لەئەگەری شکستی کۆمارییەکان و داهاتووی دەسەڵاتی ترەمپ؛ لە فشارە ناوخۆییەکانەوە تا ملمڵانێی ئێران

49 خولەک پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف






هەڵبژاردنی ناوەڕاستی ئەمریکا لە ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦، تەنها پێشبڕکێیەکی سیاسی لەنێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ دەسەڵاتی دونالد ترەمپ و ئاراستەی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا. ئەگەر کۆمارییەکان لەم هەڵبژاردنەدا شکست بهێنن و دیموکراتەکان کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران یان هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس بەدەست بهێنن، هاوسەنگیی هێزی سیاسی لە واشنتن بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت و ترەمپ ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێ لە فشار و سنوورداری دەبێتەوە.

لە ئەگەری لەدەستدانی کۆنگرێسدا، ترەمپ هەرچەندە تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، بەڵام توانای بەڕێوەبردنی پڕۆژە سیاسی و ئابوورییەکانی سنووردار دەبێت. دیموکراتەکان دەتوانن لە ڕێگەی کۆمیتەکانی کۆنگرێسەوە لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکانی کۆشکی سپی بکەن، بودجەی حکومەت و خەرجییە سەربازییەکان بخەنە ژێر چاودێری و پەسەندکردنی دامەزراندنی بەرپرسانی باڵای حکومەت قورس‌تر بکەن. هەروەها ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنن، دەتوانن پرۆسەی لێپرسینەوەی دەستوری لە ترەمپ دەست پێ بکەن؛ هەرچەندە لابردنی لە سەرۆکایەتی پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەنجومەنی پیران هەیە.

بەڵام گرنگترین بەشی ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندییەکەی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەتایبەتی ململانێی لەگەڵ ئێرانە،لە ماوەی ڕابردوودا، ترەمپ لەنێوان دوو فشاردا بووە ، لە لایەکەوە هەوڵی پاراستنی هەژموونی ئەمریکا و بەردەوامکردنی فشار لەسەر ئێران، و لە لایەکی دیکەوە ترسی فراوانبوونی شەڕ، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی و زیادبوونی ناڕەزایی ناوخۆیی ، بەردەوامبوونی شەڕ دەتوانێت زیان بە ئابووریی ئەمریکا بگەیەنێت و پشتیوانیی سیاسی لە کۆمارییەکان کەم بکاتەوە؛ بەتایبەتی کاتێک بەشێک لە پەیامی سیاسیی ئەم حزبە دوورکەوتنەوە لە شەڕە درێژخایەنەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە دەرەکییەکانە.

لەبەرامبەردا، ئەگەر کۆمارییەکان شکست بهێنن، ئەگەری ئەوە هەیە ترەمپ بۆ پاراستنی دەستکەوتی سیاسیی خۆی پێش دەستبەکاربوونی کۆنگرێسی نوێ، هەوڵ بدات بڕیارێکی مەترسیدار لە بواری سەربازی و دەرەوەدا بدات. لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەری هێرشێکی سەربازی لەسەر ئێران پەراوێزخراونییە ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ترەمپ بڕیاری کۆتایی لەسەر شەڕی نوێ داوە. لە هەمان کات، ڕێگای دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسییش هێشتا بەردەستە، چونکە شەڕێکی فراوان دەتوانێت ئەو قەیرانە ناوخۆیی و ئابوورییە قووڵتر بکات کە شکستی هەڵبژاردنەکە دەکرێت دروستی بکات.

لە هەمان کاتدا، ئێرانیش بەهۆی توانای وەڵامدانەوەی سەربازی و کاریگەرییە ناوچەییەکەی، ناتوانرێت وەک ئامانجێکی ئاسان هەژمار بکرێت. هەر هێرشێک دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی ملمڵانێیەک کە کەنداو، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و جوڵەی نەوت و بازرگانیی جیهانی بخاتە مەترسییەوە. بۆیە، فشارەکانی کۆنگرێس لەسەر ترەمپ دەتوانن هەڵبژاردنی نێوان شەڕ و دانوسان قورس‌تر بکەن، بەڵام بە تەنها ناتوانن بڕیاری سەرۆک لە بواری سەربازیدا بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن.

لە ئاستی ناوچەییدا، شکستی کۆمارییەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندیی واشنتن و ئیسرائیل و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە کەنداو هەبێت. پشتگیریی سەربازی و دارایی بۆ ئیسرائیل، بەکارهێنانی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەشداری لە ململانێیە سەربازییەکان زیاتر دەکەونە ژێر پرسیار و چاودێریی کۆنگرێس ،ئەمەش دەتوانێت هاوپەیمانانی واشنتن ناچار بکات حیساباتیان لەبارەی ئاستی پشتگیریی ئەمریکا بچنەوە.

لە ڕووی ناوخۆییەوە، جی دی ڤانس و ئەندامانی کابینەی ترەمپیش ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ دەبنەوە. ڤانس لەوانەیە لە قۆناغی داهاتوودا ڕۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی زیاتر ببینێت، بەتایبەتی ئەگەر هەوڵەکانی دانوسان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و دەرەوە دەبنە ئامانجی پرسیار و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی بڕیارە سەربازی و دیپلۆماسییەکانەوە.

بۆیە شکستی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستدا بە مانای کۆتایی دەسەڵاتی ترەمپ نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی لە واشنتن دەبێت. گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە ترەمپ لەبەرامبەر سنوورداربوونی دەسەڵاتی ناوخۆییدا، ڕێگای دانوسان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئێران هەڵدەبژێرێت، یان هەوڵ دەدات پێش گۆڕانی هاوسەنگیی کۆنگرێس بە بڕیارێکی سەربازی هاوسەنگیی ناوچەکە بگۆڕێت. ئەم بڕیارە نەک تەنها داهاتووی پەیوەندیی ئەمریکا و ئێران، بەڵکو ئاراستەی ئەمنی و ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دیاری دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی