پاشەکشەی دیموکراتی، کۆسپی بەردەم دۆزی کورد

59 خولەک پێش ئێستا

فارس نەورۆڵی

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی لە دەستپێکی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا، دروشمی سەرەکیی "دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی (خودموختاری) بۆ کوردستان" بوو؛ چونکە کێشەی کورد بەهۆی واقیعی دابەشکردنی کوردستان و هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەوە، تەنیا توانای بەرزکردنەوەی دروشمی دیموکراتیی هەبوو. 

ئەگەر لە عێراق یان هەر وڵاتێکی دیکەدا کە کوردی تێدایە سیستمێکی دیموکراتی هەبێت، کورد توانای بەدەستهێنانی لایەنی کەمی ئازادییەکانی دەبێت و سیستمەکەش لە تۆتالیتاریزم دوور دەکەوێتەوە.

بۆیە تەنیا چەمکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە کورد سوودی لێ وەرگرتبێت یان سوودی لێ وەربگرێت، دیموکراتییە. ئەگەر باڵادەستیی چەمکی دیموکراتی لە سیستمی جیهانیدا نەبووایە، ئێمە لە باشووری کوردستان نەماندەتوانی حکومەت دروست بکەین و سیستمی فیدراڵیش لە عێراقدا بکەینە دەستووری.

خۆ ئەگەر کەموکوڕییەکیش هەبێت، ئەوا لە چەمکی دیموکراتیدا نییە، بەڵکو لە لاوازی و ناواقیعیی بیرکردنەوەی سیاسیی هێزە سیاسییەکانی کوردستاندایە. دیموکراتی تاوانبار نییە کە وا دوو ساڵە هەڵبژاردن کراوە و کورد هێشتا ئەوەندە پێگەیشتنی سیاسی نییە تا لە واقیعی سیاسی تێبگات؛ چونکە سیاسەت لە دەرەوەی واقیعبینی، بەرەو هەڵدێرمان دەبات.

بۆیە پێویستە بە هەر نرخێک بێت کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت .ئەگەرچی دواش کەوتووە، بەڵام وەک دەڵێن: "زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە، قازانجە." بۆیە بیرکردنەوە لە هە ر ئەگەرێک لە دەرەوەی دیموکراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن، دەیان دەرگای دەستێوەردانی هەرێمی و دەرەکی زیاتر لە ئێستا دەکاتەوە. لەبەر ئەوە، دەبێت هەموو هێزەکان بزانن کە سەرەڕای هەر کەموکوڕییەک لە پەیڕەوکردنی هەڵبژاردن و دیموکراتیدا، پاشەکشەی دیموکراتی واتە پاشەکشەی دۆزی کورد.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی