لە جیهانێکدا کە قەیرانەکانی- سیاسی ، ئەمنی و ئابووری هەروا لەسەر یەکتری کەڵکەدەبن و ، هەڕەشەکان بوونەتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی جیهانی و مەترسیەکان بەهۆی حساباتی هەڵەوە لەژێر کۆنتڕۆل دەردەچن ، یان بەکارهێنانی هێز وەک تاکە ئامراز بۆ مامڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا ، لێرەوە حیوار و گفوگۆ و نێوەندگیری تاکە ئامرازە کە بتوانێت ئەو قەیرانانە دامرکێنێت ، ئا لەناو ئەو دۆزەخی قەیران و ئاڵۆزیەدا کە هەمیشە زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە ، وا هەرێمی کوردوستان دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرەو قەیرانێکی تری ناخۆشدا ئەویش دابەشبوونی فعلی سیاسی و جوگرافی و نەمانی هاوسۆزی دەڕوات ، کە من پێم وایە دەستی سەوزی عاقلمەندان و ئەو کەسەی کە بە دەیان وێستگەی ستراتیژیدا ڕۆیشتووە دەگاتێ کە ئاییندە دەخوێننەوە و ، هەڕەشەی ئەو دابەشبوونە فیعلیە دەوەستێنێت و لێناگەڕێ ببێتە واقیع ، کە ئەوەی سووریش بێت لە لەتکردنی ، ئەمە لووتکەی ناپاکی و هەڵبژاردنی مردنە چونکە وازهێنانە لە زاکیرەی گەل و لەبیرکردنەوەی مێژوو و یادەوەری و سومبولەکانە ، نیشتیمان میوانخانە و جانتایەک نیە لێیدابنیشی و پاشان بڕۆی و بەجێیبێڵی یان بە کەفی ئەم حزب یان ئەو حزب بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریبهێنێت ، نیشتیمان روح و هەست و کاتە ناتوانیت ماڵئاوایی لێبکەیت ، دادەوەر حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر « سوکرات »ی فەیلەسوفدا بە خواردنی ژەهر سەپاند ، سەرپشکیکرد لە نێوان ڕەتکردنەوە و تەنازولکردن لە مەبدەئەکەی و تەعالیمەکانی یان مردن ، سوکرات مردنی هەڵبژارد ، قووتابیەکانی پێیان گووت ؛ ئەی سوکرات ڕێگایەکمان بۆ دۆزیەوە بۆ هەڵاتن ، چونکە ئەو قانونەی بە پیاوێکی وەک تۆ حوکم دەکات ، قانونێکی زاڵمە ، سوکرات گووتی : شکاندنی قانون هەتا ئەگەر زاڵمیش بێت ، دەبێتە مایەی فەوزا ، بۆیە مانەوەی پەلەمان وەک خۆی فەوزای لێدروست دەبوو ، ئێستا هەرێمی کوردوستان وەکو تڕومبێلێکی پەکەوتووی لێهاتووە و پێویستی بە دەستتێوەردان هەیە و ، کاتیەتی بە هەموولایەک تەعمیر و نوێی بکەنەوە و بەنزینی تێبکەن ، کەچی دەبینین هەندێک گرنگی پێنادات و تەنها سوواربوونی تڕوبێلەکە نەبێت ، ئێمەش ئەوڕۆ پێویستیمان بەوە هەیە کە کار بۆ قورتارکردنی ئەوەی دەکرێت قورتاری بکەین ، خوانەخواستە کەوتن وەک ئەوەی بەسەر کۆماری مهاباد-دا هات ، تەنها ئەگەرێک نابێت بەڵکو دەبێتە حەتمیەتێکی مێژوویی ، مێژوو تائێستاشی لەگەڵدابێت پڕیەتی لە وێنەی جۆراوجۆر لە ململانێی نێوان مرۆڤ وەک تاک و گڕوپەکان و حزبەکان و دەوڵەتەکان کە ئەمە لەکن ئێمەش هەیە و ، زۆر قوڕسە بۆ عەقل کە سەیری ئەو مێژووە دەکەیت تەسەوڕی کۆتاییەکەی بکەیت و ، هەر ململانێیەکیش لەنێوان دوو لێکچوو ململانێیەکی دروست نەبووە ، چونکە سەرکەوتنی هەر لێکچووێکیش بەسەر ئەوەی تردا هیچ شتێکی نوێی تێدا نابێت ، بۆیە باشترین چارەسەر بریتیە لە حیوار و سەبرگرتن و دانبەخۆداگرتن بۆ شکاندنی ئەو وێنە بنبەستە و چەقبەستووەی هەردوو لێکچوو و ، هەڵوەشانەوەی گووتارە دۆژمنکارەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و شەرعکردنی ئاڵۆزیەکانی واقیع دوور لە میدیای چەواشەکار و قەبەکردنی گۆشە تاریکەکان ، ئێمە دەبێت بۆ پیرۆزی کوردوستان سیاسەت بکەینە هونەر ، حیوار و گفتوگۆ بکەینە هێز و ، وشە بکەینە چەک ، ئەزموونە مێژووییەکان کە بەسەر میللەتاندا هاتووە سەلماندویانە کە گفتوگۆی سیاسی و دانوستاندکردن و کلیلی چارەسەرکردنی هەموو ململانێکانە ، ئێمەش لەو چرکەساتە مەترسیدارەدا پێویستیمان بە بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و داننان بە لێکتێگەیشتن و لێبووردەیی و بەخۆداچوونەوە و ڕێکەوتن هەیە ، کە ئەمە خوێندنەوەی دروستن بۆ ئەزموونەکانی مێژوو ، ڕواندا کە لەنێو چڵپاوی خوێنی شەری ناوخۆدا هەڵسایەوە و بۆتە ڕاقیترین وڵاتی کێشووری ئەفریقیا ، بۆیە ترسناکترین شت بۆسەر نەتەوە و نیشتیمان چەقبەستوویی و ڕەقیە لە هەڵوێستە سیاسیەکان و ، پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان-یش لە کاراکردنەوەی پەرلەمان تەئکیدی لەسەر کردەوە کە گووتی : گفتووگۆ و سازان و هاوبەشی نێوان هەموو هێزە سیاسیەکان ، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکیەکان و ڕووبەڕووبونەوەی تەحەدیەکان و تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی-یە ، ئەم قسەیەی بەڕێزیان بایەخی پەرلەمان پێشان دەدات کە دەبێت هەموو لایەک بەشداری تێدا بکەن ، ئەمە دەنگی عەقلە لەو زەمەنە ناخۆشە و لەو جیهانە هەلاوگێڕ و گۆڕانە ترسناکەدا ، بایەخی پەرلەمان لەوەدایە کە هەمیشە ڕای گشتی جیهان گوێ لە حکومەتەکان ناگرن ، بەڵکو بە بایەخەوە گوێ لە پەرلەمانتاران ، هەموو ئەو دەنگانەی نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن دەگرن ، نەک دەسەڵات ، پەرلەمان بەرلەوەی سەکۆیەکی سیاسی بێت ، دەبێت وەک پرد بەکاربهێنرێت و ببێتە دەنگێکی ئارام بۆ جیهان و بەرژەوەندی نیشتیمان بێداخران هەڵگرێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی