مێژووی کوردستان مێژووی نەتەوەیەکە کە زۆرجار چارەنووسی لە پشت پەردە و لەسەر مێزەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بڕیاری لەسەر دراوە، بێ ئەوەی پرس بە گەلەکەی بکرێت و دەرفەتی بەشداری لە بڕیارداندا پێبدرێت.
لە ساڵی ١٩١٦دا، ڕێککەوتنی سایکس–پیکۆ لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا، لە چوارچێوەی دابەشکردنی خاکەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا کە دۆڕاوی یەکەمین جەنگی جیهانی بوو، بناغەیەکی گرنگی گۆڕانکارییە جوگرافی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دانا، بەشێوەیەک کە جارێکی دیکە ڕەوایەتی دایە دابەشکردنی خاکی کوردستان بەسەر وڵاتانی ناوچەکە. هەروەها ئەو بەڵێنەی لە ڕێکەوتنامەی سیڤەر بە کورد درابوو، لە لۆزان کرایە قوربانی بەرژەوەندی وڵاتە هەرێمی و زلهێزەکان.
کوردستان هەمیشە وەک زۆر ناوچەی دیکە، لە نێو ململانێی هێزە گەورەکاندا بووە بە بەشێک لە پرسی دابەشکردنی ناوچەکە. ڕێکەوتنامەکانی (ئەرزەرۆمی یەکەم و دووەم، زەهاو، دواتریش سایکس پیکۆ و لۆزان) هەمیشە لەسەر حسابی ئێمەی کورد واژۆکراون.
لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، کورد هەمیشە لە نێوان دوو جۆر فشاردا بووە: فشاری دەرەکی بۆ سنووردارکردنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیی، وە ناکۆکییە ناوخۆییەکان کە زۆرجار هێزی سیاسی و نەتەوەیی کوردی لاواز کردووە.
کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، کراوەتە قوربانی ململانێی کوردی ـ کوردی لە سەردەمی ئیماڕاتە کوردییەکانەوە بگرە، تا دەگاتە مێژووی نوێمان ئەو ململانێیە زیانی زۆری لە کورد داوە.
لە شەش دەیەی ڕابردوودا ململانێی ناوخۆیی لە باشووری کوردستاندا نەک کاریگەری لەسەر خەبات و تێکۆشانی ئەو پارچەیە داناوە، بگرە خاڵی لاوازیش بووە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و ناکۆکییەکانی ئێرە پەڕیونەتە ئەودیوی سنوورەکانی کوردستان.
بەڵام پرسیارەکە لێرەوە دەست پێ دەکات:
ئایا ئەو نەتەوەیەی چەند جارێک لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە خاکەکەی وەک گەنمی خێر دابەش کرا، پێویست بوو جارێکی دیکە لە ناوەوەش دابەش ببێتەوە؟
جیاوازییە سیاسییەکان لە نێوان بارزانی و تاڵەبانی، بەشێک بوون لە واقیعی سیاسیی ئەو سەردەمە. بەڵام کێشەکە ئەو کاتە قووڵتر بوو کە جیاوازییەکان لە سنووری ڕکابەریی سیاسی تێپەڕی و کاریگەرییان لەسەر یەکڕیزیی نەتەوەیی و دامەزراوەکانی کوردستان دانا.
ئەوەی لە مێژوودا جێی سەرنجە، ئەوەیە کە کورد هەمیشە لە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا باسی یەکگرتوویی و مافی چارەنووسی خۆی کردووە، بەڵام لە ناوخۆدا هێشتا نەیتوانیوە یەک میکانیزمی سیاسیی جێگیر بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازییەکانی دروست بکات.
ئەمڕۆش پرسی هەرێمی کوردستان تەنها پرسی پارتی و یەکێتی نییە؛ پرسی چارەنووسی نەتەوەیەکە. کە بە خوێن و تێکۆشانی هەزاران کەس بەدەست هاتووە، بۆیە خەڵکی کوردستان مافی ئەوەی هەیە بپرسێت: بۆچی نەتەوەیەک کە بە نرخێکی زۆر قوربانی و خوێنی داوە، هێشتا لە نێوان دوو هێزی سیاسی و دوو ناوەندی بڕیاردانی دوو بنەماڵە بەشێکی زۆری توانای خۆی لەدەست دەدات؟
سایکس–پیکۆ نموونەی دابەشکردنی کوردستان لە دەرەوە بوو؛ بەڵام ئەگەر جیاوازییە سیاسییەکان ببنە هۆی دابەشبوونی ئیرادە و دامەزراوە نەتەوەییەکان، ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ هەمان تراژیدیای مێژوویی کە خاکی کوردستانی بەش بەش کردووە.
دواجار دەڵێین، هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزب و بنەماڵە و ڕێبەرێک نییە. کوردستان موڵکی گشتیی هەموو کوردە و چارەنووسی دەبێت بە ئیرادەی گشتیی گەلەکەی دیاری بکرێت، نە بە هاوسەنگیی هێزی حیزبە دەسەڵاتدارەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی