ئەرێ چی بەسەر خەڵکی کوردستان هاتووە !!

1 کاتژمێر پێش ئێستا

محمد خۆشناو

برادەرێم هەیە زۆر زیرەک بوو پلەی کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغدای هێنا ، بەڵام حەزی لە هەندەسەی میکانیک بوو و ، دوای هەشتاکان چووە کەنەدا ، لەبەر ئەوەی ئەندازیارێکی میکانیکی زۆر زیرەک بوو کۆمپانیاکانی ئەوێ کێبڕکێیان بوو لەسەری و لە دۆخێکی دارایی زۆر باش دایە ، ماوەیەک لەمەوبەر بەسەردان هاتەوە هەرێمی کوردستان ، شاگەشکە بوو بە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری هەولێر لە باڵەخانە و پارک و باخچە و جادە و شەقامی هاوچەرخ و بەنداو…تاد.

سەردانی سلێمانی-یشی کرد بۆ لای هەندێک برادەری و ، بەر لەوەی بڕواتەوە هاتە ماڵمان و ، داواملێکرد کە بە یەکجاری بێتەوە هەولێر و ئەو بەهرەیەی هەیەتی لێرە تەرخانی بکات ، پێی گووتم : کورە ڕاستە هەرێمی کوردستان ئاوەدانکراوەتەوە ، بەڵام نەمزانی کوردستان دووچاری وەسوەسەی خانووبەرە و شوقەی زۆر و ڤیلای گرانبەها و نەمانی چینی ناوەند بووە ، ڕاستە هەرێمی کوردستان شەقامی جوان و فراوانی هەیە ، بەڵام ڕەفتاری خەڵکی لەسەر ئەو شەقامانە کارەساتاویە و تائێستاش هاژوشتنی ترومبێل گەورەترین مەترسیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ ئەوە جگە لە شکانەوە بەسەر یەکتری و جوێنی بە ئیشارەت ، وەک ئەوەی تۆ لە سێرک-ێکی نەتەوەیی بیت و حکومەت لە حالەتێکی نیمچە نەتوانینێک دابێت سەبارەت ڕێکخستنی مرور و بەزەڕوڕەت دان بە لێسەندنەوەی ئیجازەی ترومبێلە پەککەوتە و سەماکەرەکان-دا نەنێت ، هەروەها گووتی : مەترسیدارتر ئەوەی بینیم ئەوە بوو کە خەریکە بەخێرایی ئەخلاق دادەڕمێت ، درۆ و چڵێسی و قۆلبڕین و ساختە و دووڕیی « نیفاق » و ڕێزنەگرتنی وشە و مەوعید و ڕێککەوتن بۆتە ڕۆتینی ڕۆژانە لە غیابی ڕۆلی خێزان و قوتابخانە و زانکۆ و مزگەفت ، جارێ لە شوناسی زمانەوانی گەڕی کە زۆربەی گوندە هاوچەرخەکان بە زمانی ئینگلیزین و منداڵ و گەنجەکان ئەگەر بە دوو وشە بە کوردی بئاخفن ئەوەی تر بە ئینگلیزیە ، پێشی گووتم : زۆر خەفەتم خوارد کە بینیم کۆمەڵگا دابەش بووە و ناتەبایی و دووبەرەکی و پەرتەوازەیی باڵی کێشاوە و ناحەزانی خەنی کردووە کە زۆر بێهیوای کردم ، ئەوەشم بینی کە دینداریەکی بە ڕوالەت و تەدەخولکردن لە خسوسیاتی خەڵک و دابڕانێکی تەواو لەنێوان ڕيوڕەسمە ئایینیەکان و نێوان جێبەجێکردنی جەوهەری ئەخلاقی و بەهای ئایینی هەیە.

گوتیشی : ئەوەش سەیر بوو لام کە بینیم کە شێتاتیەکی سەمەرە بە سۆشیالمیدیا و ترێند و پڕوپاگەندە و بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە و ، هەستم بەوەش کرد کە کلتورێکی نوێ لە کوردستان سەریهەڵداوە ، ئەویش کلتووری خێرایی ، هەموو کەس ئەنجامی یەکسەر و فەوری دەوێت : قازانجی خێرا ، پلەبەرزکردنی خێرا ، سەرکەوتنی خێرا و خۆبەراودکردن لەگەڵ سەروی خۆی ، لەبەردەم هەموو ئەمانەدا بەهاکانی کۆن وەکو کۆڵنەدان و چونەپێشی هەنگاوبەهەنگاو و پابەندبوونی درێژخایەن ، وەک ئەوە وایە کە ئەمانە هی زەمەنێکی تربن و ، وا هەستمکرد ڕێساکانی گەمەکە گۆڕابن و چیتر کەفائەت و کارامەیی پێوەری یەکلاکەرە نین ، بەڵکو ئەوەی جێگەی گرتۆتەوە تۆڕی پەیوەندی کەسیە ، دواجار ئەو برادەرە بە خەمەوە ماڵئاوایی لە من و خێزانم و منداڵەکانم کرد و ، ئەو برادەرەم ئەوەی بۆ ڕوونکردینەوە کە ئێمە لەسەر لێواری خلیسکانێکی ترسناکی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاریی داین کە لەوانەیە بەهێزەوە لە ڕیشەی بنچینەیی بناغەی کۆمەڵگەی کوردستانی بدات ، لەژێر سایەی غیابی ڕێنوێنی میدیایی و داڕمانی ڕۆلی خێزان و قوتابخانە و دابەزینی کلتوور و ئەو ئەخلاقەی کە بەهۆی نەزانی و ئیرەیی و تەماحکاری و هەوڵدان بۆ پەیداکردنی ڕزق بە ڕێگای چەوت و چەوێڵ سەریهەڵدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی