زەحمەتە و لەوانەیە مەحاڵیش بێت

50 خولەک پێش ئێستا

عارف ڕوشدی



ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، زەحمەتە عێراق ببێتە دەوڵەتێکی ئاسایی، یاسایی و دامەزراوەیی، چونکە ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستە، لەو ساتەوەختەی بەشێکی کوردستانیان بە زۆر و زۆرداری داگیر کردووە و بە جەستەیەکی سەپێنراوەوە، بە ناوی دەوڵەت، پێوەیان لکاندووە، تا ئێستا بە شێواز و ئامرازە جیاوازەکان سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزی، ئابووری و کەلتوورییان دژی کورد پەیڕەو کردووە. تەنانەت هەوڵیان داوە، ئەگەر بۆیان بکرێت، کۆمەڵگای کوردەواری لە بنەڕەتەوە لەناو ببەن، یان بە پلان و بەرنامەیەکی درێژخایەن، لە خەسڵەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دایماڵن.
لەو پێناوەشدا، بەداخەوە کۆمەڵێک گرووپ و ڕێکخراوی داتەپیووی ناوخۆیی، کە تەنیا بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام لە کردەوەدا خزمەتی ئەو ئاراستەیە دەکەن، بە ئاشکرا هاوکاری ئەو سیاسەتانە دەکەن؛ ئەوانەی لە پێناوی وەرگرتنی پڕۆژە و قۆناغەکانی گرێبەست و بەدەستهێنانی دەستکەوتی کاتی و تایبەتی، ئامادەن بەرژەوەندیی گشتی و پرسی نەتەوەیی بکەنە قوربانی.
ئێستاش هەمان هزر و بیرکردنەوە بەردەوامە و هەوڵ دەدرێت بە پاڵپشتی ئەو ئاراستە گومڕاوانە، هەنگاو بە هەنگاو، ناسنامەی نەتەوەییمان پێشێل بکرێت، ژیان و گوزەرانی خەڵک پڕ لە ئاستەنگ بکرێت و سنوورێکی دەستکرد لە بەردەم گەشەسەندنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان دابنرێت.
ئەمەش لە ڕێگەی چاندنی چەندین مین لە پڕۆژەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و خستنەڕووی مەرجی نایاسایی و نادەستووری بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێمەوە دەکرێت؛ بە مەبەستی تەنگەتاوکردنی حکوومەت و ناچارکردنی بۆ قبووڵکردنی مەرج و داواکارییە ناهەموار و نادادپەروەرانەکان. بە واتایەکی دیکە، بودجە کە دەبوو ئامرازێک بێت بۆ دابینکردنی ماف و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و ڕێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دەکرێتە ئامرازی گوشار و سەپاندنی ویست و ئارەزووی سیاسی.
بۆیە پێویستە هەموو نیشتمانپەروەرانی کوردستان لە ئاستی ئەم سیاسەتە بەردەوامەی چەوساندنەوە و هەوڵەکانی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان ئاگادار بن و لەو بارودۆخەدا، بە هەموو توانایەکیانەوە، پشت و پەنای هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلان و ملهوڕییەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا. ئەمەش بەو مانایە نییە کە هەر ڕەخنەیەک لە حکوومەت قبووڵ نەکرێت، بەڵکوو جیاکردنەوەی نێوان ڕەخنەی ڕەوا و بەرپرسیارانە لە یەکەوە، و هاوکاری لەگەڵ هەوڵەکانی پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان، پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە.
لە لایەکی دیکەوە، هەڵمەتە کۆنەپەرستانە و دواکەوتووەکانی هەندێک گرووپی جیاواز، کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن، دژ بە پرسی نەتەوایەتی، ناسنامەی نیشتمانی و پێگەی هەرێمی کوردستان، لە ڕاستیدا هاوتەریبن لەگەڵ هەڵمەتێکی هاوشێوە کە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەلایەن هەندێک گروپی مەزهەبی و تائیفییەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەو هەڵمەتەش لە ژێر دروشمی «العقيدة أولا، الوطن لا شيء»دا پوختە دەبێتەوە؛ واتا: باوەڕ و پابەندیی تائیفی پێش هەموو شتێکە و نیشتمان لە پلەی دووەمیشدا نییە.
ئەم هاوتەریبییە لە هزر و کردەوەدا، نیشانەی ئەوەیە کە کێشەکە تەنیا لە جیاوازیی سیاسی یان بیرکردنەوەی جیاوازدا نییە، بەڵکوو لە هەوڵی لاوازکردنی هەستی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێشخستنی بەرژەوەندیی گروپی و تائیفی بەسەر بەرژەوەندیی گشتیدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەمەش بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە هزری یاخیبوون و بێڕێزی بەرامبەر بە نەتەوە و نیشتمان، لە هەندێک بارودۆخدا، دەتوانێت بەشێک بێت لە پیلانێکی هاوبەشی هێزە دژەژیارییەکان؛ ئەو هێزانەی بە هۆی بێبایەخکردنی بەهاکان، لاوازکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی هزری پووچ، هەوڵ دەدەن بنەماکانی کۆمەڵگا لەناو بەرن.
لەو بارەیەوە، فەیلەسووف و نووسەری کەنەدی، ئالان دونو (Alain Deneault)، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «سیستەمی پووچ» (The System of the Absurd)، بە وردی باس لەو ئاراستە لادەرەییە دەکات کە چۆن لە ژینگەیەکی تێکچوو و بەها لەدەستداودا، دەستەیەک کەس و گروپی خۆسەپێنەر، بە بێبایەخکردنی بەرپرسیاریەتی و بەها مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵ دەدەن بزاوتە ژیاری و پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگا تووشی شکست بکەن.
لە کۆتاییدا، مەترسییەکە تەنیا لە گوشارەکانی بەغدا یان لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی ناوەندیدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو ئەوەی زیاتر نیگەرانییە، دروستبوونی هاوپەیمانییەکی نادیارە لەنێوان گوشارە دەرەکییەکان و هەندێک ئاراستەی ناوخۆیی، کە لە ئەنجامدا دەبنە هۆی لاوازکردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و کۆڵدان لە ماف و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. نیشتمان بە دروشم ناپارێزرێت؛ بە هۆشیاری، یەکڕیزی، بەرپرسیاریەتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکان دەپارێزرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی