کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بە کوردستانیشەوە، تەنها کۆتاییهێنان
نیە بە ئامادەبوونی سەربازی ئەمەریکا؛ بەڵکو گۆڕانە لە هاوسەنگیی هێز لە عێراق و لە
تەواوی ناوچەکەشدا. هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی داعش، نفووزی هێزە چەکدارە
نزیکەکانی ئێران و هەژموون و دەستوەردانی زیاتری تورکیا و ئێران دایە و ، کەمبوونەوەی
پشتیوانیی بەرگریی ئاسمانی و دروستبوونی بۆشایی
ئەمنی مەترسیەکە گەورەتر دەکا ، بۆیە هەرێم پێویستیی زیاتری بە رێکخستنی ناوماڵی
خۆیی و بە ئەنجامدانی چاکسازیی جدی و بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ، لەگەڵ بەغدا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی
هەیە . ئەگەرچی من پێموایە ئەم کشانەوەیە تەنها کشانەوەی سەربازیی ئەمەریکایە، بەڵام
هەژموون و کاریگەریی ئەمەریکا بە شێوازی تر بەردەوام دەبێ .
ئەم ناوچەیە، بە کوردستان و ئێراق و بە سوریاشەوە ، بایەخ و گرنگی ستراتیژی بۆ ئەمەریکا و بۆ هاوپەیمانانیش
هەیە و بەو ئاسانیە جێی ناهێڵن؛ ئەوەی
روودەدا، گۆڕینی شێوازی وجودی ئەمەریکا و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمەریکایە
لە ناوچەکەدا ، لەهەمان کاتیشدا داڕشتنی نەخشەی نوێی وزەی جیهانی و بازرگانییە، نەک دەستبەرداربوونی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، ئەم کشانەوەیە، تەنها گۆڕانێکی
سەربازی نیە، بەڵکو گۆڕانە لە هاوسەنگی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنیی هەرێم و ئێراق
و ناوچەکەش. ئەمە قۆناغێکی نوێیە و پێویستی بە بەرنامە و نەخشەرێی نوێ هەیە، بۆیە
پەلەکردن لە یەکگرتنی تەواوەتی و کردەنی هێزی پێشمەرگە و هەموو هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی
تر ، پەلە کردن لە درووستکردنی حکومەتێکی یەکگرتووی
نیشتمانی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیە
دیپلۆماسییەکان و پتەوکردنی هاوسەنگانەی پەیوەندیەکانی
هەرێم لەگەڵ بەغدا ، لە ئەرکە لەپێشینەکانی هەرێمە.. هەرچەندە گومان لە هەر هەنگاوێکی
جدیی سەرانی دەسەڵات دەکەم بۆ خەمی نیشتمانی، بەڵام ئەگەر ئەمە نەکرێ ، لێکەوتەکانی ئەم کشانەوەیە
مەترسیدارتر دەبن و ئایندەی هەرێمێش نادیار.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی