نەفرەتێک 62 ساڵ تەمەنییەتی‌و تائێستاش درێژەی هەیە

49 خولەک پێش ئێستا

هاوكار عزه‌ت میكه‌

ناکۆکی‌و شەڕو ململانێی نێوان مەلا مستەفا بارزانی‌و باڵی مەکتەب سیاسی بەسەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد، لەساڵی 1964وە دەستیپێکردوەو مێژویەکی درێژو بەردەوامی تائێستای هەیەو هەمومان ئاشناین بەبەشێکی ئەو مێژوەو دەست‌و پەنجەمان لەگەڵ لێکەوتەکانی نەرمکردوە، بەڵام ناوەڕۆک‌و وردەکارییەکەی پێموایە هێشتا بەشاراوەیی ماوەتەوەو پێویستە وردە وردە دەربکەوێت.



دکتۆر مەحمود عوسمان لەدوتوێی سێ بەرگدا کتێبی بیرەوەرییەکانی نوسیوەو بڕیاروایە لەڕۆژانی داهاتودا بڵاوی بکاتەوە، بەسوپاسەوە کۆپیەکی گەیشتوه‌تە دەستم‌و لەچەند ڕۆژی ڕابردودا زۆ بەوردیی‌و تامەزرۆییەوە بەشێکی زۆریم خوێندوه‌تەوە.

دکتۆر مەحمود عوسمان یەکێک لەسیاسییە دێرینەکانی گەلی کوردەو لەسەرهەڵدانی یەکەم شۆڕش‌و بزوتنەوەی کوردییەوە بەشێکی سەرەکی‌و کاراکتەرێکی دیارو خاوەن پێگەبوەو زۆرباش شارەزای ئەو مێژوەیە کە ئەمڕۆی لێ بەرهەمهاتوە.

ئەو زۆر بەڕاشکاوانە لەکتێبەکەیدا باسی لەڕوداوەکان کردوەو هەردوو دیوی ئەرێنی‌و نەرێنی تۆمارکردوەو هیچ هەوڵینەداوە خۆیی‌و کەسانێک کە خۆی پێی خۆشبێت بکاتە پاڵه‌وان‌و ئەوانی دیكه‌ بکاتە ئەهریمەن‌و دوژمن‌و پیاوکوژ، بەڵکو لەهەندێک جێگەدا ڕەخنەی توند لەهەڵوێستی سەردەمێکی خۆیی‌و هاوڕێ نزیکەکانیشی دەگرێت.

ئەوەی بۆ من جێی سەرنج بوو، ئەو مێژوە تاڵەیە کە ئەمڕۆی پڕ له‌ناکۆکی‌و دووبەرەکی‌و ناوماڵی کوردیی لێ بەرهەمهاتوە، بەشێکی زۆری کتێبەکەی دکتۆر مەحمود عوسمان بریتییە لەباسکرد لەو ناکۆکی‌و دوبەرەکی‌و دوژمنایەتیەی کە لەنێوان مەلا مستەفاو ئیبراهیم ئەحمەدو مام جەلالدا هەبوەو دواتر  شۆڕبوەتەوە بۆ نێوان کاک مەسعود بارزانی‌و مام جەلال‌و دواتریش کوڕەکانیان‌و ئەوەی ئێستا دەیبینین کە تەرخانکردنی ئەم بەشە زۆرەی کتێبەکەش هۆکارەکەی ئەوەیە بەشێکی گەورەی مێژوی 65 ساڵی ڕابردومان هەر ئەو ناکۆکی‌و دوژمنایەتیە داگیریکردوە.

ئەوەی دکتۆر مەحمود عوسمان باسیکردوە بەڕاستی جێگەی شەرمەزارییە بۆ گەلێک کەدوو حزب‌و سەکردە حوکمڕان‌و بڕیار بەدەستی چارەنوسی بوبن کە هێندە ناکۆکبوبن‌و تاسەر ئێسقان هەوڵی تواندنەوەی یەکتریان دابێت.

دکتۆر مەحمود زۆر بەوردی هەموو ئەو مەوقیف‌و هەڵوێستیانەی تۆمارکردون کە بەهۆی ناکۆکی‌و دژایەتی ئەم سەرکردانەوە لەگەڵ یەکتر چ چانسێمان لەدەستداوەو چۆن نەمانتوانیوە وەک گەلێک بەئامانجەکانمان بگەین، زۆر جوان باسی ئەوکاتانەی دەکات کە لەلایەن شاندو بەرپرسانی وڵاتان‌و گەورەو بچوکەوە چۆن شەرمەزاربوین‌و ئەم سەرکردانە لەبری دەستکەوتی گەورە، عەیبەو عاریان بۆمان هێناوەتەوە.

ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕێک درێژکراوەی ئەو مێژوە ناشیرین‌و تاڵ‌و پڕ شەرمەیە کە باوکەکان بۆ کوڕەکانیان‌و ئەوانیش بۆ نەوەکانیان جێیانهێشتوە، مێژویەک کە هیچکات ناتوانین بەمێژوی پرشنگدار بیناسێنین.

( پێکەوە ئامادەنەبون شاندی ئەمریکا ببینن، ئامادەنه‌بون پێکەوە بچینە ناو فڕۆکەیەیەوە، لەیەک هۆتێل هەریەکەو لەنهۆمێک بون بەس ئامادەنه‌بون نانێكى بەیانی پێکەوە بخۆن، هەرکامیان دەستی بگەیشتایه‌ بەوڵاتانی دەرەوە، ئەوی دیكه‌ى وەک وڵاتفرۆش‌و خیانەتکار دەناساند...... هتد)



خیانەت‌و یەکتر فرۆشتن‌و کوشتن‌و ئاوارەکردن‌و ناوزڕاندن‌و تا دەگاتە جنێوی کەسی‌و پاکتاوی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی، بەشێکن لەو دوژمنایەتیەی کە دکتۆر مەحمود باسیان دەکات لەنێوان هەردولادا لە 62 ساڵ پێش ئێستاوە دەستیپێکردوەو تائێستاش بەردەوامی هەیە.

پێمخۆشە کە کتێبەکە کەوتە بازاڕەوە بتوانن بیخوێننەوە بۆ ئەوەی هێندە ئومێدو هیوا بەعەلاگەی ئەم حزبانەدا هەڵنەواسن‌و پێمانوانەبێت لەڕێگەی ئەم سیاسیی‌و حزبانەوە دەتوانین داهاتوو بونیادبنێین، چونکە مێژومان پرە لەبێزراویی‌و هەڵوێست‌و کاری ناپەسەندو نامرۆڤانە دژ بەیەک.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی