کادری بە وەکالەت

1 کاتژمێر پێش ئێستا

مەجید ساڵح



لە کایەی سیاسی و میدیایی کوردیدا، هەرکاتێک بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لەیەک جیا دەبنەوە، شەڕ و ململانێ دەست پێدەکات؛ کاتێکیش بەرژەوەندییەکانیان یەکدەگرێتەوە، لەپڕا ئاشتی و برایەتی شوێنی ناکۆکییەکان دەگرێتەوە.
لە نێوان ئەم دوو دۆخەدا، ئەوەی جێی سەرنجە گۆڕانی هەڵوێستی هەندێک کەسە؛ ئەوانەی تا دوێنێ خۆیان بە ڕەخنەگری سەربەخۆ دەناساند و یەکێتی و پارتییان بە دوژمنی گەل دەزانی، ئەمڕۆ بوونەتە دەمڕاست و پارێزەری ئەوان و لە میدیاکانیانەوە شەڕی بە وەکالەت دەکەن.
ئەمە نیشانەی نەبوونی بنەمایەکی فکریی سەربەخۆیە. کێشەکە لە گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی نییە، چونکە ئەوە مافی هەر تاکێکە؛ بەڵکو لەوەدایە کە هەڵوێستەکان لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندیی حیزبی بگۆڕێن و میدیا لە ئەرکی چاودێریی دەسەڵاتەوە بگۆڕێت بۆ ئامرازی ململانێی سیاسی.
خراپتر لەوەش، هەندێک لەوانە لە رەخنەکانیاندا ئەوەندە توند دەبنەوە کە پێوەرە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشیان لەبیر دەچێت و داوای لەتکردنی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ هەرێمێک کە بە خەبات و قوربانی، بە فرمێسک و خوێنی خەڵک و پێشمەرگەی هەموو لایەنەکان دروست بووە. ڕەخنە لە دەسەڵات مافێکی ڕەوایە، بەڵام نابێت ناکۆکیی حیزبی ببێتە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر دەستکەوتە نەتەوەییەکان.
ئەوانەی ئەمڕۆ بە وەکالەت شەڕ بۆ یەکێتی و پارتی دەکەن، با لە خۆیان بپرسن: ئەگەر سبەی ئەوان ئاشت بوونەوە، ئەمان چییان بۆ دەمێنێتەوە؟ ئەو هەموو هێرش و تۆمەتبارکردنە چۆن پاساو دەدەنەوە؟
لە کۆتاییدا، بانگ لە هەموو ڕەخنەگران و ڕۆشنبیران و میدیاییە سەربەخۆکان دەکەین کە خاوەنی هەڵوێستی خۆیان بن و نەبنە ئامرازی شەڕی حیزبەکان. با ڕەخنەمان لە دەسەڵات بێ‌باک و ڕوون بێت، بەڵام لە پاراستنی هەرێم و دەستکەوتە نەتەوەییەکانماندا بەرپرسیار بین. هەرێمی کوردستان موڵکی بابی هیچ بنەماڵەیەک نییە؛ بەری رەنجی خەبات و قوربانیی هەموو خەڵکە.
نابێت بەرژەوەندیی کاتیی حیزبەکان لە سەرووی چارەنووسی نەتەوەکەمان بێت؛ با کەس بە وەکالەت شەڕ بۆ ئەو دوو حیزبە نەکات، تکایە بە ویژدان و بەرپرسیارێتی بۆ نیشتمان قسە بکەن، ئەوان بایی ئەوە کادیری موچەخۆریان هەیە شەڕیان بۆ بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە