لەخەونی سەربەخۆییەوە بۆ خەونی یەك هەرێمیی

57 خولەک پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر


دانیشتنەكەی پەرلەمان لەلایەن پارتیی و كاردانەوەی یەكێتیی، دۆخی هەرێمی لەقۆناغێكی خراپ بردە قۆناغێكی دیكەی خراپتر، بەڵام بەپێی زانیاریی ناڕەسمیی، لەچەند لایەكەوە هەوڵ دەستیپێكردووە بۆ نێوانگریی كردن لەنێوان پارتی و یەكێتیی كە من پێموایە تازە كارلەكارترازاوەو زەحمەتە بتوانن هێوری بكەنەوە، لەباشترین حالەت تەنها دەتوانن ئەم دۆخەی ئێستا بۆماوەیەك راگرن و هەردوولا هانبدەن هەنگاوی دیكە نەنێن. ئێمەی بێمەی بێدەرەتان، دوعا دەكەین ئەم هەرێمەمان لێ‌ لەتنەكەن. نێوانگران ئەگەرچی دۆست و دوژمنن، بەڵام دەبێ‌ بڵێین خوا خێریان بنوسێت.
بەپێی واقعەی بەردەستە، پێناچێت پارتی بەمزوانە پەنا بۆ پێكهێنانی حكومەت ببات بەبێ‌ یەكێتیی، دڵنیام لەهەستیاریی دۆخەكە دەگەن، بۆیە لەم قۆناغە رەنگە كەفوكوڵی خۆیان و كاردانەوەیان بەرامبەر رووداو و رێكخەرانی مێریی بەوەندەی كردوویانە دابمركێننەوە. هەندێك پێیانوایە كۆبونەوەكەی پەرلەمان، چەندە وڵامی یەكێتیی بوو، ئەوەندەش پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی پارتییەوە هەبوو! ئەمە سەرباری ئەوەی هەنگاوی دیكە رەنگە ئاسان نەبێت، ئەمەش لەبەر دوو هۆكار. یەكەمیان: هەنگاوی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە، كاك نێچیرڤان بارزانیی كە كاندیدی پارتییە، ئامادەیە بە تەنها دەنگی یەك حزب واتە پارتی و بۆ سەرۆكی تەنها یەك زۆن واتە هەولێر خۆی كاندید بكات؟ وڵامی ئەم پرسیارە لای كاك نێچیرڤانە ئەو بڕیاری لێدەدات.
دووەم: ئەگەر پارتی هەنگاوی نوێ‌ بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی دیكەی پێكهێنانی حكومەت بنێت، ئەمجارەش دەتوانێت 52 دەنگی پەرلەمان مسۆگەر بكات؟ ئەم پرسیارەش گرنگە، رەنگە رۆژانی داهاتوو وڵاممان دەستكەوێت.
بەڕای من ئەوەی روویدا چاوەڕوانكراوبوو، لەلایەك پارتی دەمێكە باسی ئەوەی دەكرد كە كۆبونەوەی پەرلەمان دەكات و دەتوانێت 51 ئەندام بباتە هۆڵی پەرلەمان و كردی. هاوكات زیاتر لەساڵێكە دەنگوباسی ئەوە هەبوو كە هەریەك لەپەرلەمانتارانی یەكێتیی (هەردی و محەمەد و نیشتیمان) لەلایەن پارتی كەمۆكراون و بەشێك لەبەرپرسانی یەكێتیش لەوەدا ئاگاداركرابوونەوە. بۆ پەرلەمانتارانی نەوەی نوێش بەهەمانشێوە چاوەڕوانكراوبوو، تەنانەت نەوەی نوێ‌ ئەندام پەرلەمانێكی بەناوی (سیپان ئامێدی) لەپەرلەمانتارییەوە بردە بەغداو كردیە راوێژكاری سەرۆك كۆمار، لەو ترسەبوو.
هەڵوێستی یەكێتیی لەدوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان لەلایەن پارتی، زۆر توندتربوو لەوەی چاوەڕێمان دەكرد. هیچ تەمومژی تێدانەبوو، وڵامەكە دوو ئیدارەیی نەبوو، بەڵكو دوو هەرێمیی بوو! ئەو كاردانەوەیە، پارتی رووبەرووی دووڕیانێكی سەختكردۆتەوە ئاسان نابێت هەنگاوی دواتری.
زەحمەتە جارێكی دیكە ئەم خولەی پەرلەمان بەبەشداری هەموو لایەنەكان كۆببێتەوە. ئێستا نەك پەرلەمان، بگرە هەرێمێكی یەكگرتوو زۆر زەحمەت بووە. جاران خەونمان بەسەربەخۆییەوە دەبینی، لەمەودوا بەهەرێمێكی یەكگرتوو.
.
ئەوەی هەیە تائێستا دوو ئیدارەیی بوو، چەندین مانگە هەولێرو سلێمانیی لەرووی ئیداریی و داراییەوە پەیوەندیان بەیەكەوە نەماوە، تەنانەت جێگری سەرۆكی حكومەت كە لەیەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە هەر لەسلێمانی وەك سەرۆكی حكومەتی سلێمانی كاری دەكرد! بۆیە ئێمە پێشبینی راگەیاندنی دوو ئیدارەییمان دەكرد نەك دوو هەرێمی.
مخابن لەدوای 2006 هەرچەند هەرێمی كوردستان بەرووكار یەك حكومەت و پەرلەمان هەبووە، بەڵام بەكردار دووئیدارە هەیەو هەبووە، لەوكاتەوە هەم پارتی لەهەولێر هەژموونی بەجۆرێك بەسەر حكومەتدا هەبووە رۆحی شەراكەتی لەهەموولایەنەكان بەرتەنگ و ئەغزكردووەو هەستی پەراوێزخرانی لای لایەنەكان دروستكردبوو بەتایبەت یەكێتیی، هەمیش لەسلێمانی دیدی دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی لەكوردستان دەمێكە هەیەو نوێ‌ نییە. نەوشیروان مستەفا رابەری ئەو تێگەیشتنەیەو قەت نەیدەشاردەوە. ئەوكاتیش ئەگەر رەحمەتی مامجەلال نەبوایە كە خاوەن دیدێكی كوردستانی بوو بۆ حوكمڕانیی، بەدڵنیاییەوە دوو حكومەت و ئیدارەكەی ئەوكات یەكی نەدەگرتەوە! هەر لەسەر یەكگرتنەوەكەی ئەوكاتیش مامجەلال رووبەرووی رەخنەی زۆر دەبۆوە. لەیەكێك لەكۆبونەوەكانی مەكتەب سیاسی یەكێتیی بۆ یەكخستنەوەی هەردوو حكومەتی هەرێم (هەولێرو سلێمانیی) لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2006 لەهاوینەهەواری دوكان، کاک نەوشیروان مستەفا (رەحمەتی) جۆرێك لە رەخنە دەگرێت لەپەلەكردن لەجێبەجێكردنی رێكارەكانی یەكخستنەوە، دەڵێت: "بۆ یەكخستنەوەی ئیدارەكان پەلەی چیتانە، ئەوەتا دەستوری عیراق هەیەو دانی بەقەوارەی هەرێمدا ناوە، با هەر یەك پەرلەمان و دوو حكومەتمان هەبێت و كێبڕكێ بكەن". لەچاوپێکەوتنیش دووپات دەکاتەوە، بەداخەوە ئێستا دەبینم بەشێك لەوانەی خۆیان بەرۆشنبیر دەزانن (كۆنە گۆڕانەكان) ئیدیعا بۆ ئەو بیرۆكەیە دەكەن، كە من پێموایە ئەو دیدە لەكورتبینیی و ناوچەگەرێتیی و عەقڵیەتی گۆشەگیرییەوە سەرچاوەی گرتووە، نەك دیدێكی نیشیتیمانیی.
ئەوەی ئێستا لەلایەن هەردوو حزبەوە دەكرێت، بڕینەوەی داری ژێر پێی خۆیان و كۆتاییهێنانە بەقەوارەی خەڵكی كوردستان. ئەم قەوارەیە هی هیچ حزب و لایەنێك نییە، ئەگەر بڕیاربێت كوردستان ببێتە دوو ئیدارەو دوو هەرێم، رەنگە بۆماوەیەكی كورت توندڕەو و دەمارگیرانی حزبی دڵخۆش بن بەو كارانەی دژ بەیەكتر دەكرێت، بەڵام لەدوور مەودا زیان و لێكەوتەكەی زۆر بەئازار دەبێت. ئەوكات پەنجەگەستن و پەشیمانیی داد نادات. ئەوەی ئەمڕۆ دەتوانرێت چارەبكرێت، ئەوكات چارەناكرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی