خاڵی وەرچەرخانی شکستی عەرەبی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (بۆچی عەقڵییەتی عەرەب شەرم لەهیچ ئەزمونێکی مێژویی ناکات)
لەحوزەیرانی ساڵی 1967دا سوپای ئیسڕائیل شکستێکی وێرانکەری بە میسر و ئەردەن و سوریا و وڵاتەکانی تری عەرەبدا هێنا، کە لە مێژوودا بە شکستی عەرەبی حوزەیرانی ساڵی 1967 ناودەبرێت. کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە تا ئەم ڕۆژگارەش هەستیان پێدەکرێت.
مێژونوسان باش جەمال عەبدولناسری سەرۆکی ئەوکاتەی میسریان وەبیردێت کە سوپای میسر، هەروەها سوپای ئەردەن و سوریاشی دژی ئیسڕائیل خستە ژێر زەنگی ئاگادارییەوە.
ئەو خۆی بە پاڵەوان و ڕزگارکەری "نەتەوەی عەرەبی" دەزانی و پێی وابوو، کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لەناو دەبات و جووەکان لە وڵاتی خۆیان وەدەردێنێت و لە جێگەی ئەواندا عەرەبە فەڵەستینییەکان هاوردەی شاری پیرۆزی قودس دەکات.
خەونی پیاوێك، کە لە جەنگی حوزەیرانی ساڵی 1967دا بەهەدەر چوو، لێ ئەو دەیخواست نەتەوەی عەرەب لەژێر کاریگەری کۆڵۆنیدا دەربهێنێت و "نەتەوەیەکی عەرەبی یەکگرتوو" بەدەسبهێنێت، چ خەونێکی خۆشی ئەو بوو، جووەکان جارێکی تر ڕووبەڕوی هۆڵۆکۆسێکی تر بکاتەوە. چ تەوس و گاڵتەجاڕییەك بوو، خەونەکەی ئەو لە ماوەی شەش ڕۆژدا بە فیڕۆ چوو. هەر لە ڕۆژی یەکەمی هێرشی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر میسر، شکستی سوپای میسری زۆر بە ڕوونی دەرکەوت.
لەبری ئەم خەونە سوپاکەی لە پێنج مانگی حوزەیرانی ساڵی 1967دا، لەکاتژمێژی هەشتی بەیانیدا، گەورەترین شکستی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بەسەرهات. جەمال عەبدولناسر پاش سێ ساڵ بە جەڵتەی دڵ دەمرێت، وەك دەڵێن لە ئەنجامی "دڵێکی شکاو"ەوە، تەمەنی تەنها 52 ساڵ بوو. ئەو هێندە لە خۆی و سوپاکەی ڕازی بوو، کە بتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا خەونەکانی بەدیبهێنێت، وەلی خەیاڵی خاو بوو، هەڵەی لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا کرد.
ئەو بۆ ئەم مەبەستە دانیشتوانی گوندەکان لەجوتیارو کرێکار وەك یەدەگێك بۆ جەنك دیاریکردبوو کە ئامادەییان بۆ مەشقی سەربازیی نەکردبوو.
دیارە جەمال عەبدولناسر بیری لە دەرئەنجامەکانی ئەم جەنگە دژی ئیسرائیل نەکردبۆوە، کاتێك داوایان لە سەربازەکانی یوئێن (UN) کرد، سنوورەکان بەجێبهێڵن. میسرییەکان بەکارمەندێکی باڵای یوئێنیان وتوبوو، نیگەران مەبە سبەی لە تەلئەبیب پێکەوە نانی بەیانی دەخۆین.
ئەمە هەر مێژووی دۆنخیشۆت و لەخۆباییەکانی مێژوومان وەبیر ناخاتەوە، بەڵکو مێنیاڵیتی و عەقڵییەتی نەتەوەی عەرەبمان بۆ ئاشکرا دەکات، کاتێک کە خۆیان بە هێز و زلهێز دەزانن پێیان وایە مرۆڤەکانی دەوریان هێندە لاوازن، کە بە پێڵاوەکانیان سەرکوتیان بکەن، پێچەوانەکەشی زۆر ڕوونە، کە لە کاتی تەنگانەدا داوای یارمەتی و پاڕانەوە و "بۆ خاتری خوا و پێغەمبەرەکەیان" دەکەن. عەبدولناسر هێزە سەربازییەکان و دانیشتوانە هەژارەکەی میسری کردە قوربانی لوتبەرزی و لەخۆباییبوونی خۆی.
هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو هانی مەلیك حسەینی ئەردەن و سوپای سوریاشی دا، پشتیوانی لە پلانەکەی بکەن. هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر شەقامەکان چەپڵە و هوتافیان بۆ جەمال عەبدولناسری سەرۆکی ئەو کاتەی میسریان لێدەدا، بەعێراقی عەرەبیشەوە.
هەموو شانازیان بە جەمال عەبدولناسرەوە وەك ڕێخەری یەکگرتنی نەتەوەی عەرەب دەکرد. پڕوپاگەندەی وڵاتە عەرەبییەکان دژی ئیسڕائیل و جووەکان هێندە بەهێز و کاریگەر بوو، کە جووەکانی ئەوروپا لە ڕوخانی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەترسان.
فشەو فیشاڵی وڵاتانی عەرەبی هێندە بەرزو سەیروسەمەرەبوو کە وایان بۆ جیهان دەردەخست کە ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان نامێنێت و جوەکانیش لەو دەڤەرە ئاوارە دەکەن و هەڵیاندەدەنە دەریاوە.
ئیسرائیلیش هەلی مێژوویی خۆی بەهەدەر نەداو جەنگەکەی لەبەرژەوەندییەکانی خۆیدا کردە جەنگی بەرگریی دژی توانەوەی جووەکان، ئیسرائیل کە ئاگاداری ئەم پلانەی جەمال عەبدولناسرو وڵاتانی دیكهى عەرەبی بۆوە، کەوتە خۆئامادەکردنی سوپاکەی لەهەموو بەرەکانی جەنگدا.
لیڤی ئەشکۆڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی ئەوكاتى ئیسرائیل هەوڵیدەدا ئەم جەنگە ڕوونەداتو بەشێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەربکرێت، ئاخر ئەو دەیزانی ئەو جەنگە چ وێرانکەرییەك بۆ هەردولایەن دەخوڵقێنێتو سوپای ئیسرائیلیش چەند بەتوانایە، بەڵام لایەنی جەمال عەبدولناسرو وڵاتانی تری عەرەب بەمە ڕازینەبوونو نەشیاندەتوانی لەبڕیارەکەیان پاشگەزببنەوە.
ئەوکاتەی وڵاتانی عەرەبیو سوپاکانیان هەڕەشەیان بەلەناوبردنی ئیسڕائیل دەکرد، سوپای ئیسڕائیل زۆر بەتەدبیرو هزری کۆنکرێتەوە ئەم هەڕەشانەی وەردەگرتو پلانەکانیان بەنهێنی هێشتەوەو هیچ گومانێکیان لەسەرکەوتنی خۆیان نەدەکرد، دواتر کە ناکۆکییەکان پەرەیانسەند، ناچار لیڤی ئەشکۆڵ دەستبەرداری وەزیری بەرگریی دەبێت، چونکە ئەو نەیدەویست ترسی گەلەکەی لەجەنگ پشتگوێبخات، دانیشتوانی ئیسرائیل داوایان لەلیڤی ئەشکۆڵ دەکرد ژەنەڕاڵێکی سەربازیی بکاتە وەزیری بەرگریی، بۆیە ئەویش بڕیاری دا، موشە دایان بکرێتە وەزیری بەرگریی.
سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 1967، لەبەرەبەیانی 5ى 6ى 1967دا، فڕۆکەکانی سوپای ئیسڕائیل هێرشێکی چاوەڕواننەکراویان کردەسەر سوپای میسری، لەوکاتەی میسرییەکان سەرقاڵی نانی بەیانی بوونو تەنانەت سیاسیو ناودارەکانی میسریش ئاگاداری ئەم هێرشە نەبوون.
مەبەستی ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئیسڕائیل لەناوبردنی هەموو هێزەکانی بەرگری ئاسمانی میسر بوو، کە لە ڕاستیشدا لە ماوەیەکی کورتدا بە ئەنجامیان گەیاند.
مارشاڵ ئەمیری کۆماندۆی سوپای میسر تازە خۆی ئامادە دەکرد بچێتە ناوچەکانی "سینا" بۆ ئامادیی جەنگێك، کە پێشتر لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەستی پێکردبوو. هیچ کۆماندۆیەکی سوپای میسری لەو باوەڕەدا نەبوو، ئیسڕائیل لەو ماوە کەمەدا سوپای میسری بهێنێتە لەرزە.
بەمشێوەیە هەموو هەلەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنگ مەحاڵبوون. لەماوەی سێ کاتژمێردا هەموو هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی میسر لەلایەن هێرشەکانی ئاسمانی ئیسرائیلەوە تێکشکێنران، دواتر وەك ئاشکرابوو، سوپای میسر خۆی بۆ ئەم هێرشە ئامادەنەکردبوو، پاش یەك کاتژمێر هێزەکانی سوپای ئیسڕائیل بەرەو ناوچەکانی "سینا" دەجوڵێن، لەپاش لەناوبردنی هێزی ئاسمانی سوپای میسری هیچ شانسێك بۆ سوپای میسری نامێنێتەوە، بەرگری لە هێرشەکانی ئیسڕائیل بکات. سەرباز و ئەفسەرەکانی سوپای میسری خۆیان لە بەرەکانی جەنگ دەکێشنەوە، بەبێ ئەوەی کەسێك ئاگاداری دانیشتوانی ناوچەکە بکات، سوپای میسری چ زیانێکی مێژوویی پێ کەوتووە.
دانیشتوانی میسریش لەم کارەساتە ئاگادار ناکرێتەوە، کە چ زیانێکی گەورە بەر وڵاتەکەیان کەوتووە. جەماوەر میسری گەرموگوڕنو لەسەر شەقامەکان سەما دەکەنو هوتافی سەرکەوتن بۆ خۆیانو سەرۆکەکەیان دوبارەدەکەنەوە، ئاخر دانیشتوانی میسر ئاگادار ئەو شکستانەی وڵاتەکەیان نەکرابوون.
ئەمە چ مەهزەلەیەکی مێژوویی عەقڵییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی مێنتاڵیتی عەرەبە، کە ڕووداوەکان و ڕاستییەکانی مێژوو بە ئارەزوی خۆیان هەڵدەگێڕنەوە.
سەیر لەوەدایە، کە گەورەترین شکستی مرۆڤی و ئەخلاقی و ئابووری وڵاتێك لەبەر چاوی جیهاندا بە سەرکەوتن دەفرۆشرا، ئەمە کارەساتەکەیە، ئەمە کارەساتی مێنتاڵیتی عەرەبە کە واقعی ڕووداوەکان بەئارەزوی خۆیان دەشێوێنن، کاتێك سەربازە بەندکراوە میسرییەکان لە گۆڕەپانی جەنگدا گەڕانەوە، بێ ئەوەی یەك سەرباز لەلایەن سوپای ئیسڕائیلییەوە بکوژوێت، ئەوجا گەلی میسر بۆی ڕوون دەبێتەوە، چ کارەساتێک بەسەر ئەو گەلەدا هاتووە.
جەمال عەبدولناسر ناتوانێت لەوە زیاتر ڕوداوەکان بشارێتەوە، کە سوپاکەی چ کارەساتێکی بەسەرداهاتووە، ناچاردەبێت لەمیدیاکانی وڵاتەوە دانیشتوانی میسر لەڕوداوەکانی حوزەیران ئاگاداربکاتەوەو شکست و دۆڕانی جەنگەکەی بەئاشکرا دەربخات.
گرفتو گرێکوێرەی ئەم مێژوە لەوەدایە کە ئیدی بەدوی ئاگادارکردنەوەیان لەم دۆڕانە سەدان هەزار هاوڵاتی میسری دەچنەسەر شەقامەکانو بەهوتاف دڵخۆشی سەرۆکەکەیان دەدەنەوە کە پێشتر دڵی تەنگو شکاوە.
هوتاف لەکاتێکدا، کە وڵاتەکەیان خەڵتانی خوێن کراوە و سوپاکەیان شکێنراوە و گەلەکەشیان هەژارتر و ماڵوێران کراوە. ئەمە مۆڕاڵی مێنتاڵیتی و عەقڵییەتی عەرەبە، کە بە داخەوە تا ئەم ڕۆژگارەش لەسەر هەمان ئەقڵیەتە و پڕۆسەی مێژوویی بەردەوامە (کاتێك بەهێز دەبن شمشێرەکەیان دەردەهێنن و ملت دەبڕن و پێڵاوەکانیان دەخەنە دەمتەوە، کاتێکیش لاواز و بێهێز دەبن دەکەونە پاڕانەوە و قورئانەکەیان دەردەهێنن و دەڵێن بۆ خاتری ئەم قورئانە، کە خۆشیان باوەڕیان پێی نییە).
شەش ڕۆژ جەنگ، هەزاران مرۆڤ لە پێناوی خۆبەزلزانی و لوتبەرزی جەمال عەبدولناسر و هاوپەیمانە عەرەبەکانیدا بوونە قوربانی ئەم جەنگە و زیانێکی گەورەی لە دارایی و گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتێک دا، کە لەژێر هەژاری و بێدەرەتانیدا دەیناڵاند.
ئێستاش پاش نزیکەی 70 ساڵ تارمایی دێوەزمەی ئەم جەنگە بەسەر ناوچەکەدا دیارە، 70 ساڵ تێپەڕییو هەمان مێنتاڵتیو عەقڵییەت بەسەیاندا زاڵە، بەڵی، دواتر سەدام حسێن-یش هەمان هەڵەی مێژویی دوبارەکردەوەو خۆی بەڕزگارکەری "ئوممەی عەرەبی" دەزانیو دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی خستە نێو چەند جەنگێکی کوشندهو گەورەترین زیانی بەگەلەکانی ناوچەکە گەیاند، ئایا ئێمە، بەکوردیشەوە، لەم ئەزمونە مێژوییانەوە فێرنەبوین؟
هانۆڤەر
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی