خێڵ بەو پێیەی تاکەکانی لێکنزیکی خوێنی، خزمایەتی پێکەوەیان دەبەستێ، پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی زۆر بەهێز لە نێواندا هەیە. بۆیە دەبینرێ بە رامبەر بە تۆڵەی خوێنی، سنوری موڵکایەتی، حوکمداری و تەنانەت تا پاراستنی پاوەند بۆ مەڕوماڵات شێلگیرانە داکۆکی دەکەن، دژی هەمو دەستدرێژیەک وەستاونەتەوە، ئیتر ئەم دەستدرێژیە لە لایەن خێڵی هاونەتەوەوە بوبێت یان نەتەوەیەکی تر. لە مێژودا لە ناو خێڵەکانی کورد لە قۆناغی خۆیدا نمونە زۆرن، کە چۆن خێڵ بۆ پاراستنی خۆی پەنای بۆ بێگانە بردوە و شەڕی یەکدیان کردوە.
ئەگەر ئەم خێڵگەراییە بۆ قۆناغی خۆی پاساوی هەبوبێ، بەڵام نەنگیە و کەموکوڕیەکی گەورەیە لەم سەردەمە و لە سایەی دەسەڵاتی دو حیزبی کوردی خۆ بەدیموکراتخواززانی وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بیری خێڵەکی و خێڵ سەرهەڵبداتەوە و زیندوبێتەوە. ئەم دو حیزبەش زەمینەسازی بۆ بکەن، حزبە ئیسلامیە سیاسیەکانو خۆ بەسۆشیالیستزانەکانیش زیاتر جۆشی بدەن، دەهۆڵی بۆ بکوتنو لەسایەیدا پاروی چەور بخۆن هاوشانی ئایین بازرگانی پێوەبکەن.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم بۆ ئێستا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین دەیان دەوڵەت و دەوڵەتۆکە دامەزرا،لەوانە تورکیا و وڵاتانی عەرەبی. سەرانی کوردیش سەرەڕای هاتنە پێشەوەی چەندین دەرفەتی جیاجیا بەڵام نەیانتوانی هەمان هەنگاوی دەسەڵاتدارانی نەتەوەکانی تر بنێن. راستە دەسەڵاتدارانی نەتەوە سەردەستەکان دژی کورد و کیانەکەی وەستاونەتەوە، وڵاتانی رۆژئاوا لە دوا قۆناغدا لە پشتیوانیکردنی کورد ساردبونەتوە، بەڵام هۆکارە سەرکیەکەی پێکهاتەو سەرانی کورد خۆیانن، چونکە کاتێ رۆژئاوا یان هەر وڵاتیکی ناوچەکە بتوانێ لە رێی سەرۆک خێڵەوە هەژمونی خۆی بەسەر مێللەتدا بسەپێنی و جڵەوی بکا ئیدی چ پێویستی بە حیزب، یان بونی حکومەت هەیە.
هۆکارێکی تر هەر لە هۆکارە ناوخۆییەکان بریتیە لە هەڵگیرسانی بزوتنەوە چەکداریەکانی کورد لە پارچەکانی کوردستان لەسەردەمی جیاجیا، یان ئیماراتی خیڵەکی. ئەگەر ئەم گروپانە شەڕی یەکتریشیان نەکردبێ ئەوا نەیانتوانیوە یەک بگرن، یان دوژمنی یەکتر بە هی هەموان بزانن. جگە لەمەش پەنابردن بۆ دوژمن و بون بە کەوا سوری بەر لەشکری دوژمن کە ئێستا بێشەرمانە پەنای بۆدەبەن و بوە بە بەشێک لە کەلتوری سیاسی حیزب.
لە ناوەڕاستی سەدەی رابردو بە دواوە هەردو پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی لەسەر دەستی کەسانی رۆشنفکر و نەتەوە پەرستەوە دامەزران، موخابن ئەم دو حیزب هەمو ئەو هەنگاوانەی دژ بەیەکیان گرتەبەر کە لە سەردەمی ئیمارات و خێڵەکاندا هەبو: شەڕی ناوخۆ، پەنابردن بۆ دوژمن و ملشکاندنی یەکتر.دواجار ئەم دو حیزبە گەڕانەوە سەر شێوازی خیڵەکی پۆشراو بە بەرگی نوێ. هەر لە دوای 1991 بۆ ئێستا ئەم دو حیزبە رۆڵی گرنگیان هەبوە لە زیندوکردنەوەی بیری خیڵەکی و بە هێزکردنیان. لەم روەوە بارودۆخی ئێستای هەرێم و دامەزراوەکانی دەیسەلمێنن کە:
1ـ وەک دوو خێڵی قین لەدڵو قین هەڵگری باوک کوژە سیاسەت دەکەن.
2ـ لەبەرئەوەی شەڕی لە مێژینەی سەرانی ئەم دو حیزبە و نەوەکانیان بنبڕ و تەواو نەکراوە ، دەبینین لە دامەزراوەکانی حکومەت بەردەوامە.
دەڤەری کەرکوک و بیری خێڵەکی
لە هەندێ دەڤەری هەرێم ئەگەر تا دوێنی هەست بە مانەوەی پاشماوەکانی بیری خێڵەکی کرابێ، ئەوا لەم سەردەمە بەڕادەیەک لە برەودایە، لێرەو لەوێ هێند بە دەسەڵاتن، بونە بە هەڕەشە لەسەر دامەزارەوەکانی هەرێم بە تایبەتی دامەزاروەی دادوەری و عەقڵی حیزب و لایەنە پرشنگدارەکانی دابونەریتی کوردەواری.
لەکەرکوک ئەگەرچی پاشماوەی خێڵەکی بەرەو کۆتایی دەچو وشوێنی جێهێشتبو بۆ بیری نەتەوەیی و لە پاوەندی گوندەوە بۆ نیشتمانی مەزن، بەڵام لەسایەی حیزب و کادرەکانیان جارێکی تر کورەی خێڵەکی جۆش دەدرێتەوە و برەوی پێدەدرێ. زیندوکردنەوەی خێڵی شوان و بون بە دو بەش و بە دو سەرۆک، دامەزراندنی دیوەخانی هەمەوەند و چەندینی تر لە کەرکوک سەرەتای ئەو برەودانەیە. کاتێ لە بەغداوە سەردانی دیوەخانی ئەم خێڵانە بکەن و ئەو گردبونەوە گەورەیەی بۆ بکرێ.
دەبێ حیزب و حکومەت باش بزانن لە دوارۆژدا خێڵەکانی دیش چاوی لێدەکەن و دەبن بە هەڕەشە بۆ سەریان، چونکە بەغدا یان وڵاتێکی دەرەکی هاوشێوەی سەردەمی کۆن چ پێویستی بە حکومەت و حیزب نامێنێ بۆ دەستبەسەرداگرتنی میللەت، هەولێریش دەبێت بە گوندێکی گەورەی خێڵ نشین.
دەرهاویشتەی بیری خێڵەکی لە کەرکوک لەوە دەبینرێت کاتێ جوتیارێک لە سەر بستێ زەوی برای خۆی دەکوژێ، کەچی لە ئاست داگیرکاری بێگانە بێدەنگە و بە کێشەی خۆی نازانێ، گردبونەوەی بێکەسی جوتیاران و زەویەکانی گوندی تۆپزاوە بە نمونە.
بۆ حکومەتی عێراق و دەوڵەتەکەی دەبێ بگوترێ سەد خۆزگە بە هەرێم. بە کارهێنانی چەکی قورس و مامناوەند لە شەڕی نێوان خێڵەکان، بوێری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان لە هەڕەشەکردنی گەورە لە حکومەت، بێ بەهاکردنی بڕیاری سەرۆکی حکومەت و جێبەجێنەکردنی، یان بێدەسەڵاتی دامەزراوەی دادوەری لەم وڵاتە جگە لە زاڵبونی دەسەڵاتی خێل بەسەر دەوڵەتدا هیچی تر ناگەیەنێت.
لە کۆتاییدا، ئەوەی بۆ منی تاکی کورد جێی مەترسیە زیان گەیاندنە بە پرۆسەی کوردبون و بزوتنەوەکەی، لە ئاستی عێراقیش دورکەوتنەوەیە لە دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی، دەوڵەتێک تێیدا یاسا سەروەربێت و چەتری پاراستنی پێکهاتەکانی بێت..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی