واشنتۆن لەنێوان شکستی حەسمکردن‌و تەوزیفی قەیرانەکاندا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڤاڵ عارف

ئەو وێنانەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا دەیانبینین، پێمان دەڵێن لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی قەیرانە هەڵپەسێردراو و ململانێ بێکۆتاکان، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەک بۆ تێپەڕاندنیان بەدی بکرێت. لە دۆسیەی ئێرانەوە بگرە، بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ڕێککەوتن یان یەکلاییکردنەوەی نابینرێت، تا دەگاتە پەرەسەندنەکانی یەمەن و جموجوڵی حوسییەکان لەسەر گەرووی بابولمەندەب، کە جگە لە ئاڵـۆزکردنی ئاسایشی دەریایی و ناوچەیی، بوونەتە هەڕەشەیەکی ئەمنی بەردەوام و تەنگیان بە عەرەبستانی سعودیە هەڵچنیوە. لەوێشەوە بۆ گۆڕەپانی سوریا، کە هێشتا ناسەقامگیرە و ناوبەناو دەبێتە هۆی پێکدادانی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان، بەتایبەت لە نێوان هێزە ناوچەییەکانی وەک (تورکیا و ئیسرائیل). ئەمە جگە لە پرسی گروپە چەکدارەکانی عێراق و چەندین تەنگژەی دیکە، کە دۆخی گشتیی ناوچەکەیان خستووەتە بەردەم ئاڵنگاری جددی و چارەنووسێکی نادیارەوە.

لە بەرامبەر ئەم دیمەنە ئاڵۆزانەدا، هەڵوێستەکانی ئێستای واشنتۆن جێگەی تێڕامانن، لەم کاتە هەستیارەدا دۆناڵد ترەمپ و بەشێک لە بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی، لەگەڵ تەئکیدکردنەوە لە هەبوونی لێکتێگەشتن لەگەڵ حوسییەکانی یەمەندا ئاماژە بە دەرچون لە بازنەی ململانێکانی ئێران دەکەن پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە ٣ی نۆڤەمبەر یان دەستبەجێ لە دوایەوە، بێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکی جێگرەوە بۆ حەسمکردنی ئەم ئاڵۆزییە جەمسەرییەی ناوچەکە بخەنەڕوو.

لێرەدا دەگەینە خاڵی یەکتربڕینی قەیرانەکان لە ئێرانەوە بۆ یەمەن، لەبابولمەندەبەوە بۆ کەناری کەنداو، لە سوریاو عێراقەوە بۆ ئیسرائیل‌و تورکیاو لەهەمویانەوە بۆ پرسیارێکی گەورەتر، ئایا ئەمریکا لە ئیدارەدانی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی ئێراندا تووشی شکست بووە؟ یان ئەمە هەڵگری ئامانج و کۆدی شاراوەی دیکەیە؟

خودی پاشخانی مامەڵەکردنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پێمان دەڵێت، واشنتۆن لە هیچ هەل و مەرجێکدا  لەگەڵ سەقامگیری ڕەهای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبووە، بەڵکو هەمیشە کاری لەسەر ئاراستەکردن و تەوزیفکردنی جەنگ و ململانێکان کردووە و لە بەرژەوەندی خۆی ئیستیسماری بەو ئاڵۆزییانەوە کردووە، لەم پێناوەشدا، لەهەر قۆناغیکدا دۆخێکی مەترسیدار و بەرەیەکی گرژیی لە ناوچەکەدا هێشتوەتەوە، بۆ مامەڵەی سیاسی و سەپاندنی هەژمونی خۆی.

ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ئاماژە و لێدوانەکانی ئەم دواییانەی واشنتۆن بکەین، ڕون دەبێتەوە، کە کشانەوە لە مەلەفی ئێران و گۆڕینی سیاسەت بەرامبەر حوسییەکان، بە مانای پاشەکشە و چونە دەرەوە نییە لە هاوکێشەکان، بەڵکو تەنها تاکتیک و گۆڕینی ڕۆڵە لە گۆشەیەکی یارییەکەوە بۆ گۆشەیەکی دیکەی ستراتیژی، ئەم سینارێویەش، کە لە کرۆکدا (ئیدارەدانی قەیرانە لەبری چارەسەرکردنی)، فورمێکی نوێی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا نییە و ڕەگێکی قوڵی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هەیە.

محەممەد حەسەنەین هەیکەل لە کتێبی (الانفجار ١٩٦٧)دا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە قەیرانی ١٩٦٧ تەنیا شەڕێک نەبو، بەڵکو تەڵەیەکی ئەمریکی بو، بەو پێیەی واشنتۆن ڕاستەوخۆ قەیرانەکەی دروست نەکرد، بەڵام بە وردی ئیدارەی دا و وەک هەلێکی زێڕین قۆستیەوە بۆ تێکشکاندنی پرۆژەی نەتەوەیی جەمال عەبدولناسر، بە بڕوای ئەو، ئەمریکا چاودێری گەرمبونی قەیرانەکەی دەکرد تا لە ساتی گونجاودا گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیل هەڵکرد، بەمەش بەبێ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خۆی، تواناکانی ئیسرائیلی گەورە کرد و هاوسەنگی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتەواوی بە قازانجی خۆی گۆڕی.

بۆیە دوور نیە واشنتۆن هەمان سیناریۆی خستبێتە گەڕ بەڵام بە میکانیزم و ڕێوشوێنی جیاوازتر، ئەمە بە چ دەلیلێک؟  کرانەوە بەڕوی حوسییەکان و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ڕیاز بۆ لێدان لەو گروپە، زیاتر وەک ئامرازێکی فشار کاردەکات بۆ ملکەچکردنی سعودیە بۆ پڕۆژە هەرێمییەکەی تەلئەبیب، لەگەڵ ئەمەشدا، دەکرێت ئامانجی لەباربردنی(پەیماننامەی هاوبەشی سێ قۆڵی مەککە)یشی لەپشتەوە بێت هاوشێوەی تێکشکانی پرۆژە نەتەوەییەکەی جەمال عەبدولناسر، چونکە فۆرمەڵەبوونی هاوپەیمانییەکی هەرێمیی لەو شێوەیە لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا، لە دیدگای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەڕەشەیەکی ستراتیژییە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی نادرێت بەتایبەت، کە تورکیا وەک جەمسەرێکی سەرەکی ڕێککەوتنەکە، لە ململانێیەکی قووڵدایە لەگەڵ ئیسرائیل.

هێشتنەوەی پرسی ئێرانیش بە کراوەیی و بێ یەکلاییکردنەوە، لە بۆشاییەوە نەهاتووە و بەشێکە لە ستراتیژێتێکی گەورەتر، واشنتۆن دەزانێت حەسمکردنی قەیرانەکە پێویستی ناوچەکە بە چەتری ئەمریکا کەم دەکاتەوە، بۆیە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، بەردەوامی ئەم ئاڵۆزییە خزمەت بە سیاسەتی ئیدارەدانی قەیران و تەوزیفی ململانێکان دەکات، ئەمەش دەستێکی کراوەتر بە کۆشکی سپی دەدات بۆ سنوردارکردنی پەرەسەندنی ئەو هێزانەی هەوڵی بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆیان دەدەن، بەتایبەت سعودیە و تورکیا، تاوەکو هیچ کامیان نەبنە هێزێکی باڵادەست و سەربەخۆ لە هاوکێشەی ناوچەکەدا، بەواتایەکی ڕوونتر مەحاڵە ئەمریکا ئەو وەبەرهێنانە جیۆپۆلەتیکییەی لە قەیرانی ئێراندا کردوویەتی، بە دەستکەوتی کورتخایەن و بەرژەوەندی کاتی بیگۆڕێتەوە.

سەرئەنجام، پێدراوەکان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە نەخشەرێگەی ئەمریکا لەسەر یاسایەکی نەگۆڕ وەستاوە هیچ قەیرانێک یەکلا ناکرێتەوە، تاوەکو تەواوی دەستکەوتە ستراتیژییەکانی لێ نەچنرێتەوە و قەیرانێکی نوێش لە شوێنێکی دیکەدا ئامادە نەکرێت، بۆیە، بەکراوەیی هێشتنەوەی ئەم هەمو بەرە ئاڵۆزە لە یەک کاتدا و حەسم نەکردنی هیچ پرسێکیان، نیشانەی شکستی واشنتۆن نییە، بەڵکو زەمینەسازی و  ئامادەکارییەکی وردە بۆ سەوداو مامەڵەکردن بە کێشەکانەوە وەک کارتی فشار لە کات و شوێنی گونجاودا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە