حکومەت‌و وەزارەت‌و بەرپرسانی باڵا هەمویان قسەکەی ئێمە دەکەن، بەس بۆ ئەوان حەڵاڵ‌و بۆ ئێمەش حەرامە

47 خولەک پێش ئێستا

هاوکار عزت میکە

لەسەروبەندی موشەکباران‌و هێرشە ئاسمانی‌و درۆنییەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاوڕێیانم لەشارپرێس لەبەدواداچونێکی وردی ڕۆژنامەوانی‌و بەڵگەیی‌و پاڵپشت بەپشتڕاستکردنەوەی چەند لایەنی بەرپرس‌و فەرمی، هەواڵی ئەوەمان بڵاوکردەوە کە سیستمی بەرگریی هەرێمی کوردستان تەنها لەژێر هەیمەنەی هاوپەیمانان‌و بەتایبەت ئەمریکادایەو تەنها خۆشیانی پێدەپارێزن نەک خاکی هەرێم‌و هەولێرو سلێمانی.

ئەوکات کەوتینە بەر لێشاوێکی گەورەو فراوانی تەخوین‌و بەدژی ئاسایشی نیشتمانی‌و ئارامی ناوخۆیی تۆمەتبارکراین، لەسەر ئاستی باڵای حکومەت‌و حزبە فەرمانڕەواکانەوە داوامانلێکرا ئەو هەواڵە لابەرین، چونکە ڕاست نییەو زیانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەیە، بەڵام ئێستاو دوای تەنها چەند مانگێکی کەم، لەسەر ئاستی باڵاو لەزاری سەرۆکی حزبە فەرمانڕەواکان‌و سەرۆکی حکومەت‌و وەزارەتی پێشمەرگەوە، هەمان قسەی ئێمە دەکرێتەوەو ئاماژە بەوەدەکرێت کە هاوپەیمانان هیچ سیستمێکی بەرگریان نەداوەتە هەرێم‌و نەیانخستوه‌تە خزمەتی پاراستنی هەرێمەوەو ئەمەش بوەتە هۆی نیگەرانی‌و دوردۆنگی ئەوان‌و لەقسەکانیاندا زوو زوو دوبارەی دەکەنەوە، تەنها لەماوەی 24 کاتژمێردا لەسەر سێ ئاستی باڵا ئەم بابەتە باسکراوە.

سەیرە بۆ ئێمەی ڕۆژنامەنوس‌و دەزگا میدیاییەکان تابۆبێت باسی بابەتێکی وەها بکەین بۆ هۆشداریی‌و ئاگاداربون لەدۆخی ئەمنیی، بەڵام بۆ ئەوان ئاسایی بێت باس لەوەبکەن هەرکات‌و هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت ئاسمانی هەرێم ببەزێنێت‌و هیچ سیستمێکی بەرگریشمان نییە بۆ پارێزگاریی.

لەوانەیە بوترێت لەكاتێكدا ئەركی ڕۆژنامەنوسان تەنها ڕوماڵی كاری تەشریفاتی نییەو بەئاگاهێنانەوەو هوشیاریدانە، ئەوكات ئێمەش بەو ئامانجە وەك ئەركی ڕۆژنامەوانی‌و بەرپرسیارێتی مێژوی خۆمان ئەو زانیاریانەمان خستەڕوو كە دەكرا هیچ نەبێت گوشارێك بكرایە  تا هاوپەیمانان بۆ ئەوەی هەرێم وەك ئیستا لەبەردەم ئەم دۆخەدا بەجێنەهێڵن، بەڵام نە گوشارکراوە کارە ڕۆژنامەوانییەکەی ئێمەش وەک خۆی قبوڵکرا، نە ئەوان گوشارەکەیان کردو نە ڕێگەشیاندا ئێمە لەڕێگەی جوڵاندنی ڕای گشتییەوە ئەو گوشارە دروستبكەین.

باشە ئەم لێدوانانەی وەزارەت‌و بەرپرسانی یەکەمی حزب‌و حکومەت هاندەر نابن بۆ ئەوەی دوژمنانی کوردستان بیر لەوەبکەنەوە بۆشاییەکی ئەمنیی فراوان لەئاسمانی هەرێمەوە هەیەو دەتوانن زەفەری پێببەن‌و بیکەنە هۆکارێک بۆ لێدان لەهەرێم؟ باشە ئەگەر سبەی هێرشی ئاسمانی کرایەسەر هەرێم، ئەم بەرپرس‌و وەزارەتانە ناڵێن "ئەها قسەکەی ئێمە ڕاستبوو ئاسمانمان پارێزراو نییە"، لەبری ئەوەی بڵێن خۆمان ڕێگەمان پیشانی دوژمناندا، وەک ئەوەی جاران بەمیدیاکانیان دەوت ڕێگە پیشانی دوژمنان دەدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی