ئەوە دەشت و ئەوە گابۆڕ!

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بڕیار جەلال


چی روودەدات ئەگەر خەڵک یەکجار پشت بکەنە ئەو بنەماڵانەی ڕۆژ بە ڕۆژ چارەنوسی ئەم هەرێمە بەرەو تونێلێکی تاریک دەبەن؟

ئەی تاک و هاوڵاتی:
تا ئێستا پرسیارت لە خۆت کردوە بۆچی دەبێت شەڕە دەنوک، جنێو و تەشهیر بەرامبەر بە هاوزمانەکەی خۆت بەکاربهێنیت و ناڕاستەوخۆ بەشداربی لە پەرتکردنی نیشتمانێک کە چەند بنەماڵەیەکی بێباک و پۆستپەرست، دەیان ساڵە بەوە تێرناخۆن کە سەرخان و ژێرخانی بۆخۆیان بردووە و ئێستاش دەیانەوێت بە هزرە شەڕەنگێزییەکانیان ئەم هەرێمە خێرلەخۆنەدیوە بەرە و دابەشبوونێکی دیکە ببەن؟

برای چەکدار و هێزە ئەمنییەکان:
ئایا بۆ ئەوە دروست بویت و چەکت هەڵگرتوە تا پارێزگاری لە شەرەف و کەرامەتی خۆت و خانەوادە و خوشک و برا هاوخاکەکەت بکەیت، یان بۆ پارێزگاری لەوانەی بەزەیی و رەحمیان بە تۆ و هیچ کەسێکی دیکەدا نایاتەوە و تەنها چاویان لە سەروەت و دەسەڵاتە؟

هاوڕێی ڕۆژنامەنووس:
ئایا دەزانی پیرۆزی کاری تۆ ئەو کاتە دەست پێدەکات کە ڕێگری بکەیت لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵ و زانیارییەک کە ململانێکانی نێوان بنەماڵە بەرژەوەندیخوازەکانی ئەم هەرێمە گەرمتر دەکات؟

ئەی ئەوانەی خۆتان بە نوێنەری گەل دەزانن:
هاتون جارێک بیربکەنەوە بۆ دەبێت دوای کەسانێک بکەون کە خۆیان و منداڵەکانیان لە شاهانەترین کۆشکەکاندا دەژین و گرانبەهاترین مارکەکان دەپۆشن، کەچی تۆ لەسەریان بەر نەفرەتی کۆمەڵگە دەكەویت و بە پێدانی تیکە نانێک ڕوپۆشی کارە گڵاوەکانیان دەكەیت؟

مامۆستایان، خوێندکاران، پزیشکان و پارێزەران:
دڵنیام دەزانن ئەو مۆدێلە ناشرینەی ئەم بنەماڵانە دروستیان کردوە، ناو و ناوبانگی ئێوەشی پیس کردوە. ئایا کاتی ئەوە نەهاتوە لەخۆتان بپرسن ئیتر بۆچی بەرگری لەو کەسانە دەکەن کە نیەتیان تەنها خۆبەپاڵەوانکردن و ئازاردانی میللەتەکەیانە؟ لە جیاتی شەڕە کۆمێنت و ماستاوکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەرن ڕووبەڕوویان ببنەوە و ڕێگە مەدەن بە پشتبەستن بە ئێوە درێژە بەو نەهامەتییە بدەن کە زیاتر لە نیو سەدەیە دروستیان کردوە.

پەیامی کۆتا:
پێویستە ئیتر خەڵک بە هەموو چین و توێژەکانەوە بەیەکجار لەم بنەماڵە بێباکانە بێنە دەنگ و کۆتایی بە مۆدێلی ماستاوکردن و خۆچەمانەوە بهێنن. تێبگەن کە گەر هەمووان پێکەوە بن، سەروەت و سامان و دەسەڵاتەکە هێندە زۆرە بەشی هەمووان دەکات.

ئەم بنەماڵانە دەبێت تێبگەن؛ یان دەبێت ڕێک بکەون و خزمەتی خاک و خەڵکەکەی بکەن، یان پێویستە شاربەدەر بکرێن و بچن لە شوێنێکی دوور لە شارستانیەت شەڕی خۆیان بکەن، نەک ئاژاوە و وێرانکاری دروست بکەن و خەڵکی فەقیر و داماو بکەنە قوربانی حەز و خواستە بۆگەنەکانیان.
فەرموون ئەوە عەرز و ئەوە گەز! گەر هێندە ئازان، کام جۆر چەکە باشە هەڵیگرن و خۆتان شەڕی دەستەویەخەی خۆتان بکەن و ئەم میللەتە لە شەڕ و ئاشوب ڕزگار بکەن. ئەوە دەشت و ئەوە گابۆڕ، فەرموون بچن لەوێ یەکتری لەناو بەرن و چیتر وەک برین بەسەر جەستەی ئەم نیشتمانەوە مەمێننەوە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی