چۆن هەرێمی کوردستان ، دوای ڕۆیشتنی هێزی هاوپەیمانان هەڵەکان بۆ بەهيزکردنی خۆی ڕاستدەکاتەوە ؟!

49 خولەک پێش ئێستا

محمد خۆشناو

ئەوە چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان دووچاری چەندین هەڵەی جۆراوجۆر بۆتەوە کە ئەو قەوارەیەی ڕۆژ دوای ڕۆژ پێ لاوازکردووە ، لاوازیەکەی وایلێکردووە کە ئاسان بێت بۆ کۆسپ دروستکردنی سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەکنیکی…تاد

لە لایەن مەرکەزێکی لاوازەوە بۆی و ، وڵاتانی ئیقلیمیش بە ئاسانی تەدەخول بکەن و بڕیارەکان بەسەر پایتەختەکانیان دابەش بکەن ، کە پێم وایە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەو لاوازیە لە ناوخۆیەتی بەتایبەتی لاوازی متمانەیە بە حزبەکان و دەسەڵات و خودی حزبەکانیش متمانەیان بە یەکتری نەماوە و هەڵەکانیش هەروا کەڵەکە دەبن کە دواجار ئەگەر وا بڕوات دەگەنە بنبەستێک مەحاڵە چارەسەر بکرێن ، کە هەمیشە ئەمانە هۆکاری سەرەکی داڕمانی ئیمپڕاتۆرەکان و وڵاتانن ، مەبەستم متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دامەزراوە ، نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات و حزبەکان ، ئەمانە بە گووتار بونیاتنانرێت ، بە یەک هەڵەکردنیش داناڕمێت ، لاوازی و نەمانی متمانە دەرئەنجامی ئەزموونی بچووکە کە لەسەریەک کەڵکە دەبێت ، بەڵێنێنێکە دەدرێت نایگاتێ ، بەمە هاوڵاتی ئەوە فێردەبێت کە ڕاستگۆیی دامەزراوە بەوەی دەیبینێت ، دەیپێوێت ، نەک بەوەی گوێی لێدەبێت ، ئەمە دەردە کوشندەکەی ناوخۆمانە نەک هۆکاری دەرەکی ، جا ئەوڕۆش دوای ڕۆیشتنی هێزی هاوپەیمانان ( بۆزانین ؛ سیستەمی بەرگری ئاسمانی و بەشێک لە مارێنزی ئەمەریکا لە هەولێر و بەغدا دەمێنن ) ، دوای ئەو ڕۆیشتنە هەرێمی کوردستان یان تاکە پارچە ئازادەکەی نیشتیمان ، فورسەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ بەخۆداچونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و گەڕاندنەوەی متمانە و هەڵسانەوە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و وەلانانی دووبەرەکی و بەرژەوەندی حزبی و سیاسی و کەسیی بۆئەوەی ببێتە هەرێمێکی بەهێز ، بڕوام وایە کە دوای ڕۆیشتنی هاوپەیمانان ، لەوانەیە بەروەڕووی تەحدیاتی ئەمنی و ، ئابووری و بەرهەمهێنانی مەرکەزیەتی نوێ بە ڕووخساری جیاواز ببینەوە ، کە من ئەوەندە ترسم لێی نیە ، چونکە ئەو مەرکەزیەتە لە عێراق تائێستا لاوازە ، ڕاستە بە ڕۆیشتنی هاوپەیمانان « ڕۆژی سەروەری عێڕاق » ڕاگەیەنرا ، بەڵام وێڕای بوونی میلیشیای چەکدار و بۆشایی ئەمنی و سیاسی ، ئەمە کەی سەروەریە کە تەواوی سەرچاوەکانی عێڕاق لەکن وەزیری خەزینەی ئەمەریکا بێت !! ئەوە ئەمەریکایەکانن دەستیان لەسەر پارەی نەفتی عێڕاقە ، پاشان وەزارەتی خەزینەی ئەمەریکا پارە بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخاندەکات کە ئەولەویەتن لەکن واشنتۆن ، کەواتە ئێمە هێشتاش دەتوانین ئەو لاوازیەی هەرێمی کوردستان بیگۆڕین بۆ بەهێزی ، هەر لە ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و چارەسەرکردنی برینەکانی ناوخۆ و تەنازولکردن بۆ یەکتری تا دەگاتە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت و گەڕاندنەوەی متمانە ، واتە متمانە لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵات ، نێوان وەبەرهێن و دامەزراوەکان و ، متمانەی نێوان کۆمەڵگا و ئاییندەی ، خودی متمانە بۆتە یەکێک لە سەرمایە گرنگەکانی ئابووری مۆدێرن و ، پێناسەکردنەوەی هاوڵاتیبوون ( المواطنة ) و ، هەروەها بۆ بەهێزکردنەوەی ئەو کوردستانە نابێت دامەزراوەی سەر کاغەزت هەبێت و ، دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکومەت و دادوەری نابێت ببنە پەیکەرێکی شکلی دوور لە سەربەخۆیی و لێپرسینەوە و ، پاشان کاتیەتی دەستوورێک دابنێین کە پێی پابەند بین.

لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر وەلانانی ئابووری لاواز و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ، پێویستە ئابووریەکی هەمەچەشن و کراوە بەروەڕوەی جیهان بونیاتبنێین و هەموو ئاسانکاریەکیش بۆ وەبەرهێنی بیانی بکرێت بایەخێکی زۆر بە گەشتوگوزار بدرێت بەمە ئابووری دەبوژێتەوە و هەلی کار دەستەبەر دەبێت و ، لەهەمان کاتدا پەیوەندیەکی دۆستانە نەک پاشکۆیی لەگەڵ دراوسێکانمان و پردێکی پەیوەندی بەهێزیش لەگەڵ بەغدا بنوێنین ، ئەگەر دەتەوێت ئەم کشانەوەی هاوپەیمانان بۆ لەدایکبوونی هەرێمێکی نوێ و بەهێز بگۆڕێت ، دەبێت بڕیارەکانی نیشتیمانیی بن ، کە بڕیار نیشتیمانی بوو خۆشەویستی بۆ نیشتیمان دەگەڕێتەوە و زۆر ڕاستگۆیانە دەبێت ، کە پێم وایە هەستی نیشتیمانی تاکی کورد و ، هەر ڕاستگۆ بووە و ڕەگداکوتاوە ، ئەوە هەڵەی حزبەکانن دایانمرکاندووە ، نیشتیمان هەرتەنها بە قسە و دروشم ناپارێزرێت ، کاتێک بڕیارەکان دەبنە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ، ئەوکات خەڵک نیشتیمان دەپارێزێت و بناغەی دادەنێت ، ڕاستگۆترین پێناسەی نیشتیمانپەروەری ئەوەیە کە پێش ئەوەی لە نیشتیمان بپرسیت ، لەخۆت بپرسە ، ئەوڕۆ ئەمن چیم کردووە ، بۆئەوەی ئەو نیشتیمانە هەندێک باش بێت و بەهێز بێت…..

بۆیە هەر دواخستنێک بۆ فورسەتی بەهێزکردنەوەی ئەو لاوازیەی هەرێمی کوردستان ، وادەکات دەستی ناحەزان واڵابکات کە بەکەیفی خۆیان و لەبەرژەوەندی خۆیان هەڵیسووڕێنن و لەدواجار دایبڕمێنن ، شەڕی دادێی ئێمە ئەوە نیە چ چەکێکمان پێیە بۆ پارێزگاریکردن لە سنوورەکان ، بەڵکو لەسەر ئەوەیە ، کە هاوڵاتی کێیە ؟ ئەو کوردستانە هی کێیە و چۆن وابکرێت کە دەسەڵات ملکەچی قانون بێت ؟! ئێمە تا ئێوارە باس لە سەربەخۆیی خۆمان بەرانبەر ئەوانی تر دەکەین ، بەڵام ئەگەر تۆ پشتت بە خۆراک و دەرمان و داهات و پارە و سیاسەتی ئەوانی تر بەست ، بە چ مانای ڕاستەقینە تۆ سەربەخۆی و سەروەریت هەیە !! جیهان لە ماوەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوو زۆر گۆڕاوە ، چیتر هەرتەنها هێزی سەربازی سەرچاوەی نفوز نین ، بەڵکو توانای ئابووری و دارایی و تەکنۆلۆژیا و پشت بەخۆبەستن بونەتە بنچینە کە سەروەری ڕاستەقینەی لەسەر بونیاتدەنرێت ، کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو سەرچاوانەی هەیە ، ئێستاش خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی بە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردا دەڕوات ، کە داواکراوین دەبێت هەموومان هاوکاری یەکتری بکەین و ، ئەمە دوا زەنگی مەترسیە کە دبێت خۆمان ڕێکخەینەوە و ئامادەبین بۆ ئەو قۆناغە گەرداوەی کە بەسەر ناوچەکە دێت !!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی