لەباتی بەغداو تاران، وەرنەوە كوردستان

32 خولەک پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر


بارودۆخی هەرێم ناڕۆشنەو دیارنییە بەچ لایەكدا دەكەوێت. یەكێتیی و نەوەی نوێ‌ سورن جیاكردنەوەی بودجەی سلێمانیی و دوێنێش لەبەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاماژەدرابوو بە پێشوازیكردن لەوەفدی سلێمانیی، ئەمەش وەك هاوسۆزییەك بوو بۆ یەكێتیی و نەوەی نوێ‌ لەپشتیوانیی داواكاریەكەیان. ئەمڕۆش یەكێتیی بڕیاریدا وەزیرو بەرپرسەكانی لە وەزارەت و دامودەزگاكانی هەولێر بگەڕێنەوە سلێمانیی و لەئەنجومەنی پارێزگا دەوام بكەن وەك ئاماژەیەك بۆ حكومەت و ئیدارەی سلێمانیی.
لەبەرامبەردا پارتی لەهەوڵدایە دۆخەكە ئارام بكاتەوەو لەوەزیاتر ئاڵۆز نەبێت. بەپێی زانیاریی ناڕەسمیی پێرێ‌ سیداد بارزانیی برای كاك مەسعود بارزانیی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، پەیوەندی بە كاك بافڵ تاڵەبانییەوە كردووە سەبارەت بەگرفتەكانی نێوان یەكێتیی و پارتی و سازاندنی دۆخێك بۆ دانوستان و گفتوگۆ، بەڵام تائێستا هیچ دیار نییە. هەروەك لەم دوو رۆژە لەم دوو رۆژە نێچیرڤان بارزانیی بەسەردانێكی رانەگەیەنراو چۆتە تاران بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبارەی دۆخی هەرێم، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ دروستكردنی كاریگەریی و سازاندنی دۆخێك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتیی و ساردكردنەوەیان لەجیاكردنەوەی سلێمانیی.  من پێموایە ئێران رۆڵی ئێجگار گەورە لەدۆخی عیراق كوردستان دەبینێت، لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش رەنگە بیانەوێ‌ رۆڵ بگێڕن لەدیاریكردن و دانانی كاندیدی پۆستە باڵاكانی حكومەتی هەرێم! پارتی و یەكێتیش لەو راستیە دەگەن كە ئێران دەتوانێت رۆڵ لەسەقامگیریی هەرێمدا بگێڕێت، بەپێچەوانەكەیشی هەر راستە.
ئەوەی جێی سەرنج بوو بۆمن، یەكێتیی و نەوەی نوێ‌ روویان لەبەغدا كردووەو پارتیش رووی لەئێران كردووە! لەباتی سەردانی بەغداو تاران. لەبنەڕەتدا نەدەبوو ئەو دانیشتنەی پەرلەمان بكرێت، چونكە هەموو دەمانزانی گرژیی بەدواوەیە، بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت، چونكە تاكە بەدیلی گرژیی و ناخۆشی، گفتوگۆكردنە.
ئەوەی ئێستا لەهەرێم روودەدات مەترسیەكەی زۆر گەوەرترە لەوەی پێشبینی دەكرێت. ئەو مەترسیەی هەیە پەیوەندی بەقەوارەی هەرێمەوە هەیە نەك لایەنێك یان دۆخێكی دیاریكراوی سیاسی. لەلایەك بەغدا خەریكی دانانی بودجەیەو پلان و بەرنامەیان هەیە هەرێم زیاتر لەچوارچێوە بدەن و هەناسەبڕی بكەن! بەرپرسانی هەرێم ئەو راستیە زۆرباش دەزانن و دەشزانن خۆیان هۆكارن بۆ سازانی زەمینەی تەجاوزكردنی بەغدا لەسەر ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێم. لەلایەكی دیكە نەبوونی دیموكراسی و دەستگرتن بەبەرژەوەندی حزبیی و شەخسی، بێگومان لێكەوتەكەی ئەوە دەبێت كە ئێستا دەیبینین كە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەم كە بریتیە لەدوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی كوردستان.
رەنگە ئەو گرژیی و ناخۆشیانەی ئێستای بەغدا چانسێك بداتە پارتی و یەكێتیی تا پەیوەندی بەیەكەوە بكەن، چونكە ئەوەی ئێستا لەنێوان حكومەت و گروپە چەكدارەكانی نزیك ئێران روودەدات دۆخەكەی ناسەقامگیر كردووە، رەنگە ببێتەهۆی دواكەوتنی ناردنی بودجە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان، پێشبینی دەكرێت پرسی بودجەی عیراق بكەوێتە سەرەتای ساڵی نوێ‌، ئەمە لەكاتێكدا پلان هەبوو پێش كۆتایی ئەمساڵ بڕیاری لێبدرێت.
.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی