ئەوەی لە فەڕەنسا روودەدات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا

ئەم گرژییانە ئەنجامی کەڵەکەبووی گرفتی کرۆنیکن. قوتابیان لە ١٩٦٨ە بەوە راهاتوون بە ئاسانی بێنە سەرشەقام، ئەگەر جاران دۆخی ئابووری فەڕەنسا لەو پەڕی باشیدا بوو، بەڵام قوتابیان داوای ئازادی زێدەتریان دەکرد، کەچی ئەمڕۆ فەڕەنسا یەکێکە لە وڵاتە هەر شکستخواردووەکانی ئەوروپا، ئەگەر رێژەی تێکڕای گەشەسەندن لە ئەوروپا 1,1% ئەوە لە فەڕەنسا تەنها 0,4%.
کەمی مامۆستا، پڕبوونی پۆل، نوقسانی لە بەڕێوەبردن، زۆربوونی کاتی مانەوە لە قوتابخانەکان بەشێکن لە هۆکاری ناڕەزاییەکان، بەڵام، رەنگێکی سیاسیی هەموو دیمەنەکە دەشارێتەوە.
ساڵی ئایندە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێ، بە ئەگەری زۆرەوە پارتەکەی مارین لوپێنی راستڕەوی پەڕگیر بەرامبەر بە پارتەکەی مێلانشۆ دەبێتەوە، چەپڕەوی پەڕگیر. ئەم گرژییانەی ئێستا نیشانەکانی ئەو دۆخە سیاسییە نوێ/کۆنەشمان بۆ ئاشکرا دەکەن.
جەنگی ئۆکرانیا داهاتێکی زۆری ئەوروپا هەڵدەلووشێت، وێڕای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە، وایکردووە کە هەڵاوسان هەموو ئەوروپا، بەڵکو هەموو جیهان بگرێتەوە. هەژاریی بووە بە دیاردەیەک لە فەڕەنسا، بەرامبەر بەم هەژارییەش، دەوڵەمەندیی زل و زەبەلاح پەیدابوون، بە واتایەکی دیکە، نایەکسانی کۆمەڵایەتی دەگاتە ئاستێک کە ئیدی چەتەکانی ناوشار هەموو هەلێک و گردبوونە و رێپێوانێک دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی جامخانە و دەڕابەی دوکان و کۆگانی کەلوپەلی مارک بشکێنن و فەرهوودی خۆیان ئەنجام بدەن، زۆربەی زۆری ئەم گەنجانە، منداڵی ئەو پەراوێزخراوانەن کە تەنها لە رێگەی ئەم کارە ناڕەوایانەوە بژێوی خۆیان دابێن دەکەن، زۆبەیان خەڵکی باکووری ئەفەریقا و وڵاتانی ئەودیوی بیابانی گەورەن.
دیاردەیەکی نوێی ئەم گرژیانە هەڵکوتانە بۆ سەر شارەوانییەکان و دوێنێ تەلاری شارەوانی لیمۆژ کە وەک دەگوترێت پێش ١٤٠ ساڵ پێش ئێستا دروست کرا، بە تەواویی بوو بە زوخاڵ، بەرگەی دوو جەنگی جیهانی گرت، کەچی لە نێو ئەم گرژیانەدا، بورجەکەی وەک بورجی کاتێدرالی نۆتردام ئاگری گرت. ئەمە هەڵکشانی تەنگژەکانە و لە رەمزەکانی فەڕەنسا دەدرێت : شارەوانی، پەیکەرەکانی ژان دارک، دامودەزگای دیکە. لە یەکێک لە دیمەنەکان سەرپۆش دەخرێتە سەری پەیکەری ژان دارک و هەڵواسینی ئاڵای فەڵەستن بە ئەسپەکەیەوە.
پشتەوەی ئەم رووداوانە کاری تیرۆریستین کە بۆی هەیە رێباز و رێکخراوە ئیسلامەوییەکان دەستیان تیایا هەبێت، چونکە، لە زۆربەی ئەم رێپێوانانە ئاڵای فەڵەستینییەکان بەرزدەکرێنەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ناڕەزاییەکانی قوتابیانەوە نییە. هەروەها بەرکەوتەی چەپ و راستڕوەکانیش دەستیان هەبێت لە گرژکردنەوەی زیاتری دۆخەکە...ئەگەر کێشەی فەڵەستین رەوایەتیشی هەبێت، بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ناڕەزایی قوتابییانەوە نییە!
جاران دەیانگوت ئەڵمانیا سەرمای بێ فەڕەنسا تووشی پەتا دەبێت، رەنگە ئەمجارە پەتاکەی فەڕەنسا وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش بگرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی