لە گوتاری بافل تاڵەبانی، دوای کاراکردنەوەی
پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک سەرنج ڕادەکێشێت، پەنا بردنە بەر ترساندن وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ بەرهەمهێنانی هێز
و سەپاندنی دەسەڵات. کاتێک دەڵێت: «ترس لە گیرفانی مندا ئەژی»، ئەم دەستەواژەیە نیشانەی
ئازایەتی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکە کە یادەوەرییەکی ناخۆشی مێژووی ناکۆکی و براکوژی و
لەدەستدانی بەشێکی خاکی کوردستان زیندوو دەکاتەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەزموونی سیاسی بافل
تاڵەبانی لە ناو یەکێتیدا، لە لادانی لاهور جەنگی و ڕووداوەکانی لالەزارەوە، تا زیندانیکردنی
شاسوار عەبدولواحید و فشارخستنە سەر هێندێک لایەنی سیاسی، ئەو پرسیارە دروست دەکات
کە ئایا جیاوازیی سیاسی لە دیدی ئەودا مافێکی دیموکراتیە، یان ئامرازێکە بۆ فشار و هەڕەشە لەوانەی دیکە!
ئەمجارەش، دوای ئەوەی یەکێتی لە هەڵبژاردندا
نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، هەڕەشەی جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لە
هەرێمی کوردستان دەکات، و دواتر ڕادەست کردنەوەیان بە بەغدا، لە بەرامبەر دابینکردنی
موچە لە ڕێگەی ئیدارەیەکی جیاوازەوە، پرسیارێکی گەورە لەبارەی ئایندەی یەکپارچەیی هەرێم
دروست دەکات.
ئەزموونی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و لەدەستدانی کەرکووکیش
هێشتا وەک بریندارییەکی مێژوویی لە بیر و هۆشیاریی گشتیی کورددا ماوەتەوە.
ناکۆکی سیاسی بەشێکە لە دیموکراسی، بەڵام هەڕەشە
و سەپاندنی دەسەڵات جێگرەوەی گفتوگۆ و هاوبەشی نابن. ترس ڕەنگە بێدەنگی دروست بکات،
بەڵام هەرگیز شەرعیەت و باوەڕ دروست ناکات. کوردستان بە هاوبەشی بەهێز دەبێت، نە بە
ترساندن و پارچەپارچەکردن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی