گریانە پڕ راستی و بە كوڵەكەی مامۆستا لەتیف هەڵمەتی شاعیر لە سەر گۆڕی سورەیا خان وانەیەكی گرنگە بۆ راستگۆی و ئەمەكداری نێوان هاوژین و هاوسەرانی یەكتر ، راستە من پێشتر وتارێكم لە بارەی مەرگی سوریا خاتونەوە نووسی ، لێ پێموایە هەقی ئەو ئەمەكەی مامۆستا لەتیف هەڵمەتم نەدا كە لە نێو قسەكانیدا گفت و گۆیەكی لێوان لێو لە عیشق و ڕاستگۆی لە تەك هاوژینەكەیدا دەكرد ، گفت و گۆیەك لە لایەكەوە گلەیی بوو لە بێ ئەو ڕۆیشتن و بە تەنیا جێهێشتن ، لە لایەكی دیكەشەوە بەڵێندان بوو بەو كە ئەمیش ئیدی چاوڕێی ڕۆیشتن و گەیشتن بەو دەكات.
دیمەنەكە هەڵوەستەیەكی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پێكەوە ژیان و هاوژینی كردنی دوو لەتە سێوەكە كە مەرجی نیە لەتی هەمان سێو بن ، بەڵام زۆر گرنگە بەو جۆرە لە یەكدا ئاوێتە بن، من لە كۆتای نەوەدەكان و سەرەتای دوو هەزار لە ڕێكخراوی بە ساڵا چوانی جیهانی بووم ، ڕۆژانە بەركەوتنم لە تەك دوو وێنەو دیمەندا بوو كە هەردوكیان ئازارو سوێی خۆیان هەبوو، دیمەنی یەكەم كە ئازارێكی قورسی هەبوو كەنار خستن و دورخستنەوەی كەسانێكی پڕ تەمەن بوو لە باوەشی خێزان و ژور جیاكردنەوەو كەم چوونە لاو، نەدواندن ڕاستە ئەمانە هەر لە هەمان خانوی خانەوادەو خێزاندا بوون ، بەڵام تەنیای تەنیا بوون ن كە سەردانم دەكردن ئەوەم دەبینی.
بەشێكیش هەر خۆیان ئەنفال و ستەمی بەعس تەنیاو دابڕوای كردبوون لە خێزان و خانەوادە ، ئەمەیان جیا بوو،وێنەی دوەم ئەمەكی هاوسەران بوو بۆ یەكتر ، ئەو خۆشەویستیە بوو كە مرۆڤ ناتوانێت بە نووسین نیشانی بدات ، نە هیچ نووسینێك نە هیچ تابلۆو گۆرانیەك دەرەقتی پێناسەی ئەو عیشقە نایەت ، خاتونێك كە چەندین ساڵ بوو هاوسەرەكەی لە جێدا بوو هەموو ڕۆژێك دەیشۆری و ڕیشی دەتاشی و بۆنی خۆشی لێدەدا هەموو ئەمەشی بە باوەش هەڵگرتن و بردن بۆ سەر شۆرو گێڕانەوەی بۆ نێو نوێنەكەی بە تەنێ دەكرد ، هیچ جارێك ڕێكنەكەوت من فریای ئەو خاتونە بكەوم و هاوكاری بكەم ،بیرمە جارێكی تریش چیرۆكی ئەم دوو هاوسەرەم گێڕاوەتەوە.
لەم ڕۆژانەی پێشووسەرم لە ماڵی دۆستێك دا پیاوەكە ئەوەندە بە شانازیەوە باسی هاوسەرەكەی كرد ، كە دیسان ڕەنگە نووسین نەتوانێ بیگەیەنێ ، ئەو وتی " ئەم خاتونە پاڵەوانی كەم وێنەی منەو لە دوای چل و پێنج ساڵ پێكەوە بوون دەڵێی دوێنێ یەكدیمان بینیوە ، بۆ خۆم پورزایەكم هەیە كە هاوسەرگیری لە تەك خاتونەكەیدا لە مێژە پەنجا ساڵی تێپەڕاندووە، بەڵام هەرگیز دڵشكانیان لە یەكتر نەگەیشتوەتە ئەوەی ئازاری یەكتر بدەن ، دیمەنی ئەو ئەمەكداریەی مامۆستا لەتیف هەڵمەت بۆ سورەیا خان پێویستە ببێتە وانەیەك بۆ هەموو هاوسەرگیریەكی نوێ ، مامۆستا لەتیف و سورەیا خان لە كاتێكدا هەمیشە لەوە بێبەش بوون منداڵێك پێیان بڵێت دایەو بابە ، كەچی دڵێكی هێدە فراوان و ئارام بەخشیان هەبوو ، سورەیا خان بە دیار منداڵێكەوە گیانی دەردەچوو ، دەیویست قسەی خۆشی بۆ بكات و شیرنی بداتێ و لە گەڵ دەدوا ، لەتیف هەڵمەتیش جوانترین و زۆرترین شیعرو چیرۆكی بۆ مناڵان نووسیوە، خۆزگە لە هەموو دادگاكان بۆ نیشاندانی ئەمەكداری هاوسەران وێنەی خاتووسورەیاو لەتیف هەڵمەت لە ژوری دادوەر هەڵدەواسرا تا كاتێك دوو هاوسەر لە بەر هەر هۆیەكی لاوازو بێمانا بیانویستبا لە یەكتر جیا بنەوە دادوەر لە بری هەر ئامۆژگاریەك ئاماژەی بۆ وێنەكە بكردایەو پێی گوتبان بڕۆن چیرۆكی ئەو هاوژینیە بخوێننەوە .
هاوسەرگیری و هاوژینی بەو تاڵ و شیرینیەوە چێژبەخشە كە پێیدا تێدەپەڕیت نەك بەوەی هەموو كەل و پەلێكی ژیانت بە ر دەست بێت و نەتوانی بەختەوەری پێكەوە بوون بدۆزیتەوە خۆزگا لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكان و لە نێو میدا زیاتر ئەو وێنەو دیمەنە ناوازانە نیشاندەدران و قسەیان لە بارەوە دەكرا ، لە هەشتاكان وێنەی دوو هاوسەر كە هەردوكیش خزمی خۆم بوون بڵاو بوەوە و تەنانەت گۆڤاری ڕەنگینی ئەو سەردەمە خستیە سەر بەرگ كە لیپ بوو لە عیشق و ئەمەكداری و پێكەوە بوون ، ئەو دوو هاوسەرە لە ژیانی خۆیاندا هەرگیز ئەوەندەیان نەبوو كە لە خەمی سبەینێ و داهاتودا نەبن ، لێ عیشق و ئەوینی پاكیان هەبوو ، عیشق و ئەوینی پێكەوە بوون و ڕیزگرتن لە یەكترو بەتەنگەوە هاتنی یەكتر .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی