وەهمی بەختەوەری و کەرامەتی یەکسان

1 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

   لە سەر سینەی مرۆڤی ئەم سەردەمە ئازارێک هەیە، شوێنەواری زامەکەی زۆرسەختترە لە برسیەتی و بێکاری، تەنانەت کاریگەریەکەشی گشتیترە، لە ئاڵودەبوونی بەکۆمەڵی پشت شاشەکان، هەروەها خەمەکەی تاریکترە، لە خەمی گلۆربونەوەی تەمەن و بەهەدەردانی کات، ئەوە زامی ناو هەناوی نەوەیەکە، کاتێک دەگاتە ئەو بڕوایەی جیهان بە دادپەروەری و بێلایەنی مامەڵەی لەگەڵدا ناکات. یان کاتێک لەوە تێدەگات کەرامەت تەنها خەسڵەتێکی ئەخلاقی تایپێکی دیاریکراو نیە، کە کۆمەڵگا لە ڕیزبەندیەکی باڵادا تۆماریکردون و لە خۆشگوزەرانیدا دەژین، چونکە مرۆڤ تەنیا بە گەیشتنە ئاستێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، مانای ئەوە نیە پارێزبەندی دەستەبەرکردوە، بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی، بەڵکو واپێویستدەکات بە باوەڕەوە ئەو ڕاستیە بچەسپێت، لە هەموو کات و بارودۆخێکدا ڕەنج و تێکۆشانی مرۆڤ بەهای خۆی هەیە، دەرفەتەکان تەنها قۆرخکراو نین بۆ دەستڕۆشتوەکان، یان سەرکەوتن تەنها ئیمتیازێکی بۆماوەیی نییە، لە باوانەوە ماببێتەوە بۆ دەستەیەک، وەک چۆن خۆشگوزەرانیش قەدەرێکی ئیلاهی نیە، تەنها بۆ کۆمەڵێک و بەس، دادپەروەری پێش هەر شتێکیتر، دەخوازێت یاساکان جێگیربن و بەپێی پلە و پێگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان گۆڕانیان بەسەردانەیەت.
   چونکە نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ زەوت ناکات، بەڵکو متمانە بە بەها ئەخلاقیەکان بەرامبەر ژیانی بەکۆمەڵیش کاڵ دەکاتەوە. کاتێک گەنجێک دەبینێت لێهاتوویی بەس نییە، ڕەنج و تێکۆشانی بێوچان دەرگا داخراوەکانی بۆ ناکاتەوە، کەسانی دیکە لە ڕێگەی ناڕەواوە یاخود بەهۆی نزیکیان لە دەسەڵاتداران دەگەنە ئەو شوێنەی ئەم لە گەیشتنی بێبەشکراوە، ئەمە لەو کاتەدا تەنها هەستی بێبەشبونێکی سادە نیە، بەڵکو شۆکێکی وجودیە، دەیخاتە بەردەم چەندین پرسیاری بێ وەڵام، بۆچی دەرفەتەکان بۆ هەموان وەکو یەک ڕەخساونین؟ ئەم دابەشبونە کۆمەڵایەتیە لە کوێوە سەرچاوەیگرتوە؟ ئەم مەسافە زۆرە بەچی پڕ دەکرێتەوە؟ لە کۆتایدا بۆچی پێویستە من پابەندی پاراستنی ئارامی و یاساکانبم، لەکاتێکدا ئەوانیتر بە ئاشکرا پێشێلی یاساکانی ژیانێکی شەڕەف مەندانە بۆ هەموان دەکەن؟
   لێرەوە هەژاری لە کێشەیەکی داراییەوە، دەگۆڕێ بۆ ئەزموونێک لە زەبوونی و ڕیسوایی و هەستی بەکەم زانین، نابەرابەریش لە جیاوازیی ئاستی بژێوییەوە، دەبێتە جیاوازی لە بەهای مرۆڤ و دەرفەتی ژیانێکی ڕێزلێگیراوی شەرەف مەندانە. کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کەسێک زیاتری لە کەسێکی تر دەستبکەوێت، بەڵکو ئەوەیە کەسی بێبەش کراو هەست بکات دەرگاکانی ئایندە بۆ هەندێک کەس دەکرێنەوە پێش ئەوانی تر، هەندێک جار ئیمتیاز وا وێنا دەکرێتەوە شایستەییەکی ڕەوایە، لە کاتێکدا بێبەشبوون وا لێکدەدرێتەوە شکست و بێتوانایی یان کەم تەرخەمی کەسیی بێت.
   لەناو ئەم پارادۆکسە ئاڵۆزەدا نامۆیی کۆمەڵایەتی لەدایک دەبێت: ئەوەی مرۆڤ لەناو نیشتمانی خۆیدا بژێت، بەڵام هەست نەکات شەریکێکی ڕاستەقینەیە لە داهات وسەرمایەی نیشتیمانەکەی، لە بڕیارە چارەنوس سازەکاندا، یان تەنانەت لە دیاریکردنی داهاتویدا، دامەزراوەکانی دەوروبەری دەبینێت، بەڵام هیچ شتێکیان تێدا نادۆزێتەوە دادپەروەریی بۆ مسۆگەر بکەن، بەردەوام باس لە هاووڵاتیبوون و یەکسانی دەبیستێت، لە کاتێکدا ژیانی ڕۆژانەی تووشی جیاکارییەکی بەردەوام دەبێتەوە لە دەرفەتەکان و ڕەنێوهێنانی دادپەروەرانەی تواناکاندا. لەو کاتەدا، نامۆیی تەنیا دووریی نێوان مرۆڤ و نیشتیمانەکەی نییە، بەڵکو دەبێتە دووریی نێوان مرۆڤ و ئەو شوێنەی کە دەبوو بە توندی لە باوەشی بگرێ.

   جیاواز لە نەوەکانی پێشو ئەم نەوەیە ڕووبەڕووی ئیمتیحانی زیاتر دەبێتەوە، تەکنەلۆژیا ڕاستە لەلایەک پەنجەرەکانی جیهانی بەڕوودا کردەۆتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا سات بە سات، وێنەی بەردەوام، دابەشبونی قوڵ و نادادی سەرمایەداری، ئەزموونی سەرکەوتنە خێراکان، فۆڕمێک لە مەسرەفگەرایی بێ کۆتایی نیشان دەدات. لێرەوە ئەم نەوەیە ژیانی خۆی بە بازنەیەکی سنوورداری دەوروبەری وەک گەڕەک و ناوچە بەراورد ناکات، وەک نەوەکانی پێشو، بەڵکو لەگەڵ ملیۆنان وێنەی هەڵبژێردراو بەراوردی دەکات کە سۆشیال میدیا وەک مۆدێلی ژیانی خوازراو دەیخاتە بەردەمی. ئەو زیاتر دەرئەنجامەکان دەبینێت بێ ئەوەی هەمیشە ئەو مەرجانە ببێنێت کە دروستیان کردووە، هەوڵ و ماندوبون و کولەمەرگی خۆی لەگەڵ وێنەی ڕەنگاو ڕەنگ و پارچەی ڕیلزی مۆنتاژکراوی شاشەکەی ناودەستی  بەراورد دەکات، لێرەوە ڕوبەڕووی غوبنی چەند بارە دەبێتەوە.
   بەم شێوەیە نابەرامبەریی ماددی لەگەڵ نابەرامبەریی سیمبۆلیدا ئاوێتە دەبن، ئەم نەوەیە تەنیا قبوڵی ڕیتمێکی کلاسیکی ژیانکردنی نیە، ڕۆژانە دەکەوێتە ژێر جۆرە گوشارێک، ئەو هەستەی دەکولێنێتەوە پێویستە بەردەوام وەک کەسێکی سەرکەوتوو دەربکەوێت. چونکە ژیان چیتر پرۆسەیەک نیە تەنها بەسەر ببرێت، بەڵکو بەجۆرێک لەجۆرەکان پرۆسەیەکە بەردەوام لە بەردەم ئەوانیتردا نمایش دەکرێت، پێوەری بۆ دادەنرێت و بەراورد دەکرێت. تەنانەت مەسرەفگەرایی لەم سەردەمەدا بۆتە ئامرازێک بۆ داواکردنی دانیپێدانانی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوەی مرۆڤ پێویستی بە پێشاندانی خاوەندارێتیی براندە دیارەکانە بۆ دڵنیایی بەخشین وەک کەسێکی سەرکەوتو، یان لانیکەمی بیسەلمێنێت کەسێکی شکستخواردوو یان فەرامۆشکراو نییە.

   لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، سەرمایەداریی دیجیتاڵی سنوورەکانی بازاڕی نەریتی تێدەپەڕێنێت. تۆڕە ئاڵۆزەکانی میدیاو سۆشیال میدیا تەنیا کاڵا نافرۆشن، بەڵکو ململانێ لەسەر سەرنجی مرۆڤ دەکەن، زانیاری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووەکانی کۆدەکەنەوە، وەبەرهێنان لە پێشبینیکردنی ئەوەدا دەکەن، کە چی سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێت یان زیاتر دەیکاتە مەسرەفکار. لەناو فرەیی مۆدێلی کاڵا و داهێنراوە جۆراوجۆرەکاندا، ئەو کاتەی بەکارهێنەر بەسەری دەبات، دەرئەنجامی کاردانەوەکانی، زانیاریە بەدەستهاتوەکان لەسەر تایبەتمەندییەکانی، دەبنە پۆینت و خاوەن بەهای ئابووری. بەم شێوەیە، مرۆڤ تەنیا بەکارهێنەری تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە بەشێک لەو کەرەستەیەی وەبەرهێنانی تێدا دەکرێ و قازانجی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
   بەریەککەوتنە ئەخلاقیەکە لێرەدایە، ئەو ئامرازانەی دەبوو پانتایی ئازادیی مرۆڤ فراوانتر بکەن، دەکرێت بۆ ئاڕاستەکردنی سەرنج، یان هاندانی ئارەزووەکانی، لەپێناوهێشتنەوەی لە خولگەیەکی بەردەوامی بەراوردکاری و مەسرەفگەراییدا بەکاربهێنرێن. هەرکاتێک هەست بە کەموکوڕی بکات، بەرهەمێک لەبەردەمیدا قوت دەبێتەوە پەیمانی تەواوکردنی خودی و کامڵبوونی بۆ نوێدەکاتەوە، یان کاتێک هەستی بێزاری زاڵ دەبێت، شەپۆلێکی نوێ لە بابەتی جیا جیا دەدۆزێتەوە، کاتێکیش هەوڵی ڕاکردن لە دڵەڕاوکێکەی بدات، چەندین ڕێگەی تر لەناو سەرابی خەونەکانیدا دەردەکەون بۆ دواخستنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە. ئەمە بەو مانایە نییە هەموو تەکنەلۆژیایەک ئامانجی ئیستغلالکردنە، یان هەموو بەکارهێنەرێک قوربانییەکی بێدەسەڵاتە، بەڵکو بەو مانایەیە دەبێت پرسیار ڕوبەڕووی ئەو سیستەمە ئابوورییە بکەینەوە کە چی دروست دەکات بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئێمە، بۆ چ مەبەستێک، وە کێ زۆرترین قازانج لەم داهێنراوانە دەچنێتەوە؟.
   ئەم نەوەیە خاوەنی جۆرێک لە ئامرازەکانی پەیوەندییە، لە ڕابردودا هەرگێز بەردەست نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداهەست بە گۆشەگیرییەکی دژوارتردەکات، بەشێوەیەک زانیاریەکان لەبەردەستیدا فەراهەمکراون هەرگیز پێشتر وێنەی نەبووە، بەڵام زۆر بە زەحمەت دەتوانێت بیانکاتە زانیارییەکی تۆکمەو جێگیر، هەموو جیهان لەسەر شاشەیەک دەبینێت و دەتوانێت بە ئارەزوی خۆی لە ناو پلاتفۆڕمەکاندا هاتوچۆ بکات، لە ناو پۆست و کورتە ڤیدیۆی ئەوانیتردا خەونی خۆش ببینێ و خۆی نمایش بکات، لە کاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ ئەو فەزا واقعیەی دەتوانێت کاریگەریی تێدا دروست بکات بەرەو تەسکبونەوە دەچێت. لێرەوە فرەیی ئامرازەکان بە مانای فراوانبوونی ئازادی نییە، وەک چۆن فرەیی بژاردە جۆراوجۆرەکانی خەرجی، ئاماژەی خۆ سەلماندن نیە، هەرگیز قەرەبووی لەدەستدانی بژاردە ڕاستەقینەکان لە ڕوی پەروەردە، کار، بەشداریکردن لە بڕیاردان ناکاتەوە.
   هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئاکارییەوە، ناکرێت ئەم مەترسی و کارەساتە تەنها لە چەند ئامۆژگارییەکدا بۆ ئەم نەوەیە کورت بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەکارهێنانی مۆبایلەکانیان کەم بکەنەوە یان دەست لە بەراوردکردنی خۆیان لەگەڵ ئەوانیتردا هەڵبگرن. ڕاستە بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی گرنگە، بەڵام ئەمە دامەزراوە ئابووری، سیاسی، و کۆمەڵایەتییەکان لە بەرپرسیارێتیەکانیان نابەخشێت. ڕەوا نییە داوا لە گەنجان بکەین تەنیا خۆیان بەرەنگاری بزاوت و کلتوری مەسرەفگەرایی ببنەوە، لە کاتێکدا دەوروبەر پڕکراوە لە هاندەری بەردەوام بۆ مەسرەفگەرایی، نە داواشیان لێبکرێت بڕوایان بە دەرفەتی یەکسان هەبێت، لە کاتێکدا ئامرازەکانی دابەشکردنی دەرفەت و سەرمایە و دەسەڵات، پێش هەرشتێکیتر خۆیان قوربانی نادادپەروەرین.
   دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەخشش یان دیاریەک نییە، دەسەڵات بە چین و توێژە بێدەسەڵاتەکانی ببەخشێت، دروشمێکیش نییە لە بۆنەکاندا بەرز بکرێتەوە، بەڵکو مەرجێکی ئەخلاقیە بۆ دروستبوونی کۆمەڵگەیەک، لانیکەمی هاوڵاتیەکانی بتوانن هەست بکەن لە کەرامەتدا یەکسانن، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی سەرمایە، توانست، پلە و پۆست، تەنانەت لە دەرئەنجامەکانیشدا جیاواز بن. ئەمە بە مانای سڕینەوەی جیاوازیی نێوان تاکەکان و وێناکردنی فۆڕمێکی ئیدیاڵی نایەت، بەڵکو بە مانای ڕێگری کردنە لە گۆڕینی جیاوازییەکان بۆ ئیمتیازی داخراو، یان بۆ بێبەشبوونێک کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بە میرات بمێنێتەوە.
   ئەو گەنجەی لە پەروەردەدا دەرفەتێکی ڕاستەقینە وەک ئەوانیتر دەبینێت، لە کاردا ڕێگەیەکی بۆ سەربەخۆیی ئابوری دەخرێتە بەردەم، لە یاسادا گەرەنتی پاراستنی یەکسانی مافەکانی بۆ دابیندەکرێ، لە بەشداریی سیاسی و گشتیدا تواناو کاریگەری بە بایەخەوە لەبەرچاو دەگیرێ و پشتیوانی ڕاستگۆیانە دەکرێ، هۆکاری بەرجەستەی هەیە بۆ دڵسۆزی و پابەندی (ئینتیما). بەڵام کاتێک ئەم مەرجانە دەخرێنە پەراوێزەوە، داواکردنی خۆشویستنی کۆمەڵگە و نیشتیمان بێ ئەوەی هەست بە دڵنیایی و دادپەروەرییەکەی بکات، دەبێتە داواکارییەکی تاکلایەنەی نا ئەخلاقیی.

   لەوانەیە کارەساتی گەورە تەنها ئەوە نەبێت، ئەم نەوەیە ئارەزووی خەون بینینی لەدەستداوە، بەڵکو ئەوەبێت بەشێک لە خەونەکانی لە نێوان واقیعێکی نا دادپەروەر و بازاڕێکی چالاک لە فرۆشتنی قەرەبووی وەهمیدا تووشی پێکدادان بۆتەوە. کاتێک مرۆڤ هیچ جۆرە ڕێگەیەک بۆ گۆڕینی مەرجەکانی ژیانی نادۆزێتەوە، دەکرێت سەرئەنجام هەوڵی باشترکردنی وێنەی خۆی لەناو تەسلیمبون بەو مەرجانە بدۆزێتەوە، شتێک دەکڕێت پێویستی پێی نییە تەنیا بۆ ئەوەی وەک کەسێکی سەرکەوتوو دەربکەوێت، ژیانێک نمایش دەکات لە ژیانی خۆی ناچێت، تەنها بۆئەوەی نەبێتە جێگەی تانەو تەشەری ئەوانیتر، زیاتر مەسرەف دەکات تا ئەو ئازارە لەبیر بباتەوە کە ناتوانێت ئەو دۆخە قورسە بگۆڕێت.
   لەبەر ئەوە، گێڕانەوەی ئومێد بۆ گەنجان لە قەناعەتپێکردنیان بەوەی گوایە جیهان جوانە دەست پێناکات، بەڵکو لە بنیاتنانی جیهانێکی کەمترستەمکارەوە دەست پێدەکات، جیهانێک تێیدا داوا لە مرۆڤ نەکرێت لەگەڵ بێبەشبوونەکەیدا ڕێکبکەوێت و بژی و خۆی ڕابێنێ، بەردەوام شکستەکان وەک بێتوانایی لە زاتی خۆیدا ببینێ، بەڵکو وەک بژاردەیەکی سەپێنراو سەیریان بکات، بەشوێن وەهمی بەختەوەریدا ڕانەکات، لەبڕی ئەوەی هەوڵ بۆ فەراهەمکردنی مەرجەکانی ژیانێکی شەرەفمەندانە لە واقیعدا بدات.
   مرۆڤ لە کۆمەڵگەی خۆیدا هەست بە نامۆیی ناکات، تەنیا لەبەر ئەوەی گوایە هەمیشە زیاترداوادەکات لەوەی کە هەیەتی، بەڵکو دەکرێت نامۆ بێت چونکە هەست دەکات ئەوەی هەیەتی لەگەڵ ئەوەدا ناگونجێت کە شایستەیەتی، لەکاتێکدا دەبینێ ئەوانیتر ئەوەی هەیانە شایستەیان نیە، ژیان و ئایندەی پابەندی ڕێسایەکی دادپەروەرانە نییە. کاتێک ئەم تاڵییە لەگەڵ سیستەمێکی سەرمایەداری دیجیتاڵیدا یەکدەگرێتەوە، ئەوەتا بێشەرمانە قازانج لە سەرنجدان، بەراوردکاری، ئارەزووەکانی مرۆڤ دەچنێتەوە، لەم کاتەدا ئیتر نامۆبوونەکەی دەبێتە دەرفەتێکی ئابووری بۆ ئەوانی تر، لەبری ئەوەی ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوەیەک کۆمەڵگە بەرەو چاکسازیی ڕابکێشێت.
   لێرەوە پرسیارە سەرەکیەکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بەردەم جەوهەری کێشە ڕەسەنەکە: چۆن داوا لە نەوەیەک بکەین بڕوای بە داهاتوو هەبێت، لەکاتێکدا هەست بکات دادپەروەری لە ئێستایدا غایبە، یان وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێ، ئاسۆی ئایندەی تەڵخ و ناڕوونە، لە هەمان کاتدا ئەو تەکنەلۆژیایەی بۆتە شوناسی ئەم سەردەمە، تا ئێستا ڕوون نیە تاچەند بەشدار دەبێت لە وەبەرهێنانی خەونەکانیدا ؟.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی