتەی یەکدەست لێک بدرێتەوە. ئەوە ڕاستە کە هەندێک لە گروپەکانی پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە و لە چوارچێوەی ئەوەی خۆیان بە «مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق» دەزانن، هەڵوێستی توندیان بەرامبەر ئەمریکا هەیە؛ بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی حەشد بە یەک چاو ببینرێن.
جیاوازییەکانی ناو حەوزەی شیعە، بە تایبەتی جیاوازیی نێوان نەجەف و قوم، کاریگەریی خۆی لەسەر ئاراستە سیاسییەکانی هێزە شیعەکانی عێراق هەیە. لە عێراق، شیعەبوون بە تەنیا پێوەرێکی تەواو بۆ دیاریکردنی ئاراستەی سیاسی نییە؛ چونکە لە ناو شیعەکانیشدا جیاوازییە سیاسی، نیشتیمانی و مەرجەعییەتییەکان زۆرن.

نمونەی ڕوونی ئەمە موقتەدا سەدرە. سەدر لە یەک کاتدا دژ بە هەژموونی ئێران و دژ بە بوونی ئەمریکایە لە عێراق. ئەو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە هێڵێکی سیاسیی تایبەت بە خۆی دروست بکات کە لەسەر بنەمای نیشتیمانیی عێراقی و دوورخستنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی دامەزراوە.
هەمان شت تا ڕادەیەک لە ڕەوتی حیکمەی عەمار حەکیم دەبینرێت. حەکیم سیاسەتێکی هاوسەنگتر پەیڕەو دەکات و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەمەش نیشان دەدات کە ناوەندی شیعەی عێراق بە یەک ڕێڕەو ناڕوات.
لە هەمان کاتدا، «چوارچێوەی هەماهەنگی» بە چەترێکی سیاسی بۆ زۆرێک لە هێزە شیعەکان، بە یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق گۆڕاوە. لەوێدا پەیوەندیی نێوان چەک و سیاسەت بە شێوەیەکی ڕوون دەردەکەوێت: هێزێکی سیاسی لە هەمان کاتدا دەتوانێت پەیوەندیی بە هێزی چەکدارەوە هەبێت و کاریگەری لەسەر پێکهێنانی حکومەت دابنێت.

لە لایەکی ترەوە، فاکتەری عەلی سیستانی هێشتا گرنگە. فەتواکەی ساڵی ٢٠١٤ لە بنەڕەتدا بانگەوازێکی گشتی بۆ بەرگری لە وڵات بوو، نەک فەرمانی دامەزراندنی حەشدی شەعبی. بەڵام تا ئێستا سیستانی بە شێوەیەکی ڕوون فەتوایەکی نوێی دژ بە ئەو بانگەوازە دەرنەکردووە. بۆیە هەڵوێستی ئەو دەتوانێت لە هەر پرۆسەیەکی داهاتووی ڕێکخستنەوەی حەشددا کاریگەریی گرنگی هەبێت.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا بە گشتی سەیری هێزە چەکدارەکان دەکات لە ڕوانگەی ئاسایش و نفووزەوە، نەک تەنها لە ڕوانگەی پێکهاتەی ناوخۆییان. بۆ واشینتن، ئەو گروپانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە و هێرش دەکەنە سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا، مەترسییەکی سەرەکیین.
لە چوارچێوەی ئەم فشارەدا، باس لەوە کراوە کە حکومەتی عێراق دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان بنێت و ڕێگایەکی دیاریکراو بۆ کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەستی دەوڵەت دابین بکات. ئەمە لە هەمان کاتدا پەیوەندیی بە دۆخی دارایی عێراق و پەیوەندییەکانی بە سیستەمی داراییی نێودەوڵەتییەوە هەیە.

لە نێوان ئەم هاوکێشەیەدا، هەڵوێستی موقتەدا سەدر زۆر گرنگە. سەدر پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان و کۆکردنەوەی چەکی قورس لەژێر دەستی دەوڵەت کردووە. هەروەها ڕاگەیاندنی ڕادەستکردنی چەکەکانی «سەرایا السلام» لە ١٧ی مایس، لە ڕووی سیاسییەوە مانایەکی تایبەتی هەبوو.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەم هەنگاوە بە مانای کۆتایی هاتنی نفووزی سەدرە؟
بگومانەوە نا.
سەدر پێشتر نیشانی داوە کە دەتوانێت لە بوارێک پاشەکشێ بکات بۆ ئەوەی لە بوارێکی تردا بەهێزتر بگەڕێتەوە. لە ٢٠٠٨دا، دوای ململا‌نێی خوێناوی لەگەڵ حکومەتی نوری مالیکی، هەنگاو بە هەنگاو گۆڕینی ڕەوشی «جەیش المهدی» بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی بوو. دوای سەرهەڵدانی داعشیش «سەرایا السلام» دروست بوو.
لەبەر ئەمە، سەدر بۆ ڕادەستکردنی چەک لە توانای سیاسیی خۆی دەکەم ناکات. ئەو پشت بە بنەمایەکی جەماوەریی فراوان دەبەستێت و ئەگەر پێویستی بکات، دەتوانێت لە داهاتوودا هێزی چەکدار لە شێوەیەکی نوێ دروست بکاتەوە.
لە بەرامبەر سەدر، گروپەکانی نزیک لە ئێران و بە تایبەتی ئەو هێزانەی خۆیان بە «مقاوەمە» دەزانن، هێشتا دژایەتیی خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان دەردەبڕن. «نوجەباء»، «کەتائب حزب‌الله» و «کەتائب سیدالشهداء» لەو گروپانەن کە هەڵوێستی توندتریان هەیە.

لە بەرامبەر ئەمە، هەنگاوی هەندێک گروپی تر بۆ چوونە ژێر چەتری دەوڵەت، وەک هەندێک لە هێزەکانی «عەسائیب ئەهلی حەق» و «کەتائب امام عەلی»، دەتوانێت بەشێک بێت لە هەوڵی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی فشارە دەرەکییەکان و کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەستی دەوڵەت.
بەڵام مەترسیی سەرەکی لەوەدایە کە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی دابەشبوونی ناوخۆیی لە ناو هێزە شیعەکاندا. ئەگەر بەشێک لە گروپەکان چەک دابنێن و بەشێکی تر بە توندی ڕەتیکەنەوە، ئەوا هاوکێشەکە لە بابەتێکی یاسایی و سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی ئەمنی.

لەو بارودۆخەدا، بانگەوازی فایق زەیدان، سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق، بۆ کۆکردنەوەی چەکی هەموو گروپە چەکدارەکان لەژێر دەستی دەوڵەت، لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە گرنگە؛ چونکە ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پاراستنی سەقامگیری و یەکێتیی دەوڵەتدا پێناسە دەکرێت.
لە ئێستادا هەروەها نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراق هەیە و بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان جێگیرن. بەردەوامبوونی فشارەکان لەسەر گروپە چەکدارەکان، لەگەڵ بوونی ئەم هێزانە، مەترسیی ئەوەی هەیە کە ململا‌نێی سیاسی بگۆڕێت بۆ پێکدادانی ئەمنی و سەربازی.
لە هەمان کاتدا، هەندێک لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی عێراق بە گومانەوە سەیری توانای تێکەڵکردنی تەواوی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق دەکەن. چونکە ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ ڕوویدا، زیاتر یاسایی‌کردن و دابینکردنی مووچە بوو، نەک گۆڕینی تەواوی شێوازی کارکردن و زنجیرەی فەرماندەیی ئەو گروپانە.
بۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە «حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێتەوە یان نا؟»؛ بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە دەوڵەتی عێراق تا چەند دەتوانێت چەک و بڕیاری سەربازی لە یەک زنجیرەی فەرماندەییدا کۆبکاتەوە، بەبێ ئەوەی عێراق بەرەو پێکدادانی ناوخۆ ببات.

لە هەمان کاتدا، گروپەکانیش لەبەر ئەوەی نایانەوێت ڕاستەوخۆ دژایەتیی بڕیارێکی ئەمریکا بکەن و ببنە هۆی سەپاندنی فشار و سزا لەسەر حکومەتی عێراق، لەوانەیە هەوڵ بدەن مانۆڕێکی سیاسی بکەن: نە چەک بە تەواوی دابنێن، نە بە شێوەیەکی ئاشکرا دژ بە حکومەت و ئەمریکا بوەستن.

لە کۆتاییدا، چارەنووسی حەشدی شەعبی بە تەنیا بە بڕیارێکی واشینتن یان بەغدا دیاری ناکرێت. فاکتەری سیستانی، هەڵوێستی سەدر، پەیوەندییەکانی گروپەکانی «مقاوەمە» لەگەڵ ئێران، هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی و توانای حکومەت بۆ کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەستی دەوڵەت، هەموویان بەشێکن لە یەک پاکيجی ئاڵۆز.

ئەگەر حکومەتی عێراق بتوانێت ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی هێمن، یاسایی و هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوەببات، لەوانەیە حەشدی شەعبی لە داهاتوودا زیاتر بگۆڕێت بۆ بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەڵام ئەگەر فشارە دەرەکییەکان، ململا‌نێی ئێران و ئەمریکا و کێشە ناوخۆییەکانی عێراق لە یەک خاڵدا کۆببنەوە، ئەوا پرۆسەی چەک‌ڕادەستکردن دەتوانێت لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشە، ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ململا‌نێی ناوخۆی عێراق.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی