کوردستان لەهەرێمێکی دەستوری بۆ ئیدارەی سەربەخۆ.

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق

عیراق بەدرێژایی مێژووی هەزاران ساڵەی خۆی، بەهەزاران سەردەمی تاڵ و شیرین ـدا گوزەری کردووە، لەگەڵ کپ بوونەوەی ئاگری جەنگی ئەمریکاـ ئێران، عیراق دەچێتە قوناغ و سەردەمێکی نوێ، ئەم سەردەمە لەناوخۆ و نێوەندە نێودەوڵەتیەکانیشدا، قسەی جددی لەسەر کراوە.
رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ووردەکاریی ئەو کۆبوونەوانەی ئاشکرا کردووە، كە دووشەممەی رابردوو فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق و تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عیراق و سوریا ئەنجاميانداوە لە لەندەن.
سەردەمی داهاتووی عیراق، پێش هەموو شتێك گۆڕینی سیستمی پەرلەمانیە بۆ سەرۆکایەتی، ئەم بژاردەیە، ڕوانینی فایەق زێدان ـی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراقە، زێدان وەك دەوڵەتی قووڵی عیراقیەکان کار لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسیی عیراق دەکات، لە پەرلەمانیەوە بۆسەرۆکایەتی و هەموارکردنەوەی دەستور. بێگومان ئەم بابەتە بابەتێکی قووڵ و جێگەی سەرنجی ناوخۆ و ناوەندە سیاسی و نێودەوڵەتییەکانیشە، ئەم هەوڵە لایەنی ئەرێنی زۆری تێدایەو چەند ڕەهەندێکی گرنگیش لەخۆ دەگرێت،
لایەنە ئەرێنییەکانی گۆڕینی سیستمی سیاسی لەڕوانگەی لایەنگرانیەوە، کۆتاییهێنانە بەسیستمی ئێستا، کە لەسەر بنەمای زۆرینەیەکی بێ دەسەڵات و حکومەتێکی بنکە فراوان دامەزراوە، کەزۆربەی جار دەبێتە هۆی پەکخستنی ئەو بڕیارانەی کە لەبەرژەوەندی خەڵکی عیراقە، دروستکردنی سەدان قەیرانی درێژخایەن بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، لەنێوان سەرانی پێکهاتەکاندا بەشێوازێك کە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی  تێدا وون بووە، ئەوانەشی ئەم سیستمە بە نەرێنی باس دەکەن لە2003ـوە  بەناوی پشکپشکێنەو پۆستەکانی حکومەت و پەرلەمانەوە پارە لەخەزێنەی دەوڵەت دەکێشنەوەو خەڵکیش بێ ئاو و کارەباو خزمەتگوزاریەکانە.
لەسیستمی سەرۆکایەتیدا، سەرۆك دەسەڵاتی جێبەجێکاری ڕەهای دەبێت و دەتوانێت لە کاتی قەیرانەکاندا، بەخێرایی بڕیار بدات، کە ئەمە لەگەڵ سروشتی ئاڵۆزییەکانی عیراقدا دەگونجێت ئەگەر سیستمەکە دادپەروەرانەو هاوسەنگ ڕێك بخرێت.
وەك فایەق زێدان لەکۆبونەوەکەی لەگەڵ تۆم باراك ئاماژەی پێکردووە، لەدوای ساڵی 2003 ـ وە زۆرێك لەهێزە سیاسیەکان پێگەی جارانیان نەماوە، بۆیە گۆڕانکارییەکە دەکرێت ببێتە هۆی نوێبوونەوەی شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کەمکردنەوەی گەندەڵیە سیستماتیکییەکان.
ئەم بیرۆکەیە هاوکارو پشتیوانی زۆری هەیە لەناوخۆ و لەدەرەوەی عیراق، هەڵبەتە مێژووی ڕابردووی عیراق لەگەڵ دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی بەهێزو ناوەندگەراییدا زۆر تاڵە، هەندێ لەهێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکان، ترسی ئەوەیان هەیە کە سیستمی سەرۆکایەتی ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەفرەیی و گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاکڕەوانە، بەڵام ئەم سەردەمەی ئێستا هیچ دیکتاتۆرێك و تاکڕەوێك قبوڵ ناکات، وەکو ئەوەی ئێستا لەسوریا دەیبینین.
لەڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی (العربي الجديد)ـی قەتەری ئاماژەی بە ناڕەزایی کورد کردووە بەرامبەر بەم جۆرە گۆڕانکارییانە لە سیستمی سیاسی و هەمواری دەستوردا، بەڵام ناتەبایی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم بەربەستانەی لەبەردەم ئەم گۆڕانکاریانە لابردووە، چونکە تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی قەڵغانی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، مێژووی بیست ساڵی ڕابردووش ئەوەی سەلماندووە کە کاتێك پارتی و یەکێتی لەسەر پرسە نیشتیمانیەکان یەکڕیزو تەبا بوون، بەغدادو تەنانەت هەموو دنیاش نەیتوانیوە دەستکاری مافە دەستوری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکات. بۆیە تەبایی ئەم دوو هێزە وەك "قەڵغانێك" وابووە کەڕێگری لەهەموو هەوڵێکی ناوەندگەرایی و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم کردووە، بەڵام باجی ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتیی، ئەوەندە قورس کەوتۆتەوە، کە بەدەستی خۆیان کوردستان بچوك دەکەنەوەو لەقاڵبی دەدەن، هەڵبەتە ناکۆکی و ململانێی ئێستای پارتی و یەکێتیی، ئەگەر بەردەوام بێت کوردستان بەئاراستەی ئیدارەی سەربەخۆی لەبابەتی ڕانیەو زاخۆ و سۆران و گەرمیان دەبەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی