پرسی یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان هەمیشە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، وەک یەکێک لە ئامانجە ستراتیژی و نەتەوەییەکان ڕەچاو کراوە، کەچی لە دیدگای قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئەم پرسە تەنها لە سنووری جوگرافیا و نەخشە و خاکی دابەشبوودا کورت نابێتەوە. یەکگرتوویی لە بناغە ڕاستەقینەکەیدا، پرسی ئیرادەی سیاسیی سەربەخۆ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مسۆگەرکردنی ئازادییەکان و بەرجەستەکردنی مافی چارەنووسی گەلێکە کە ماندووبووە لە دەستی ستەم و نایەکسانی. لێرەدا، پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە ئێمە کام چەشنە لە کوردستانێکی یەکگرتوومان دەوێ؟ ئایا ئامانجمان تەنها کۆکردنەوەی پارچەکانە لە چوارچێوەی خاکێکی یەکگرتوودا، یان پێکهێنانی قەوارەیەکە کە تێیدا مرۆڤی کورد لە هەموو چین و توێژەکان خاوەنی کەرامەت، ماف و ئازادی بێت؟
وەڵامی حیزبی شیوعی و ڕوانگە پێشکەوتنخوازەکەی بۆ ئەم پرسە، هەڵوێستێکی ڕوون و مێژووییە کە جەخت لەسەر کوردستانێکی دیموکراتی و دادپەروەر دەکاتەوە؛ کوردستانێک کە دەسەڵات و بڕیاری سیاسی تێیدا موڵکی تایبەتی نوخبەیەکی بچووکی دەسەڵاتدار و ئابووری نەبێت، بەڵکو خودی گەل خاوەنی ڕاستەقینەی چارەنووس و بڕیارەکانی خۆی بێت و سەرچاوەی هەموو شەرعییەتێک لە ئیرادەی جەماوەرەوە سەرچاوە بگرێت.
لەو کۆمەڵگا یەکگرتووەی کە خەباتی بۆ دەکەین، نابێت سامانی سروشتی، نەوت، گاز و داهاتە گشتییەکانی وڵات قۆرخ کرابن بۆ خزمەتی کەمینەیەکی سەرمایەدار و دەسەڵاتداری بەرژەوەندیخواز، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە پێناوی بەرژەوەندی و بژێوی گشتی و پێشکەوتنی تەواوی هاووڵاتییاندا بەکاربهێنرێن. لەم ئاراستەیەدا، هەر هەرێمێکی یەکگرتوو کاتێک مانای دەبێت کە کرێکار، جوتیار، مامۆستا، خوێندکار و تەواوی چین و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگا، دەنگ و پێگە و مافی ڕاستەقینەی خۆیانی تێیدا هەبێت. هاوکات داخوازییەکانی هاووڵاتییان لە ژیان و ڕێکخستنی بازاڕ و دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی، چاکسازی لە سیستەمی سیاسی و ئابووری و خوێندن و تەندروستی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نادادی، و دابینکردنی پلانی کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری، بە تەواوی ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوەن کە دەرئەنجامی سیاسەتی شکستخواردووی ئەم دەسەڵاتەن، و دەبێت ببنە بنەمای کاری تێکۆشان بۆ گۆڕانکاری ڕیشەی.
ئەمە جیا لەوەی کە پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت یەکگرتوویی ڕاستەقینە پاساوێک بێت بۆ لەناوبردنی فرەیی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی و کەلتووری. پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، مافەکانی ژنان، ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ، چونکە ئەمانە ئەو کۆڵەکە سەرەکیانەن کە دەبێت بناغەی دەوڵەت و کۆمەڵگای داهاتووی لەسەر بنیاد بنرێت. هاوکات فۆرمی دیموکراتی و فرەلایەنی، زامنکەری پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانە لە چوارچێوەی یەکڕیزییەکی نیشتمانی و برایانەدا.
بە کورتی ئێمە کوردستانێکی یەکگرتوومان دەوێ کە تەنها لە ڕووی ڕووبەری خاک و جوگرافیاوە یەکگرتوو نەبێت، بەڵکو پێویستە لێوانلێو بێت لەپێوەرەکانی دادپەروەری، ئازادی، یەکسانی و مافی مرۆڤ و وەک سیمبولێکی بەرزی مرۆڤدۆستی دەربکەوێت. کوردستانێکی وەها کە نە تێیدا هەژار لەبەردەم دەوڵەمەنددا بێئیرادە و بێدەسەڵات بێت، نە کرێکار لەبەردەم سەرمایەداردا ستەم لێکراو بێت، و نە هیچ هاووڵاتییەک لەبەردەم دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا بێماف و پەراوێزخراو بێت. چونکە لە کۆتا ڕۆژدا، یەکگرتوویی ڕاستەقینە تەنها تابلۆیەک نیە بۆ یەکخستنی خاک ، بەڵکو بریتییە لە یەکگرتنی قووڵی ئیرادەی نیشتمانی گەلەکەمان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، مەدەنی، پێشکەوتنخواز و دادپەروەر کە تێیدا مرۆڤ بەسەربەرزی و خاوەن بڕیارەوە بژێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی