ئایا دوازدە سوارەی مەریوان شەڕی براکوژی بووە؟

1 کاتژمێر پێش ئێستا

د. مەجید ساڵح

لەشیکاریی ڕووداوە مێژووییەکاندا، یەکێک لە هەڵە هزرەیی و میتۆدییە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ڕووداوەکانی ڕابردوو بە چەمک، پێوەر و هۆشیاریی سیاسیی سەردەمی ئێستا لێکبدەیتەوە. حسابکردنی ڕووداوێکی مێژوویی وەک «دوازدە سوارەی مەریوان» کە سالی ١٧٢٠ روویداوە بە «شەڕی براکوژی» لەسەر بنەمای چەمکی نەتەوەیی، نموونەیەکی بەرچاوە لە پەیوەستنەکردنی رووداو بە هەلوومەرجی زەمەنی و کۆمەڵایەتیی خۆی. لە سەردەمی روودانی داستانی دوازدە سوارەی مەریواندا (کە هاوکات بوو لەگەڵ ململانێکانی میرنشینە کوردییەکان و ئیمپراتۆریەتەکانی ناوچەکە)، چەمکی «نەتەوە-دەوڵەت» (Nation-State) و هۆشیاریی هاوبەشی نەتەوەیی بە مانای هاوچەرخ بوونی نەبوو.

سیستەمی سیاسیی ئەو زەمەنە بەتەواوی لەسەر بنەمای "سەروەریی خێڵ، میرنشین، و پاراستنی بەرژەوەندیی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان" بەڕێوە دەچوو. بۆ درککردن بەم هاوکێشەیە، دەکرێت ئاوڕێک لە مێژووی دەسەڵاتداری لە ئیمپراتۆریەتە دراوسێکان و ناوچەکەدا بدەینەوە: یەکەم: ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (تورک): دەسەڵاتی سیاسی ئەوەندە ئامانجێکی ڕەها بوو کە بۆ ڕێگری لە پێکدادان و پاراستنی تاج، پەنا دەنرا بڕیاری خوێناوی. بۆ نموونە، سوڵتان محەمەدی سێیەمی عوسمانی (Sultan Mehmed III) لە ساڵی ١٥٩٥ی زاینیدا، بەپێی بەندەکانی "یاسای کوشتنی براکان"، لە یەک ڕۆژدا ١٩ برا و کوڕی خۆی خنکاند و پاشانیش دەستووری دا بە کشتنی کوڕە گەورەکەی خۆی (ئەمیر مەحمود).

ئایا ئەمە «شەڕی تورک لەگەڵ تورک» بوو، یان ململانێی پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی؟ دووەم: دەوڵەتی سەفەوی و قاجاری هەردوکیان تورک بوون کەچی یەکتریان قەتڵو عام دەکرد. سێیەم: لە ئیمپراتۆریەتی سەفەویدا، شاکانی وەک شا عەباسی یەکەم منداڵەکان و براکانی خۆی کوێر دەکرد یان دەیکوشتن لە ترسی لەدەستدانی تەختی پاشایەتی. چوارەم: خەلافەتی مێژوویی ئیسلامی (عەرەب): لە دەستپێکی خەلافەتی عەباسیدا، دوای ڕوخاندنی ئەمەوییەکان، نەک هەر نەوەی عەرەبی ئەمەوی بۆتکیان بڕایەوە، بەڵکو گۆڕی خەلیفەکانی پێشووی ئەمەویش هەڵکەندران و ئێسقانەکانیان سوتێنران تا ئاسەواریان نەمێنێت. پێنجەم: ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست: شەڕە خوێناوییەکانی ئینگلتەرا (وەک شەڕی گوڵەکان) و شەڕی سەد ساڵەی نێوان فەرەنسا و ئینگلتەرا تەنها ململانێی خێزانی و بنەماڵەیی بوون لەسەر تاج، نەک شەڕی نەتەوەیی. بۆیە لێکدانەوەی رووداوەکانی وەک دوازدە سوارەی مەریوان و ململانێی میرنشینە کوردییەکان بە چەمکی «براکوژیی نەتەوەیی»، سڕینەوەی سیاقی مێژوویی و تێنەگەیشتنە لە سروشتی دەسەڵاتداریی سەدەکانی ناوەڕاست و پێش مۆدێرنێتە. ئەو شەڕانە شەڕی سنووری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و خێڵەکی بوون، و بەکارهێنانی پێوەرەکانی سەدەی بیست و یەک بۆ دادگاییکردنی مێژووی سەدەکانی ڕابردوو، میتۆدێکی ناسۆسیۆلۆژی و دوورە لە زانستی مێژوو. حەق نییە هەرکەس هەڵسێ و خۆی بکات بە زانستێکدا کە زۆری پێی ناشکێ..







ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە