خۆزگە كۆتایی بەخۆزگەكانمان دەهات..دەسەڵات دەكەوتە دەست خەڵك

1 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ڕێبوار حەسەن ​


 لە کۆمەڵگایەكی وەك هەرێمی كوردستان کە دەسەڵات لە دەستی یەک کەس یان یەک بنەماڵە یان یەک خێڵدا کۆببێتەوە وەک دۆخی ئیستا ئیستا، لەوە زیاتری لێچاوەرێ ناگرێت جگەلەوەی خەڵكی خۆزگە هەڵكێشن، چونكە ئیتر دڵسۆزی بۆ کەسی تاک جێگەی دڵسۆزی بۆ نیشتیمان دەكرێتەوە و مەزاجی شەخسیش جێگای یاسا دەگرێتەوە.
كاتێك هاوڵاتی دەبێتە شوێنکەوتووی تاکە کەس، مافی هاونیشتمانیمانێتی خۆیی و سەربەخۆی خۆی دەخاتە ژێرپرسیارەوە، بەجۆرێكی تر ئەو مافە دەگێرێتەوە بۆ دەسەڵات، كە تا بەبێ گەرانەوە بۆ ئەو بڕیار لەباتی هەموان بدات، بەبێ پرسیارکردن و لێپرسینەوە بڕیار دەدات تارادەی ئەوەی خۆشی و خاخۆشیەكانی ناخیش دیاری دەكات.
 لەرابردوودا زۆر خۆگەمان خواست، دەنگی بەرزیش هەبوو بۆ نا، بەڵام لەبری وەڵام تالانکردنی هەرێم، پشتگوێخستنی هەمووداواكانمان چنیەوە، تۆخكردنەوەی زیاتری دیاردەی حیزبی و تاکەکەسی برەوی پێدراو، بۆ هەموو ئەوانەش وتمان خۆزگە وانەبوایە.
  لە ولاتانی یار و نەیار ، وەک ئێستا بۆ راویژکردن و چرپە كردنی پشتی میدیا بانگ دەکرین وبۆ لای تورک وعەجەم ، سەرۆك و بەرپرسی دەگا ئەمنیەكان دەبینن، ئاخر خەڵك هەقی خۆیەتی ئەم سەردانە گوماویانەی بەچ پرۆتۆلێكی رێسایی جێگە دەكەنەوە كە کەس نازانیت  چ باسە لەپشتی پەردەوە.
خۆزگە دەسەڵات هی خەڵک بوایە، بەهۆی دامەزراوە، یاسا و دەستوورێکەوە کە هەموو کەسێک، لە سەرۆکەوە تا ئاساییترین هاوڵاتی، لە بەرانبەریاسادا  یەکسان بونایە، ئەو كاتە دەبینرا چۆ خۆشەویستیەكی قوڵ لەدەرونی ئەم میللەتەدا جۆشی خواردوە، نەك وەك  ئێستا كە زۆربەیان  نەک هەر خۆیان کورەکانیشیان لەسەر و یاساوە خۆیان نمایش دەكەن، دیارە وێنە گشتیەكە هی هەردوو زۆنەكەیە بەزەرد و سەوزەوە، کە مناڵی مناڵەکانیان بە ماشێنی گوولە نەبرو چام ڕەشی زۆرەوە بەدوایانەوەن و پارێزگاریان لێدەكرێت.
خۆزگە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری جیا بوونایە، ڕۆژنامەگەری ئازاد بوایە، و کۆمەڵگای مەدەنی بتوانرایە بەبێ ترس قسەی خۆیان بكردایە و ئازادانە چاودێری دەسەڵاتیان بكردایە..
خۆزگە هەڵبژاردنێکی ڕاست و دروست و ئازاد ئەنجام بدرایە لە هەریم؛ هەڵبژاردنێک کە دەنگی هەر هاوڵاتییەک بەبێ ترس و فشار و هەڕەشە و کڕین و فرۆشتنی دەنگ بایەخی خۆی هەبوایە.
 دیارە شەرعیەتی ڕاستەقینەی هەر دەسەڵاتێک لە ڕەزامەندی خەڵکەوە دێت، نەک لە چەک و پارە و پەیوەندی خێڵایەتییەوە.. كە بەداخەوە سالانێكی زۆرە لە هەرێم پێچەوانەکەیەتی بەنوی كوردایەتیشەوە درێژەشی پێدەدرێت. 
خۆزگە دەسەڵاتی حیزبی چەکدار نەمایە ، پارتی و یەکێتی كە خاوەنی مێژویەکی خوێناوی شەری ناوخۆن ببونایەتە دوو حیزبی مەدەنی بێ چەک.. ئاخر کاتێک حیزب چەکی هەبێت و هێزی ناوخۆیی خۆی بپارێزێت، ئیتر هەڵبژاردن ناتوانێت ئازاد بێت، دەنگدەر ناتوانێت ئازادانە لە ترسی ئەو چەکە دەنگ دەدات. 
لە دنیادا وایە چەک دەبێت تەنها هی دەوڵەت و دامەزراوە نیشتمانییەکان بێت، لەژێر چاودێری یاسا و دەسەڵاتی مەدەنیدا، نەک بكرێتە ئامرازێک بۆ مانەوەی حیزبگەلێك لەسەر کورسی دەسەڵات.
خۆ ئەگەر ئەو سێ شتە بهاتنایەتەدی، واتە دەسەڵاتی خەڵک، هەڵبژاردنی ڕاستەقینە داماڵینی چەك لەدەست  حیزب، ئەوا کۆمەڵگا دەگەیشتە ئاشتی و یاسا و دادپەروەری، و نەوەکانی داهاتوو لە ژیانێکدا دەژیان کە مافی مرۆڤ و کەرامەتی هاوڵاتی بنەمای سەرەکی بێت و چیتر وەك ئێمە هەر خۆزگە نەخوازن..


٢٠٢٦/١١/١٧

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی