ئایا دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی هەیە؟

5 کاتژمێر پێش ئێستا

لوقمان مستەفا


بەهۆی قەیرانی سیاسی و دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان، بابەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بووەتە مشتومڕێکی فراوانی سیاسی و یاسایی. هەندێک لایەن پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدراڵی، بەو پاساوەی پەرلەمان ناتوانێت ئەرکە دەستورییەکانی ئەنجام بدات و لە دۆخێکی وەستاندا ماوەتەوە.
پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا دادگای فیدراڵی عێراق، لە ڕووی دەستوری و یاساییەوە، مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی هەیە؟ یان ئەمە داواکارییەکی سیاسییە کە دەیانەوێت لە ڕێگەی دادگاوە بەدەستی بهێنن؟ 
بۆ وەڵامدانەوە، سەرەتا پێویستە جیاوازیی نێوان دەسەڵاتی چاودێری دەستوری و دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەیەکی دەستووری ڕوون بکرێتەوە؛ ئەم دوو دەسەڵاتە هەرگیز یەک شت نین.
یەکەم: دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی لە دەستوری عێراقدا
ماددەی ٩٣ی دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتەکانی دادگای فیدراڵی دیاری کردووە، لەوانە چاودێریکردنی دەستوریبوونی یاسا و ڕێنماییە نافذەکان، لێکدانەوەی دەقەکانی دەستور و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە هەرێمییەکان. بەڵام لە هیچ بڕگەیەکی ئەم ماددەیەدا بە دەقێکی ڕوون ئاماژە بەوە نەکراوە کە دادگا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەرێمی هەبێت.
بنەمایەکی یاسای دەستووری ئەوەیە کە دەسەڵاتی هەر دامەزراوەیەک دەبێت پشت بە دەق و بنەمای یاسایی ببەستێت، نەک بە لێکدانەوەیەکی فراوان کە سنووری دەسەڵاتەکان تێکەڵ بکات.
دووەم: ماددەی ٦٤ و هەڵەی بەراوردکردنی دوو پەرلەمان
هەندێک لەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوە دەکەن، ئاماژە بە ماددەی ٦٤ی دەستوری عێراق دەکەن کە ڕێکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری دەکات. بەڵام ئەم ماددەیە تایبەتە بە ئەنجومەنی نوێنەران، و بەبێ دەقی یاسایی ناتوانرێت هەمان ڕێکار بەسەر پەرلەمانی هەرێمدا بسەپێنرێت.
بەپێی ماددەی ١١٧، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی ناسێنراوە و ماددەی ١٢١ دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی هەرێم بە فەرمی دەناسێنێت. 
بۆیە هەرچەندە هەرێم بەشێکە لە دەوڵەتی فیدراڵی، بەڵام دامەزراوەکانی خۆی هەیە و دەسەڵاتەکانیان دەبێت لە چوارچێوەی دەستور و یاسا نافذەکانی هەرێمدا هەڵبسەنگێنرێن.
سێیەم: یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ چی دەڵێت 
بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستان، ماددەی ٥١ ماوەی خولی پەرلەمان دیاری دەکات و ماددەی ٤٣ کۆتاییهاتنی ئەندامێتی بەهۆی کۆتاییهاتنی ماوە یان هەڵوەشاندنەوە باس دەکات. ماددەی ١٤ ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی کۆتاییهاتنی ماوەی پەرلەمان یان هەڵوەشاندنەوەی، سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکار لە ماوەی پازدە ڕۆژدا بڕیار لەسەر کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ دەدات.
بەڵام بوونی وشەی «هەڵوەشاندنەوە» لەم ماددانەدا بە مانای دیاریکردنی دادگای فیدراڵی وەک لایەنی خاوەن دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوە نییە. ئەم یاسایە لە دەقی پەسەندکراویدا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوە بە ڕوونی بۆ دادگای فیدراڵی دیاری ناکات، و ئەمە خاڵێکە کە نابێت لە لێکدانەوەی یاساییدا پشتگوێ بخرێت.
چوارەم: بڕیاری دادگای فیدراڵی و سنووری دەسەڵاتی
لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦دا، دادگای فیدراڵی عێراق داواکارییەکی پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە، بەو پاساوەی بابەتەکە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگاکەدا نییە. 
ئەم بڕیارە لە ڕووی سنووری دەسەڵاتی دادوەرییەوە گرنگە، چونکە دادگا نیشانی دا هەر کێشەیەکی سیاسی یان دامەزراوەیی لە هەرێمدا ناکرێت بە داواکاریی هەڵوەشاندنەوە بخرێتە بەردەمی، ئەگەر بنەمای دەسەڵاتەکەی لە دەستور و یاسادا نەبێت.
بەڵام پێویستە جیاوازی بکرێت لەنێوان ڕەتکردنەوەی داواکارییەک بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی دادگا و بڕیاردان لەسەر دروستی یان نادروستیی ئەو داواکارییە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە؛ ئەمانە دوو بابەتی یاسایی جیاوازن.
پێنجەم: ئایا پەرلەمانی کوردستان لە چاودێری دادگای فیدراڵی بەدەرە؟
بە هیچ شێوەیەک. نەبوونی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی هەڵوەشاندنەوە بە مانای ئەوە نییە کە پەرلەمانی هەرێم لە چاودێری دەستووریی دادگا بەدەر بێت. دادگای فیدراڵی بەپێی دەستور دەسەڵاتی لێکدانەوەی دەستور و چارەسەرکردنی ناکۆکییە دەستورییەکانی هەیە لە چوارچێوەی ماددەی ٩٣دا.
بەڵام چاودێری دەستوری، هەڵوەشاندنەوەی یاسا و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو یەک دەسەڵات نین. دادگا ناتوانێت تەنها بە پاساوی دواکەوتنی پەرلەمان لە ئەرکەکانی، خۆی ببێتە لایەنی بڕیاردەر بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو، مەگەر دەقێکی دەستوری یان یاسایی ئەو دەسەڵاتەی پێ بدات.
شەشەم: قەیرانی پەرلەمان، قەیرانی یاسا نییە بە تەنها؛ قەیرانی بەرپرسیارێتیشە
ئەگەر پەرلەمان بەهۆی ململانێی حیزبی و بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە نەتوانێت دانیشتنەکانی بەردەوام بکات یان ئەرکە دەستورییەکانی ئەنجام بدات، ئەوا ئەمە لە بنەڕەتدا قەیرانێکی سیاسی و دامەزراوەییە، و بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە سەر ئەو لایەنانەی بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە دامەزراوەی یاسادانانیان لە کارخستووە.
نابێت هەر جارێک سیاسەت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی شکست بخوات، دادوەری بکرێتە ئامرازی چارەسەرکردنی ئەو شکستە؛ چونکە ئەگەر دادگا جێگەی دەسەڵاتی سیاسی و یاسادانان بگرێتەوە، بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکەوێتە مەترسییەوە. لە هەمان کاتدا، پەرلەمانیش ناتوانێت بە پاساوی سەربەخۆیی دامەزراوەیی لە ئەرکە یاسایی و دەستورییەکانی هەڵبێت و بۆ ماوەیەکی نادیار لە بەرامبەر ویستی هاووڵاتیان بێبەرپرسیار بمێنێتەوە.
کۆتاییدا: دوو بنەمای گرنگ نابێت لەبیر بکرێن:
یەکەم: دادگای فیدراڵی دەسەڵاتێکی دەستورییە و نابێت سنووری دەسەڵاتەکانی بە لێکدانەوەی سیاسی فراوان بکرێتەوە.
دووەم: پەرلەمانی کوردستانیش دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراوە و نابێت بە پاساوی سەربەخۆیی هەرێم لە پابەندبوون بە دەستور و یاسا و بەرپرسیارێتییەکانی دەربچێت.
ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت ئەرکەکانی بەردەوام بکات، چارەسەرەکە دەبێت لە ڕێگەی میکانیزمی یاسایی و دەستوریی هەرێم و بەرپرسیارێتیی سیاسیی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بدۆزرێتەوە، نەک بە دروستکردنی دەسەڵاتێک کە دەستور و یاسا بە ڕوونی نەیاندراوەتە دادگا.
دادگا بۆ پاراستنی دەستورە، نەک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسەت؛ پەرلەمانیش بۆ نوێنەرایەتیی گەلە، نەک بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات بەبێ بەرپرسیارێتی.

سەرچاوە یاساییەکان:
دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ - ماددەی ٩٣، ماددەی ٦٤، ماددەی ١١٧، ماددەی ١٢١
یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستان - ماددەی ١٤، ماددەی ٤٣، ماددەی ٥١
یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠٠٥، هەموارکراو بە یاسای ژمارە ٢٥ی ساڵی ٢٠٢١
بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ - ڕەتکردنەوەی داواکاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی