بەپێچەوانەی قسەكانی عەلی زەیدی عێراق كێشەی كەمی داهاتی نیە قەرزە ناوخۆییەكان پێماندەڵێن كێشەی نەختینەی دینار هەیە نەك داهات، ئەمە بە دابەزاندنی بەهای دینار چارەسەرنابێت و ئازارشكێنێكی كاتیە و با سەرنجی داتاكانبەین بزانین ئایا كێشەی كەمی داهات هەیە؟
مانگی ئاب (هەشت)
عێراق 73 ملیۆن و 687 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەكردوە كە تێكڕا رۆژانە 2 ملیۆن و 377 هەزار بەرمیل دەكات*، تێكڕای نرخی نەوتی برێنت 91 دۆلاربوە ئەگەر عێراق بە داشكانی 72 دۆلار فرۆشتبێتی** داهاتی مانگی ئاب دەگاتە 5 ملیار و 306 ملیۆن دۆلار، بە دۆلاری 1,300 دیناری 6.9 تریلیۆن دینار ئەكات ئەمە نزیكە لە خەرجی موچە كە 7.7 تریلیۆنە*.
داتای مانگی ئەیلول (نۆ)
عێراق رۆژانە 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە كردووە***، واتە تەواوی مانگەكە 81 ملیۆن بەرمیل نەوت دەكات، تێكڕای نرخی نەوتی برێنت 102 دۆلاربووە ئەگەر عێراق بە داشكانی 85 دۆلار فرۆشتبێتی داهاتی هەناردەی نەوت دەگاتە 6 ملیار و 885 ملیۆن دۆلار، بەدۆلاری 1,300، ئەوا داهات 9 تریلیۆن دینار دەكات ئەمە زیاترە لە خەرجی موچە كە 7.7 تریلیۆن دینارەو بە داهاتی نانەوتیەوە زیاترە لە تەواوی خەرجی حكومەت كە 10 تریلیۆن دینارە****
داتاكان پێماندەڵین داهاتی عێراق نابێتە كێشە هەروەها یەدەگی دراوی قورسی عێراق كە نزیكەی 80 ملیار دۆلارە پاڵپشتیەكی باشەو بەكارهێنانی تا ئاستی 40 ملیار دۆلار تەندروستە، لەگەڵ بنەماكانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی دەگونجێت، بۆیە دەتوانین بڵێین عێراق كێشەی نەختینەی دیناری هەیە ئەو قەرزە ناوخۆییانەی كردویەتی بۆ دەستخستنی دیناری وشكە بووە نەك نەبونی داهات بە دۆلار، كە بەهۆی كۆتوبەندەكانی گەنجینەی ئەمریكا ناتوانێت ئەو دۆلارەی دەستیئەكەوێت لەبازاڕەكانی عێراق بفرۆشێت و تەنها لەڕێگەی حەواڵەو گەشتیاریو كارتەكان دەتوانێت دۆلار بگۆڕێتەوە بە دینار.
لەبری دابەزاندنی بەهای دینار بە رێژەی 15% چاپی نوێی دینار بە دیزاینێكی نوێ یان لابردنی سفر رێكارێكی خێراو كەمتێچوو ئەبوو چارەسەری نەختینەی دینار و كۆنترۆَڵكردنی دەكرد
ئەمە تەنها داهاتی هەناردەی نەوتە، داهاتی نانەوتی كە نزیكەی 2 تریلیۆن دیناری مانگانەیەو***** داهاتی فرۆشی نەوت لە ناوخۆ و بەرهەمە نەوتیەكان هەژمار نەكراوە كە پێكەوە زیادەی لە خەرجیەكان هەیە، هەروەها نەوتی عێراق لەو نرخانە زیاتر بووە دیاریمكردووە بەتایبەت هەناردە لەرێگەی جەیهانی توركی لەسەرو برێنت فرۆشراوەو نەوتی مامناوەندی بەسرە نرخێكی باشیكردووە
مانگی هەشت
هەناردەی نەوت بەرمیل:73.687.617، نرخی برێنت ٩١$، نرخی نەوت عێراق 72$، داهات بە دۆلار 5.305 مليار، داهات بەدینار 6.9 تريليون دينار، خەرجی موچە بە ترلیۆن دینار 7.7 ترليون دينار، کۆی خەرجی حکومەت، موچە و خەرجی تر 10 ترليون دينار
مانگی نۆ:
هەناردەی نەوت بەرمیل:81.000.000، نرخی برێنت 102$، نرخی نەوت عێراق 85$، داهات بە دۆلار 6.885 مليار، داهات بەدینار 9 تريليون دينار، خەرجی موچە بە ترلیۆن دینار 7.7 ترليون دينار، کۆی خەرجی حکومەت، موچە و خەرجی تر 10 ترليون دينار
*راپۆرتی كۆمپانیای سۆمۆ بۆ مانگی ئاب
**لێدوانی بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ
***لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق لە 8 ی ئۆكتۆبەر
****وتەی سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان لە 8ی ئۆكتۆبەر
*****وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان: داهاتی نانەوتی لە 11% بۆ 19% تێكڕای داهات بەرزبۆتەوە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی