پەرلەمان لە نێوان بەرژەوەندیی حیزب و بەرپرسیاریی نیشتیمانیدا

58 خولەک پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم


کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا هەڵبژاردنێک کە لەوێدا دەنگدەرانی کوردستان بە دەنگەکانی خۆیان قەبارە و هێزی هەر حیزب و لایەنێکی سیاسییان لە پەرلەمان دیاری کرد، ئەنجامەکەش ڕوون بوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەم یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پلەی دووەم،
لەو ڕۆژەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕاگەیەندرا ئەرکی حیزبە سیاسییەکان تەنها کۆکردنەوەی کورسییەکان نەبوو بەڵکوو دەبوو ئەو دەنگەی خەڵک بگۆڕدرێت بۆ پەرلەمانێکی کارا و لەو پەرلەمانەشەوە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین حیزبی سەرکەوتووی هەڵبژاردن دەستی بە سەردانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان کرد بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. گفتوگۆکان دەستی پێکرد و کۆبوونەوەکان دووبارە و دووبارە بوونەوە بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو گفتوگۆیەی کە دەبوو ببێتە ڕێگایەک بۆ پێکهێنانی حکومەت خۆی گۆڕا بۆ بەربەستێک لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت، هەندێک لە حیزبەکان لە سەرەتاوە هەڵوێستی خۆیان دیاری کرد، کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانتارەکانی نەناردە پەرلەمان و یەکگرتووی ئیسلامی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد و بڕیاریان دا بەشداریی حکومەت نەکەن، نەوەی نوێش بە ڕوونی ڕایگەیاند کە بەشداریی حکومەتێک ناکات کە یەکێتی و پارتی پێکی بهێنن!.

لە دیموکراسییەکدا ئۆپۆزسیۆن بوون مافێکی سیاسییە و هیچ حیزبێک ناچار ناکرێت بەشداریی حکومەت بکات، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە لەوێ دەست پێدەکات کە بڕیارێکی حیزبی چەندە دەتوانێت لەسەر کارکردنی دامەزراوە نیشتیمانییەکان کاریگەری دابنێت؟ لە فەلسەفەی سیاسیی ژان ژاک ڕۆسۆدا سەرچاوەی ڕەوایەتیی دەسەڵات گەلە، خەڵک دەنگ دەدات و دەنگەکەی دەبێتە بنەمای ڕەوایەتیی دامەزراوە سیاسییەکان، کاتێک دەنگدەر بڕیاری خۆی دەدات ئەو بڕیارە نابێت لە نێوان ملمڵانێی حیزبی و هەژمارکردنی دەسەڵاتدا ون بکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ ڕوویدا پرسیارێکی قووڵتری دروست کرد ئایا ئەو دەنگەی خەڵک دەتوانێت بە ئاسانی لە سندووقەوە بگاتە پەرلەمان و لە پەرلەمانەوە بگاتە حکومەت؟

کاتێک کابینەی دەیەم لە دوای ئەو هەموو گفتوگۆ و دانیشتن و هەوڵانە پێک نەهات کێشەکە تەنها کێشەی نێوان دوو یان سێ حیزب نەما بەڵکوو بووە کێشەی دامەزراوە و ڕەوایەتیی سیاسی، ماکس ڤێبەر لە لێکدانەوەی خۆیدا بۆ دەسەڵات جەخت لە گرنگیی ڕەوایەتی دەکاتەوە، دەسەڵات تەنها ئەوە نییە کە کێ توانای دەسەڵاتداربوونی هەیە پرسیارەکە ئەوەشە کە کێ دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە بە شێوەیەکی ڕەوا و دامەزراوەیی بەڕێوە ببات ، لەبەر ئەوە ئەگەر حیزبێک بە هەر هۆیەکەوە لە بەشداریی حکومەت دەکشێتەوە ئەمە مافێکی سیاسییە بەڵام ئەگەر ئەو هەڵوێستە ببێتە هۆی وەستاندنی دامەزراوەکانی هەرێم و بە درێژایی کات پەرلەمان و حکومەت لە کار بخات ئەوا پێویستە لە خۆمان بپرسین سنووری نێوان بەرژەوەندیی حیزب و بەرژەوەندیی گشتی لە کوێیە؟

لە لایەکی دیکەوە ئەوەی بەسەر شاسواردا هات و گرتن و زیندانیکردنی ئەو، لە ڕووی سیاسییەوە بوو بە یەکێک لەو گۆڕانکارییە سەرنجڕاکێشانەی کە دواتر کاریگەریی خۆی لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانی دانا. ئەو کەسەی کە پێشتر خۆی وەک یەکێک لە دژبەرە سەرەکییەکانی سیستەمی پارتی و یەکێتی ناساندبوو و لە وتار و هەڵوێستەکانی خۆیدا بە توندی ڕەخنەی لە هەردوو حیزب دەگرت، لە کۆتاییدا لە ژێر فشاری ئەو بارودۆخەی بەسەریدا هات، ڕێگایەکی دیکەی هەڵبژاردو بوو بەهاوپەیمانی ئەو حیزبەی زیندانی کرد،ئەم هاوپەیمانیە لەبری ئەوەی ببێت بەکارای یاریدەدەر بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت هێندەی دیکە دۆخەکەی چەقبەستووترکرد ، ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕینی هاوپەیمان نییە نموونەیەکە لەوەی سیاسەت کاتێک لە بنەما و باوەڕە سیاسییەکان دوور دەکەوێتەوە و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندی و هەژمارکردنی هێز چۆن دەتوانێت دژبەرێکی دوێنێ بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانیی ئەمڕۆ، ئەمە خۆی پرسیارێکی گەورەی سیاسییە، ئەگەر ئەوەی دوێنێ بە دژبەر دەبینرا ئەمڕۆ دەبێتە هاوپەیمان ئایا سیاسەت هێشتا لەسەر بنەمای بەها و باوەڕ و بەرژەوەندیی گشتی بنیاد دەنرێت یان تەنها بووەتە هەژمارکردنی هاوسەنگیی هێزەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی تاک و حیزبی؟

ماکیاڤێلی لە لێکدانەوەی جیهانی سیاستەدا پیشانی دەدات کە هاوپەیمانییەکان زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دروست دەبن نەک هەمیشە لەسەر بنەمای هاوبەشیی باوەڕ بەڵام ئەوەی سیاسەتی بە بنەما بەهاو قیەم لە سیاسەتی بە بەرژەوەندی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە سیاستی بە بنەما لە کاتی قورسیدا هێشتا بنەماکانی خۆی دەپارێزێت.

لە ڕاستیدا ئەگەر حیزبێک متمانەی خەڵک و کورسیی پەڕلەمانی  بەدەستهێنا نابێت ئەو دەنگەی خەڵک بکاتە ئامرازێک بۆ وەستاندنی دامەزراوەکانی وڵات ئەوەی زیانی گەورە دەبینێت لە کۆتاییدا تەنها پارتی و یەکێتی نیە بەڵکوو قەوارەی هەرێم و  خەڵکی کوردستانە، خەڵک ئەوەی دەوێت کە پەرلەمان کار بکات ، حکومەت هەبێت و کاروبارەکان ڕاپەڕێنێت و خزمەتگوزاری پێشکەش بکات ، مووچە بدرێت دامەزراوەکان بەهێز بن و هەرێم بتوانێت لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەنگێکی بەهێز قسە بکات.

هانا ئارەنت لە بیرۆکە سیاسییەکانی خۆیدا سیاست بە بوونی هاوبەش لە بوارێکی گشتیدا دەبەستێتەوەواتە دامەزراوە سیاسییەکان بۆ ئەوە دروست نەکراون کە تەنها هێزەکان لەسەر یەکدی فشاردروست بکەن بەڵکوو بۆ ئەوە دروست کراون کە جیاوازییەکان لە ناو گفتوگۆ و بڕیارداندا چارەسەر بکرێن، بۆیە کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کێ سەرۆکی پەرلەمان دەبێت کێ وەزیری کام وەزارەت دەبێت و کێ چەند کورسی دەبات، کێشەکە لەوە گەورەترە
ئایا دامەزراوەکانی هەرێم دەکرێنە قوربانیی ململانێی حیزبی یان حیزبەکان خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ پێویستییەکانی دامەزراوەکاندا؟ ئەمڕۆ کوردستان بە بارودۆخێکی ئاسایی سیاسی تێناپەڕێت، هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە و مووچەو نەوت و داهات و دەسەڵاتی دەستووری لە گفتوگۆ و ملمڵانێدایە، لە هەمان کاتدا ناوچەکەش بە خێرایی بەرەو گۆڕانکارییە گەورەکان دەچێت ، لە دەرەوەی هەرێم هیچ لایەنێک چاوەڕێ ناکات تا حیزبەکانی کوردستان کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن، هەر کاتێک دامەزراوەکانی هەرێم لاواز بن ئەو لاوازییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە بەشێک لە پێگەی سیاسیی هەرێم لە ناو عێراق و ناوچەکەدا، لەبەر ئەوە، هەنگاوی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەوڵدان بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی خۆی هەڵبژێرێت نابێت تەنها لە چوارچێوەی ملمڵانێی نێوان پارتی و یەکێتی سەیر بکرێت، ئەگەر ئەم هەنگاوە بتوانێت ئەو قوفڵە سیاسییە بشکێنێت کە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی لەسەر وەستاوە ئەوا دەکرێت وەک هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی کارایی دامەزراوەکانی هەرێم سەیر بکرێت.

ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو هەڵوێستەکانی پارتی بێ‌کێشە و بێ‌ نەقدن بەڵام لە کاتێکدا کە پەرلەمان و حکومەت لەبن دەستبن هەر هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی دامەزراوەکان بۆئیش و کارو خزمەت پێویستی بە هەڵسەنگاندنی سیاسیی خۆی هەیە، چونکە ئەگەر پەرلەمان کار نەکات دیموکراسی تەنها ناوی دەمێنێت  ئەگەر حکومەت پێک نەهێنرێت ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێکی گرنگی مانای خۆی لەدەست دەدات و ئەگەر دەنگی خەڵک لە سندووقەوە بگاتە ژمارەی کورسی بەڵام لە کورسییەکانەوە نەگاتە بڕیاری حکومەت ئەوا پەیوەندیی نێوان خەڵک و دامەزراوە سیاسییەکان لاواز دەبێت.

کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بەوە نییە کە حیزبەکان یەکدی بشکێنن پێویستی بەوەیە نەهێڵێت دامەزراوەکانی خۆی تێکبشکێت،حیزب دەتوانێت دژبەر بێت بەڵام نابێت دژ بە پەرلەمان بێت،حیزب دەتوانێت ئۆپۆزسیۆن بێت بەڵام نابێت دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ماوەیەکی درێژ لە کار بخات،
حیزب دەتوانێت بەرژەوەندیی خۆی هەبێت بەڵام کاتێک بەرژەوەندیی حیزب لەسەر بەرژەوەندیی هەرێم دادەنرێت ئەوا زیانەکە تەنها بۆ حیزبێکی دیکە نییە بۆ هەموو کوردستانە، ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە بردنەوەی پارتی بەسەر یەکێتی یان یەکێتی بەسەر پارتی نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەنگی دەنگدەر ببێتە دەسەڵاتی دامەزراوەیی و پەرلەمان ببێتە پەرلەمان و حکومەت ببێتە حکومەت.

خەڵکی کوردستان لە ٢٠٢٤دا بڕیاری خۆیان داوە،ئێستا نۆبەی سیاسییەکانە نۆبەی ئەوەیە بزانین ئایا دەنگی خەڵک لە سندووقەوە دەگاتە پەرلەمان لە پەرلەمانەوە دەگاتە حکومەت و لە حکومەتەوە دەگاتە ژیانی هاووڵاتی یان دەنگەکە لە نێوان هەژمارە حیزبییەکان و ملمڵانێی دەسەڵاتدا ون دەبێت، چونکە لە کۆتاییدا مێژوو پرسیار ناکات کە لەو دوو ساڵەدا کێ چەند کورسیی هەبوو؛ل مێژوو پرسیار دەکات کاتێک کوردستان پێویستی بە بڕیارهکی گرنگ و پێوویست هەبوو کێ ئەو هەمگاوەی هاویشت و بەرپرسیارییەکەی گرتە ئەستۆ؟.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی