لەبەرچی درەختی دیموکراسیەت لەكن ئێمە ناڕوێت ؟!

5 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو


 لە کۆنەوە پڕنسیپەکانی دیموکراسی لە ئەسینا-ی یۆنانیەکان دەستیپێکرد و ، سەرەتای جێبەجێکردنەکەشی  لە سەدەی حەڤدەم پێشوەختە  لە بەڕیتانیا و دوای فەترە خوێناویەکە  ڕوویدا ، دیموکراسی دیاردەیەکی نوێیە پەیوەستە بە دەوڵەتی ناسیۆنالیستیی ، دیموکراسی لە ڕۆژئاوا - ئەوروپا و ئەمەریکا سەرکەوتووبو ، چونکە پێش نزیکەی هەزار ساڵ لە گۆڕانکاری ووردە ووردە بەرەو ماف و ئازادەیەکانی تاک و گشتی  هاتە ئاراوە  کە ئەمە ژێرخانی هەر گواستنەوەیەکی دیموکراسی سەرکەوتووە ، ئەگەر سەیری وڵاتانی جیهانی سێیەم بکەین کە بوونێکی دیکتاتۆری یان نیمچە دیکتاتۆری-یان لەگەڵ بەرگێکی بە ڕواڵەتی نیمچە دیموکراسی-یان هەیە ، ئێمە باسی لای خۆمان نەکەین  ، بەڵکو با بێین باسی گەلێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و خاوەن مێژوو وەک  یەکێتی سۆڤیەت  بکەین ، لەبەرچی ئەو وڵاتە نەگواستراوەتەوە بەرەو دیموکراسیەت و ڕوبەڕووی قوڕسایی ئابووری بووەوە و ، لە ساڵی 1991 یەکێتی سۆڤیەت بزربوو و  دەوڵەتی ڕوسیای لێمایەوە  ، بەڵام دیموکراسیەت بەدینەهات بەهۆی مێژووی درێژی دیکتاتۆری هەر لە ڕۆژانی قەیسەرەکانەوە بگرە تا دەگاتە سەردەمی  ستالین ، بۆیە ئابووری سۆڤیەت بەدەست دەیان گیروگرفتی گەورەوە  ناڵاندوێتی و ، پاشانیش هەڵکشانی ژمارەیەکی زۆر لە هێز و سەرکردەکانی حزبی شیوعی بۆ لووتکەی دەسەڵاتی نوێ بە سەرۆکایەتی فلادیمێر پۆتین و ، لە فەترەی گوستنەوەشدا « واتە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ڕوسیا » گەندەڵیەکی زەبەلاح کرا کە  تێیدا ڕوسیای شیوعی  بووە خاوەن ژمارەیەکی زەبەلاح لە میلیاردێر کە پارەکانیان بۆ دەرەوە ئاودیو کرد ، ئەگەر ئێمە بێن باسی ئەو ناوچەیەی خۆمان بکەین کە ئایا دیموکرسیەت بۆی دەگونجێت ؟ جارێ هەر لەگەڵ تەقینەوەی بەناو بەهاری عەرەبی کە لە کۆتایی دەیەی یەکەمی سەدەی بیستویەک ڕوویدا ، دیموکراسی و ئەوانەی بانگەشەیان بۆدەکرد ، بووە ئامرازێکی  وێرانکەر بۆ دەوڵەتەکان و کۆمەڵگاکان و تەقینەوەی ململانێکان ، وەرە سەیری سوریا ، لیبیا و یەمەن و سودان و پێشتریش عێراق بکە بزانە لە سایەی سەری دیموکراسی چیان بەسەرهات !! ئەوانەی بانگەشە بۆ گواستنەوەی نموونەی هێنانی  حوکمی دیموکرسی ئەوروپا بۆ ئەو ناوچەیە و ئاسیا دەکەن ، دەبێت جیاوازی کلتووری و مێژوویی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەو کۆمەڵگایانەدا لەبەرچاو بگرن ، بیرمەند و فەیلەسوفی فەڕەنسی « دو مۆنتسیکۆ » لە کتێبی « روحی قانونەکان » دا کە لە ساڵی 1748 دەرچووە دەڵێت : ( پەرسیەکان parthes -  واتە خەڵکی خۆراسان ، تەحەمولیان نەکرد ئەو پاشایەیان هەبێت کە  لەنێوخۆیانەوە لە ڕۆما گەورە بوبێت کە میهرەبان بوو و دەرگاکانی بە ڕووی هەمووان بە کراوەیی دەهێشتەوە ، بۆیە پێی قەڵس بوون و بەسەر پاشادا هەڵگەڕانەوە ، چونکە بە ئازادیەکی وا حوکمی دەکردن کە ئەوان لێی ڕانەهاتبوون ، ئازادی بۆ ئەو گەلانەی کە لەسەری ڕانەهاتوون بەرگەیان ناگرێت ، چۆن چێژ لەو ئازادیە وەردەگرن کە ئەزموونیان نەکردووە ، ئەمانە ئازادی زیانیان پێدەگەیەنێت ، هەروەکچۆن هەوایەکی تازە و نەرم زیان بەوکەسانە دەگەیەنێت کە ڕاهاتوون لەسەر هەناسەدانی هەوای چڵپاو ) ، لە ڕۆژهەڵات -وڵاتانی عەرەبی و چین و ڕوسیا و هەموو ئاسیا-مافەکانی بە کۆمەڵ بنچینەیە و سەقامگیرە ، بەڵام ئازادی تاکەکەس بیرۆکەیەکی فریاکەوتنە و لە ڕۆژئاوا ئیستیراد کراوە ، بۆیە دیموکرسی لەکن کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان یان شکلیە وەک هیندستان و ژاپۆن و ئێران و وڵاتانی عەرەبی یان پڕکۆسپە وەک ڕوسیا ، یان موستەحیلە وەک چین ، مەزنترین دەستکەوتی دیموکراسی ڕۆژئاوا ئەوەیە؛ کە حاکم وەک هەر مرۆڤێکی تر مرۆڤێکە ، بە هەڵبژاردنی خەڵک حوکم دەکات ، بە قانونێک حوکم دەکات کە گەل دایناوە نەک بەو قانونەی کە خۆی دایناوە ، بە دەستورێکی پابەندکراو  حوکم دەکات نەک بەو دەستورە گەمەیەی کە هەر کاتی بیەوێت و بە کیفی خۆی دەستکاری بکات ، حاکم لە ڕۆژئاوا  سەروەری باڵایە بەڵام ملکەچی قانونە ، لە دیموکرسی ڕۆژئاوادا  شتێک نیە بەناوی ئەوەی دادگا و دادوەری بکەوێتە ژێر فشاری دەسەڵاتی جێبەجێکار ، نموونەی سەرکردەی دیموکراسی بۆ دەوڵەت   مانای ئەوە نیە کە دەسەڵات بریتی بێت لە دەوڵەت یان بریتی بێت لە میللەت یان ببێتە بەدیلی گەل ، بەلکو مانای ئەوەیە کە دەسەڵات دان بە مافی گەل بنێت لە هەڵبژاردنی ئەوەی حوکمی دەکات و دەسەڵات دەگرێتەدەست و بڕیار لەسەر چارەنوسی گەل دەدات و ، کاریگەری لەسەر بژێوی ژیان و ئەمنیەت و ئازادی و ماف و کەڕامەتی تاکەکەسی و شکومەندیە نیشتیمانەکەی دەبێت ، بۆیە زۆرترین نموونەی سەرکردەی سەرکەوتوو و سەقامگیر ئەوکەسەیە کە بە یەقینی بڕوای بەوە هەیە کە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە و خاوەنی سەروەرەی و هەر ئەویشە خاوەنی نیشتیمانە ، گەل خاوەن سەروەریە و حکومەت لەکن« ئەو » ئیش دەکات نەک پێچەوانە ،  هەروەک « هارولد لاسکی » لە کتێبی « ئازادی لە دەوڵەتی نوێدا »  دەڵێت : نەک حکومەتی خزمەتکاری گەل بگۆڕێت بۆ حکومەتی بێباکی گەل و ئیسغلالکردنی گەل کە شکستی هەڵبژاردنی بەدوادادێت ، دیموکراسیەت پێویستی بە دوو شت هەیە : خاک و مێژوو کە ئێمە هەردووکیمان لێکەمە، مرۆڤ لە ڕۆژئاوا نزیکەی هەزار ساڵ تێکۆشا بەرلەوەی دیموکراسی بەدەستبێنێ ، خەباتیکرد لە پێناوی کەڕامەت و یەکسانی و ئازادی و ویژدان و ڕۆشنکردنەوەی عەقل و بیرکردنەوە ،  بەرەنگاری  زیاتر لە دەسەڵاتێک بووەوە کە دەیانویست ڕوناکی ژیان بەناوی ئایین یان بەناوی نیشتیمان بکوژێننەوە ، سەرکردەی دیموکراسی ئەو کەسە نیە لەبەردەم شاشەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن نمایشی دەنگدان لەسەر سندوقی هەڵبژاردن بکات  ، بەڵکو ئەوکەسەیە یەکەم : ئەو بیرۆکەیە قبوڵدەکات کە مونافسی هەبێت و دان بە مونافیسەکانی و هەق-یان بنێیت لە پێشبڕکێکردنیدا بێ ئەوەی ڕێگریان لێبکات یان تەخوینیان بکات یان برینداریان بکات لە نیشتیمانپەروەریان ، دووەم : قبوڵی ئەو بیرۆکەیەش بکات کە گەل مافی هەیە لە موحاسەبەکردنی دەسەڵاتدارانی و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتی گشتی لەئەستۆدەگرن و کاریگەریان لەسەر بژێوی گەل هەیە ، کێبڕکێ و لێپرسینەوە دوو تایبەتمەندی دیارن کە سەرکردەی دیموکراسی پێی جیادەبێتەوە کە لەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین بونی نیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی