عەرەب بۆ نزیکی سەد ساڵ چیرۆکێکی درۆینەیان بۆ سەلاحەدین
داڕشتووە. چیرۆکێک کە زۆرینەی کورد بڕوای پێکردووە و لە ئەنجامدا یەکێک لە مەزنترین
سەرکردەکانی کورد و جیهانی لێ نامۆ بووە.
لە سەردەمی خۆیدا، سەلاحەدین بەشێکی بەرچاوی سەرچاوەکانی
بۆ شەڕی عەرەب تەرخان کردبوو و تەنانەت قەڵای تایبەتی بۆ چاودێری هۆزە عەرەبییە چەتەکان
دروستکردبوو. ئەوەش لەبەر دژیاتەیکردنی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە کە
عەرەبەکان لەو سەردەمەدا خەریکی چەتەگەری و سوود بینین بوون لە جەنگی نێوان سەلاحەدین
و خاچهەڵگرەکان و زیانی گەورەیان لە سەلاحەدین و دەوڵەتەکەی دەدا. ئەوان زانیاری گەورەترین
قافڵەی سەلاحەدینیان بە پارە فرۆشت بە ڕیچارد شێر دڵ و لە ئەنجامدا گەورەترین زیانیان
بە سەلاحەدین و دەوڵەتەکەی گەیاند. کاری لەو جۆرە چەندین جار لەلایەن عەرەبەکانەوە
کراوە.
عەرەب خەڵکی جەزیرەی عەرەبین و تۆماری ڕوونمان هەیە کاتێک
کە سەرەتا سوپاکەیان دەگەنە دیمەشق. نزیکی حەفتا ساڵ پێش هاتنی ئەوان گردی کوردان لە
نزیک دیمەشق تۆمارکراوە و تا ئەمڕۆش ماوە. کە دەشێت ناوەکە هەزار ساڵ پێش هاتنی عەرەبیش
هەر هەبووبێت و تەنانەت سەرچاوەی ئیسلامی هەزار ساڵ لەمەوبەر، کوردی شام بە کۆنترینی
کوردان دادەنێن.
سەرەڕای ئەوە، لەو ڕۆژەوە کە هاتوونەتە ئەوێ، ئەوان لەو ناوچانەدا
هەر خەریکی ڕاوو و ڕووتن و لە ژێر ناوی دینیشدا عەرەبگەری خۆیان دەکەن. هەر لەسەر ئەم
ڕێچکەیە، لەم ماوەیەدا بەچکەکانی بەنو ئومییە، سەرەتا پەیکەرەکەی سەلاحەدینیان شێواند
و ئێستاکە بە تەواوی بڕیان داوە لایبەرن. ئەوەش بە بەهانەی چاکردنەوە و دۆزینەوەی شوێنێکی
باشتر بۆی. بە دڵنیایی ئەگەر داشبنرێتەوە، ئەوا شوێنێک دەبێت بە دڵی بەچکە داعشییەکانی
بەنو ئومییە بێت.
سەلاحەدین گەورەترتن سەرکردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، خەسڵەتی
مرۆڤدۆستیی ئەو کردوویەتییە داستانێکی مەزنی
وێژەی ئەوروپی و جیهان. سەرەڕای ئەوە، لەژێر ئەم نووسینەدا دەشێت دەیان جنێوی ناشرین
بە زمانی کوردی ببینیت بەرامبەری. هۆکارەکەشی ئەوە نییە کە کورد بزانێت جنێو بەکێ دەدات،
بەڵکو ئەو جنێو بە کەسێکی درۆینەی دروستکراو دەدات کە سەد ساڵە لە هزریدا کراوەتە کەسێکی
عەرەبی یان تەنها موسوڵمانێک کە لە خزمەتی عەرەبدا بووبێت.
هۆکاری نووسینی پەرتووکێک لەسەر سەلاحەدین، هەوڵێکی من بوو
بۆ ئەوەی کە چارەسەری ئەو دەردە بە ئازارە بکەم. هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی کە بەشێکی بەرچاوی
تاکەکانی کورد جارێکی تر بە هزرێکی نوێوە و لەسەر بنەمای بەڵگە خۆیان بچن بزانن ئەم
پیاوە کێ بووە پێش ئەوەی کە حوکمی بەسەردا بدەن. بۆ ئەوەی کە بزانن چ سەردەیەکی مەزنیان
لەخۆیان نامۆ کردووە. بەداخەوە تاکو ئێستا هێڵە باوەکە بەردەوامە لەسەر دژایەتی کەسایەتییەک
کە عەرەب لە هزری کورد دا بۆی دروست کردووە.
سەرەڕای سەدەیک لە درۆی عەرەبی بەناوی سەلاحەدینەوە و هەوڵی
بەعەرەبکردنی، ئەوا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە سەلاحەدین خزمەتی عەرەبی نەکردووە و ئەو
خاوەنی دەوڵەتی کوردی ئەیوبی بووە. هەر لەبەر ئەوەشە پەیکەرەکەی لادەبەن. بە داخەوە
عەرەبەکان خەریکی عەربگەری خۆیانن و کوردیش خەریکی برایەتیییە لەگەڵیان، دەمێک بە ناوی
دینەوە و دەمێکیش بە ناوی ئینتیگراسیۆنەوە کە هەردووکیان هەمان ئەنجامیان هەیە.
خۆزگە جگە لە پەیکەرەکەی، مەزارگەکەشی لە چنگی بەچکەکانی
بەنو ئومییە دەربهێنرایە و بگەڕێنرایتەوە باوەشی کورد لە شارێک لە باشور. سەلاحەدین
لە شاری دیمەشقی داگیرکراوی عەرەبدا نامۆیە و ئەوانیش بە نامۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
تا ڕۆژێک زووتر تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە زیاتر ئارام دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی