ڕوداوەکانی فەرەنساو چەند سەرنجێک

46 خولەک پێش ئێستا

گۆران هەڵەبجەیی

لە چەند ڕۆژەی ڕابردوودا،زۆرێک لە شارەکانی وڵاتانی  ئەوروپا بە تایبەتی فەرەنسا، پەشێویان تێکەوت و خرۆشاونێکی بەرفراون هێمنی ئەو شارانەی تێکدا. ئەوەبوو بەهەزارەها خوێندکار،مووچەخۆر،خاوەن کاری گچکە هاوڵاتی ئاسایی، بۆ خۆپیشاندان ڕژانە سەر شەقامەکان .

وەک ئاماژەم پێدا ئەم خۆپیشاندانانە  لە لایەن  خوێندکاران و مامۆستایان و مووچەخۆرانەوە بەڕێوەچوون،هۆکاریش گرانی خەرجیاتی خوێندن،کەم کردنەوەی مووچەی مووچەخۆران،گرانی بازار ودابەزینی توانای پاشەکەوتکردن بوو . لەحاڵەتی وادا  حەقێکی مەشروعی ئەو توێژانەیە بۆ ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات لەدۆخی دژواری ژیانیان و دەستەبەرکردنی بەشێک لە درووشمەکانیان بە ڕێگەی شارستانی و هێمنانە هەمووجۆرە ناڕەزاییەک بگرنە بەر لەنێویاندا خۆپیشاندان  . 

ڕاستە دەمێک لە  وڵاتە  پێشکەوتووەکاندا  خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت هەموو کات بە پێی پلانی ڕێکخەران کۆتایی نایەت، زۆرجار کۆمەڵێک گەنجی گێرەشێوێن خۆیان دەخزێننە نێو خۆپیشاندەرانەوەو بەدرووشمی دوور لە واقیع و ڕێکەوتن ڕەوشی خۆپیشاندانەکە دەگۆرن و بەلارێیدادەبەن.

مەبەستی ئەم ئاژاوەچیانە لەدووخاڵدا کۆدەبێتەوە،یەک دەشی نەیاری لایەنی ڕێکخەرانی خۆپیشاندەرانبن ،ئیدی لایەنی سیاسی بێت یا لایەنی ناسیاسی،بۆچوونی دووەم ئەوەیە کە درووستکراوی دەسەڵاتدارانبن و بۆ تاوانبارکردنی لایەن یا لایەنەکانی سازکەری ئەوچالاکیە ،تا مەرام و ئامانجی چالاکیەکە لەباربەرن. 

ئەوەی لە فەرەنساو ئیتالیا ڕوویاندا جیاوازبوو ،جیاوازیەکە لەوەدابوو کە ئەو {ئاژاوەچیانە} تایبەت بوون بە ژینگەیەک کە هەرگیز بڕوایان بەکاری مەدەنی ودیموکراتی نیە.دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە زۆری ئەو گەنجە (تاڵانچیانە) ئامانجیان دەربڕینی ناڕەزایی نەبوو،هاوسۆزی نەبوو لەگەڵ خۆپیشاندەران ، بەڵکو ئەو ڕەوشەیان بە دەرفەت زانیوە بۆ تاڵانی و وتنەوەی دروشمی ئیسلامی.

گەر بەرچاوتان کەوتبێت هەندێک لەگەنجە مسوڵمانەکان لە زۆر شوێن تەکبیریان لێدەدا یاخود دەست بەقورئانەوە درووشمی ئیسلامیان دەگووتەوە تا ئاستی بانگەواز بۆ جێبەجێکردنی شەریعەەتی ئیسلامی لەو وڵاتەدا.

من ناڵێم تەڵانچیەکان تەنها مسوڵمان بوون،بێگوومان فەرەنسی ڕەسەنیشیان تێدابووە بەڵام بەڕێژەیەکی زۆرکەم،چونکە بە وردبوونەوە لە خاوەنی سیماکان ئاشکرادەبوون کەسەربە چ ئەتنیکێکن.

ئەمانوئیل ماکرون چاوەڕێی ئەو دەرفەتەی دەکرد تا کینی خۆی بەرامبەر چەپ ئاشکرابکات،ئەوەتا خێرا گەنجانی چەپی فەرەنسی تاوانبارکرد بە هەوڵدان بۆگۆڕینی دەسەڵات لەفەرەنسا لەڕێگەی تاڵانی و تووندووتیژیەوە، گرنگە لەمەودوا هەر لایەنێک خۆپیشاندان ڕێکدەخات ئاگاداری ئەو ئاژاوەچیانەبن دەنا لەکۆتایدا لەبری پێکانی ئامانج ،بە ئاژەوەگێڕ تاوانباردەکرێن.

ئەو گەنجە مسوڵمانانەش دەبێ تێببگەن کە بە ئاژاوەو تاڵانی و وتنەوەی درووشمی ئیسلامی هیچیان دەست ناکەوێت بەڵکو  لەوانیە سزای زیندانی یا ناردنەوەیان بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی تاتوون چارەنووسیان بێت،کەواتە پێویستە لەسەریان ڕێز لەیاساو دەستوورو کەلتووری ئەو وڵاتانە بگرن کە دەرگیان بۆیان کردوەتەوە و ژیانێکی باشتری پێبەخشیون کەلەوڵاتەکانی خۆیاندا زۆر شاددەبوون گەر بەخەویش بیاندیایە نەک بەواقیع.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی