بەشی هەرە زۆری
خەڵکی کوردستان و هۆگرانی نوسینەکانم دەزانن لەوەتی دەستم کردوە بە نوسینەوەی مێژووی
ئەو بابەتانەی کە لە سالی 1963ی میلادیەوە لە نزیکەوە لە هەردووک بەشی باشووری
کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پێشمەرگە و کادرو ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبی
دێموکراتی کوردستان بەشداریم لە سەر رووداوەکان هەبوە ، بەهۆی پۆستە گرینگ وهەستیارەکانی
وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی کومیتەی سیامی نیزامی و ئێمە ناومان لێ نابوو
سیاسی و بەرپرسی پێوەندی نێوان بارەگای بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی و حیزبی دێموکراتی
کوردستان لە ساڵی 1971وە هەتاهەرەس هێنانی شۆرش و بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری کە ئێمە
ناومان لێ نابوو شوڕای نیزامی، ئاگاداری هەموو ڕووداوەکان بووم و لە هەموو نوسینەکانم
و وتووێژەکانیشم دا ڕاست و ڕەوان و سادقانە ئەوەی ڕووی داوە هێناومەتە بەر باسوو لێکۆلینەوە
بەبێ ئەوەی ئیهانەی هیچ حیزب و کەسانێکم کردبێ. لە نوسین ولایکەکانی خوێنەرەکانیش ڕا
دیارە بەشی هەرە زۆری باوەڕیان بەڕاست وێژی من هەیە، ئەوەندەش کە من بە باشە باسی
هاوخەباتەکان و پێشمەرگە ئازاو قارەمانەکان و خەڵکە خزمەت گوزارەکەی هەردووک بەشی
کوردستانم کردوە نیوەی نیوو هێندەم باسی خۆم نەکردوە، بە پێچەوانەوە لە زۆر جێگادا
زۆریش بەسەر خۆمدا هاتومە خوارو ڕەخنەی زۆر توندم لەخۆم گرتوە.
ناچارم بۆ بەچاو
ڕوونی تێگرای خوێنەرانی ئازیز ئەو چەند برادەرە بێ ئاگاو ناحالیانە هێندێک شت لەسەر
خۆم و ئەو شتانەی لەسەر خەبات و بیرو باوەڕەکەم لە پێناو ڕزگاری وڵات و میللەتەکەم
بەسەرم هاتوە هێندێک شت ئیشارە پێ بکەم.
1- لە سالی 1963ی میلادیەوە لەگەڵ هەڤاڵانی
خۆم شارەکەم مهاباد و ماڵو منداڵوو کەسوو کارم بەجێ هێشتوە، هاتومە ناو شۆڕشی مەزنی
ئەیلوول و لە چیای بەناوبانگی برادۆست لەسەر دەستی هەڤالە حیزبیەکانی خۆم لە بارەگای
بارزانی لیباسی موقەدەسی پێشمەرگایەتیم دەبەر کردوە.
2- لەو کاتەوە لە هەردووک بەشی کوردستان وەک
پێشمەرگەیێک و بەرپرسێک چیم پێ سپێردرابێ بەجێم گەیاندوە
3- لە سالی 1963ڕا هەتا سەرکەوتنی بارزانی
بەسەر مەکتەبی سیاسی کۆندا، بارزانی پێوەندی بەهیچ وڵاتێکەوە نەبوو بۆ یارمەتی، ئێمە
ئەندامانی حیزبی دێموکرات پێشمەرگەی وان بوین،نوسەریان بوین، رۆژنامەوشتمان بۆ دێنان
و لەگەلیان دەچوینە بەرەکانی شەر ، تەنانەت لە ئاخری هاوینی 1963ئێمە پێنج کەس بەو
ناوانە خوارەوە 1- شەهید سولیمانی موعینی ناسراو بە فایەق ئەمین 2- شەهید مینە شەم 3- کەریم نەستانی 4- عەبدول
نەستانی 5- بۆخۆم ڕەسوڵ پێشنماز بە قەولی نەمر و زیندە یاد جەنابی مام جەلال تاڵەبانی
بەندەی موخلیستان بە خۆ بەخش بەرەو وڵاتی خۆمان(ڕۆژهەڵات) گەراوینەوە بۆ کۆ کردنەوەی
پیتاک و هێنان بۆ ناو شۆرش. لەو سەفەرەدا سێ مانگمان پێچوو تێکڕای عالەمەکەش بۆ یارمەتی
شۆرش و بارزانی ئامادەگی تەواویان هەبوو.
4- بەرانبەر بە هەموو داگیرکەرانی
کوردستان ڕاشکاوانە دژایەتی خۆم کردوە و لە سەر ئەوەش لە شاری مەهاباد یەکەم مالی
کە داگیر کراوە مالێ من بوە لە باشووری کوردستانیش لە ناو هەموو تێکۆشەرانی کوردانی
ڕۆژ هەڵات دا سالی 1977مالێ منوو شەش مالی تر لەگەڵ برایەکم بەناوی قادر ئەمنوو
مخابرات بەسەریان وەربون و دە زیلی عەسکەریان هاویشتن بۆ ڕومادی تەبعیدیان کردن، ئەگەر
منیان بەردەست کەوتبا بێ شک ئیعدامیان دەکردم.
5- بە هەزار کوێرەوەری لە گوندی کانی وەتمان
خانویەکم لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵا سالحی دروست کرد سالی 1984حکومەت هات کاتی ئەنفال
گوندەکەی سوتاند و مالەکەی ئێمەشی وێران کرد.
6- لە ماوەی ئەو 63ساڵە دا کە هەڵوەدای خەبات
وکوردایەتی بووم لە هەردوک بەشی کوردستان زیاتر لە بیست جار مالم وێران و داگیر
کراوە، بەبێ ئەوەی هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ داوای هیچ قەرەبوێکم کردبێ.
7- لەو پێناوەدا لە تایفەو بنەمالەکەماندا
بە براکانم وە 13شەهیدمان داوە.
8- مهاباد کە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان جێگای
ڕێزو خۆشەویستیە ئەوە 63 سالە ئاخوداخی بۆ هەڵدەکێشم و لێم حەرام کراوە. لەگەڵ ئەوی
هەزاران خاترەو بیرەوەری خۆش و ناخۆشم تێیدابوە.
دوا وتەم ئەوەیە
ئەو جەنابانەی کە بۆ خۆش ڕەقسی و ماستاو چیەتی بەمن دەڵێن خۆفرۆش وپیاوی ئێران کە
ژومارەشیان لە قامکی دەست تێپەر ناکا، داخوا بەخۆدا ناشکێنەوە و ئارەقێکی سارد بەناو
چاوانیاندا نایەتە خوار؟ پێم خۆشە بە خۆیان و ئاغاکانیانەوە لە ماوەی ئەو 63سالە دا
نمونەیەکی چکۆڵە لە لاوازی من بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان بخەنە ڕوو ئەمن هەرچی
گوتومە و نوسیومە هەمووی بە بەڵگەو دەلیلەوەیە…
بژی کورد بژی خەباتی
بێ پچڕانەوەی حەقخوازی گەلی کورد.
دلسۆزی کوردستان
ملا رسول پێشنماز
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی