شکستی قورس و گەورەی
کۆماریخوازان و سەرکەوتنی بەرچاوی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکانی
هەردوو ئەنجومەنی ئەمریکا، پێویستە لە چوارچێوەیەکی فراوانترەوە هەڵبسەنگێندرێت
وەک تەنها گۆڕانکارییەکی ئاسایی لە پەرلەمان و ملمەڵانێیەکی حیزبی چاوی لێنەکەرێت.
ئەم هەڵبژاردنانە، لە ڕاستیدا، دەربڕی پاشەکشەی سیاسیی یەکێک لە توندوتیژترین و
دواوەگراترین ڕەوتەکانی ڕاستی پانخواز و نئولیبڕاڵی هاوچەرخ و لێدانێکی جدی بوون
لە پڕۆژەی سیاسیی دوناڵد ترامپ و بزوتنەوەی MAGA .ئەو
ڕەوتەی کە بە تێکەڵەیەک لە نێئۆفاشیزم، دژە ژن، دژایەتیی کۆچبەران، ڕەگەزپەرستی،
دژایەتیی ڕەنگینپێستەکان، لۆمپەنیزمی سیاسی، فریوکاری جەماوەر و دەسەڵاتخوازی،
نەک تەنها کۆمەڵگەی ئەمریکا، بەڵکو کەشی سیاسیی جیهانیشی تێکداوە و کاریگەریی
لەسەر داناوە.
شکستی ترامپیسم، لاوازبوونی
یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتە هاوچەرخەکانی نێئۆفاشیزمی جیهانی و نیشانەیەکە لە
خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە سیاسەتە جیاکاریخواز، دواوەگەرانە و
دژەمرۆییەکانی ئەو ڕەوتە. لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت لە هەڵسەنگاندنی ئەم سەرکەوتنەدا
تووشی خوشباوەڕیی سادەنیگارانە ببین.
سەرکەوتنی دیموکراتەکان لەخۆیدا
بە مانای سەرکەوتنی چەپ، بزوتنەوەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی یان هێزە
کۆمەڵایەتییە ڕزگاریکەرەکان نییە. حیزبی دیموکرات، سەرەڕای جیاوازییە سیاسی و
کولتوورییەکانی لەگەڵ کۆماریخوازان و هەبوونی ئاراستەی جۆراوجۆرتر لەناو خۆیدا و
ئاستی جیهانیش ، هێشتا بەشێکی دیکەی هەمان پێکهاتەی دەسەڵاتی سەرمایەداری و
ئۆلیگارشیی ئابووری و سیاسیی زاڵ بەسەر ئەمریکا و جیهانە. حیزبی دیموکرات وەک
باڵێک لە سەرماییەی جیهانی، هەندێک جار بە زمان و ئەدەبیاتێکی جیاواز، هەندێک
جاریش بە داپۆشینی داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە پوپولیسمی
لیبڕاڵی، هەوڵی پاراستن، بەرهەمهێنان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە
ئابووری و سیاسییە زاڵەکانی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی دەدات.
لەو ڕوانگەیەوە، نابێت
شکستی ترامپ بە کۆتاییهاتنی ترامپیسم و سەرکەوتنی دیموکراتەکان بە بەدیهاتنی
داواکارییە مێژووییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ڕەنگینپێستەکانی ئەم
وڵاتە بزانین. ترامپیسم تەنها تاکێک نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و
ئایدیۆلۆژییە کە ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانە پێکهاتەییەکانی سەرمایەداری، قوڵبوونەوەی کێشمەکێشی
چینایەتی، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و گەشەکردنی هێزەکانی ڕاستی ئەفڕاتی و ملمڵانێ جیهانییەکاندا
هەیە. شکستی هەڵبژاردنی کۆماریخوازان لە هەڵبژاردنی ٣ی نوامبری ٢٠٢٦، لێدانێکی
گرنگە لە کەسایەتیی ترامپ و حیزب و حکومەتی ژێر بەرپرسیارێتیی ئەو، بەڵام بە مانای
کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی بە دیاردەی ترامپیسم و نێئۆفاشیزمی ئەم سەردەمە نییە.
لەو نێوەندەدا ئەوەی شایانی
باسوگاڵتە پێکردنە، دڵخۆشی و شادیی منداڵانەی کۆماری ئیسلامی وەک دەرکەوتەی ڕووتی
فاشیزمی ئیسلامی لە شکستی ترامپ و حیزبەکەی، چیرۆکێکی دیکەیە! ڕژێمێک کە لە بواری
ناوخۆییدا بە سەرکوتی خوێناویی ئازادییەکانی جەماوەر، جیاکاریی ڕەگەزی،
لێسەندنەوەی مافە سەرەتایەکانی هاووڵاتیان لە ئێران، سەرکوتی توندوتیژی کەمینە
نەتەوەیی و ئایینییەکان، سەرکوتی کرێکار و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکان و جێبەجێکردنی
دیکتاتۆریی ئایینی ناسراوەو لە بواری نێودەوڵەتیشدا ناوەند و پاڵپشتی سەرەکیی
هەناردەکردنی تیرۆریزمی جیهانی (شۆڕشی ئیسلامی)، ڕێکخستنی گرووپە پڕۆکسییەکان و
نائارامکردنی وڵاتان و شەڕ و خوێنڕشتنە، ئێستا شکستی ترامپیسم جەژن دەگرێت. ئەم
شادی و دڵخۆشییە نەک لە ڕوانگەی ئازادیخوازی، یەکسانیخوازی و دژایەتیی بنەڕەتی
لەگەڵ فاشیزم و دژەئیمپریالیستیی ڕاستەقینەوەیە، بەڵکو لە ڕوانگەی ملمڵانێ و
ناکۆکیی بەرژەوەندییە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکانی خۆی و دەرکەوتەیەکی دیکەی فاشیزمی
حکومەتی و ئایینییە کە ئەم ڕژێمە نوێنەری سەرەکیەتی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی.
گاڵتەجاڕیی تاڵی مێژوو
لەوێدایە کە فاشیزمی ئیسلامیش لە ئاوێنەی شکستی فاشیزمی ئەمریکاییدا، دەرفەتی شادی
و دەربڕینی بوونی خۆی دۆزیوەتەوە، بێ ئەوەی بچووکترین پەیوەندیی بە ئامانجەکانی
ئازادی، یەکسانی، ڕزگاریی مرۆڤ و خەبات دژ بە ستەم و زۆردارییەوە هەبێت.
ڕەنگە گرنگترین وانەی ئەم
هەڵبژاردنانە هەر ئەوە بێت کە شکستی هێزێکی کۆنەپارێز، بە مانای سەرکەوتنی هێزە
پێشکەوتنخواز و نوێگەرەکان نییە. هەروەها، پاشەکشەی باڵێک لە چینی دەسەڵاتدار، بە
مانای ڕزگاربوونی چینی هەژار و ستملێکراو لە ژێر دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی چینی
دەسەڵاتدار و نوێنەرە بێبەزەییەکەی نییە.
سەرکەوتنی ڕاستەقینە بۆ
بێبەشانی کۆمەڵگە ئەو کاتە بەدی دێت کە چینی کرێکار، ژنان، گەنجان، کۆچبەران،
ڕەنگینپێستەکان و هێزەکانی دیکەی ژێر ستەم و سەرکوت، نەک تەنها وەک دەنگدەر و
ئامرازی ملمڵانێی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، بەڵکو وەک هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی
سەربەخۆ، چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن. ئەمەش پێویستی بە هۆشیاری، ڕێکخستن،
یەکگرتوویی و خەبات بۆ ڕزگاری و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سۆسیالیستی هەیە.
٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی