کوردستان بەپێی ماددەی ١١٧ لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥،
وەکو هەرێمێکی سەربەخۆ دانیپێدانراوە و لە ڕێگەیەوە پەیڕەوی هەرسێک دەسەڵاتی
یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری دەکات. جێی سەرنجە، دەستووری عێراق، بەراورد بە
هەر دەستوورێکی تری دەوڵەتە فیدراڵییەکان، ماف و دەسەڵاتێکی زیاتری بە هەرێمەکان
داوە؛ بە شێوەیەک جیا لە سێ دەسەڵاتەکە، هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزی سەربازیی
تایبەت بەخۆیەتی کە بە (حرس الإقلیم) ناوی هاتووە. هەروەها زمانی کوردی، کە زمانی
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، وەکو زمانێکی فەرمی لە دەوڵەتی عێراق بڕیاری لێ
دراوە، لەگەڵ کۆمەڵێک مافی تری دارایی و پەیوەست بە مامەڵەکردنی سامانە
سروشتییەکان.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەقەکانی دەستووری عێراق بە زمانێکی
ڕاڤەهەڵگر و تا ڕێژەیەک ناڕوون نووسراون. واتە دەشێ لە یەک دەقی دەستووری، دوو
حوکمی جیاواز وەدەست بخْرێن و یار و نەیاری هەردوو حوکمەکەش پاساویان دەقێکی
هاوبەش بێت. دەکرێ بڵێین دەستوور خۆی تا ڕادەیەک بواری بە تێکەڵکێشکردنی دەستوور و
پەیوەندییە سیاسییەکان داوە؛ ئەمەش وای کردووە عێراق دەرباز ببێت لە چەقبەستوویی
پرسە دەستوورییەکان، ئەگەرچی فەلسەفەی دەستووریش وا دەخوازێت، ئەگەر وانەبێت کەڵک
نادات و ناتوانرێت لەگەڵ سەردەمە جیاوازەکان و هاتنە کایەی بارودۆخە نوێیەکاندا
بگونجێنرێت. تێگەیشتنە باوەکەش ئەوەمان پێ دەڵێت: بۆ ئەوەی وڵاتێکی سەقامگیرت
هەبێت، پێویستە دەستوورێکی تەمەندرێژ و جێگیرت هەبێت.
ئاکامی ئەو قسانە ئەوەیە بڵێین: سەرەڕای بوونی
دەسەڵاتگەلێکی بێوێنە لە دەستووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەمان کاتدا
وەگرتنەوەیان بە پشتبەستن بە دەقی دەستووری و لە ڕێگەی ڕاڤەکردنێکی جیاوازەوە،
شتێکی زەحمەت نییە. بۆ نموونە، وشەی (حرس الإقلیم) وشەیەکە لە دەستووردا بەکار
هاتووە؛ دەشێت وا ڕاڤەی بۆ بکرێت کە مەبەست لێی سوپا و هێزی سەربازیی تایبەت بە
هەرێمی کوردستانە، وەک ئەوەی ئێستا هەیە و بریتییە لە هێزی پێشمەرگە. لە
بەرامبەردا، دەشکرێت ڕاڤەیەکی تری بۆ بکرێت و ئەو مافە لە حکوومەتی هەرێم
بسەنرێتەوە، چونکە بە روونی دیار نییە مەبەست لە وشەکە چییە.
بۆیە ئەو دەقانە کاتێک لە بەرژەوەندیی گەلی کورد و هەرێمی
کوردستان ڕاڤە دەکرێن کە لایەنە کوردستانییەکان و حکوومەتی هەرێم پێگەیان لە
دەوڵەتی عێراقدا بەهێز بێت و سیاسەتێکی لێزانانە بە جێ بگەیەنن بۆ ئەوەی بەغدا
بکەن بە ناوەندی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکان.
بە پێچەوانەوە، بوونی پەرتەوازەیی، نەگەڕانەوە بۆ لایەنە
سیاسییەکانی تر، پشتگوێخستنیان، بڕیاردان لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکان تەنها لە
دەستی یەک لایەن، و قۆرخکردنی مامەڵەکردن بە کەرتی وزە و پرسە داراییەکانەوە
لەلایەن چەند کەسێکەوە، هەموو ئەوانە وا دەکەن پێگەی هەرێم لاواز ببێت و ڕاڤەی
زیانبەخش بۆ دەقە دەستوورییە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی گەلی کوردەوە بکرێت. وەک
ئەوەی بینیمان لە ساڵی ٢٠٢١دا، دوای ١٤ ساڵ، دادگەی دەستووری ڕاڤەیەکی جیاوازی بۆ
ماددەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز کرد و تیایدا یاسای نەوت و گازی
هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
هەڵوەشاندنەوەی تەواوی یاساکە لەگەڵ مەودای نێوان ساڵی
دەرچواندنی یاساکە و هەڵوەشاندنەوەیدا، ئەو دوو ئاماژەیە ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەم
بڕیارەی دادگەی فیدراڵی ئاکامی سیاسەتێکی تاکلایەنە و خۆسەپێن بووە بۆ بەڕێوەبردنی
کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، کە تیایدا چەند گرێبەستێکی چارەنووسکوژ لە دەرەوەی
ویستی گەلی کورد، بێ گەڕانەوە بۆ لایەنە سیاسییە جیاجیاکان و بە بێئاگایی حکوومەتی
فیدراڵی ئەنجام درابوون.
ئەم ڕاستییانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە جەنگان لە پێناو
مافەکانی گەلی کورددا لە ڕێگەی دەستوورەوە بابەتێکی ئاسان نییە و پێویستی بە
کەسانێکی بەرژەوەندیویست نین، بەڵکو پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزایە لە
پتەوکردنی پەیوەندیی ئاشتییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراقدا. ئەم
شەڕە بە کەسانێک ناکرێت کە لە کەناڵەکانی راگەیاندندا هەمیشە عێراق بە دەوڵەتێکی
شۆڤێنی، تائیفی و فاشیل ناوزەند دەکەن، کەچی لە لایەکی ترەوە بەشداری لە حکوومەتی
عێراقدا دەکەن و خەریکی بازرگانی و تێرکردنی گیرفانی خۆیانن!
لە ئێستادا عێراق ناتوانێت بە شەڕ و ململانێی چەکداری هیچ
مافێکت لێ زەوت بکات، بەڵکو بە دەستوور و پەنابردن بۆ دادگە، بێ ئەوەی خەوشدار
بێت، مافەکانت دەبات. بۆ نموونە، عێراق ١٠٠ ساڵی تریش بە شەڕی چەکداری نەیدەتوانی
هەرێم ناچار بکات نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت، بەڵام بە دەستوور و یاسا کردی.
کەواتە، سەرەڕای ئەوەی هەڵگرتنی چەک لە پێناو داکۆکیکردن
لە مافەکان و پاراستنی نیشتماندا کارێکی پیرۆزە، بەڵام لە ئێستادا شتێکی زۆر
گرنگتر ئەوەیە کە وردبین بیت لە دیاریکردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە دەیانکەیتە
نوێنەری خۆت و ڕەوانەی بەغدادیان دەکەیت. بۆیە کەسانێک هەڵبژێرە کە تێگەیشتوون
لەوەی سەنگ و ستراتیژیی وەچەنگخستنی مافەکان بەغدایە، باوەڕیان بە کاری پێکەوەیی
هەیە و دژی خۆسەپاندن و قۆرخکاری ببن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی