هەر بە ڕاست زەیدی ئەوەدەكات

16 خولەک پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج




سەرەتا دەبێت ئەوە بیری پارتی و تەواوی لایەنەكانی كوردی باشو بخەمەوە كە لە دوای ڕیفراندۆم و سەركێشی ڕیفراندۆم كە پێشتر هەموو دەمانزانی چیمان بەسەردێت ، ئەمەریكیەكان بە عێراقیان وت نەك بەرەو هەرێم تەنانەت لە ناوچە كێشە لە سەرەكانیش دەبێت سنور بۆ جمو جۆڵەكانی دابنێت چونكە ئەوانە دەستور یەكلایان دەكاتەوە ، فەڕەنساو زۆر شوێنی دیكەش هەڵوێستی ئەرێنیان هەبوو، زانیاری وردم بەردەست نیە ، بەڵام لام وانیە بەریتانیا هەمان هەڵوێستی ئەرێنی هەبووبێت ، ئێستا كە كەمێك لەو بارو دۆخەی ئەو سەردەمە دەچێت عەلی زەیدی و سوپای عێراق و حكومەتی عێراقی لە هیچ كەناڵێكی فەڕمیەوە باسی هاتنە كوردستان و داگیر كردنی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە ناشیكەن ، دەبێت بابەتی ڕاگرتنی تاڵانی نەوت لە داگیركردنی كوردستان جیا بكەینەوە ، لە 2014ەوە تاڵانی نەوت هەیە نەك دەرهێنان و خستنە بازاڕی نەوت و كار كردن بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك من خۆم لەو سەردەمەوە لە سەر ئەو تاڵانە دەنووسم ساڵی 2022ش كتێبی " نەوت و نەگبەتی ، كوردو تاڵانی نەوت" م بڵاو كردەوە،ئێستا ناچمەوە سەر ناوەڕۆكی نووسینەكانی ناو ئەو كتێبە، بەڵام عەلی زەیدی و حكومەتی عێراقی هەڵبەت بە هاوكاری ئەو زانیاری و داتایانەی كە زۆرێكی كوردو میدیای كوردیش داویانە پێی و هەندێك جاریش دوو حزبە سەرەكیەكە لە دژی یەكتر ئەوەیان كردووە، زۆر باش دەزانن نەوتی كوردستان بە تاڵان دەبرێتە كوێ‌ و چی بە سەر دێت و تەنانەت پارەكەشی دەچێتە باخەڵی كێوە.
دەی كوردێك هەیە حەو نەكات ئەم تاڵان و قاچاغە ڕابگیرێت مەگەر نەوتخۆرو كۆیلە دەنا ئەم قاچاغ و تاڵانە هیچ قازانجێكی بۆ خەڵكی كوردستان نیەو بەشێكیشی بەردەوام ددانی هەندێك دام و دەزگا بۆ گیانی هاوزمانی خۆی تیژتر دەكات ، لە واقیعدا سوپای عێراق نایەوێت شەڕی كورد بكات ، نایكات دەمێكە دنەی ئەو كارە دەدرێت و لە لایەن كوردیشەوە ئەو دنە دان هەبووە ، من دەزانم ئەو سوپایە نەدەتوانێ‌ نەئەو شەڕە دەكات ، با كەسیش بانگەشەی كوردایەتی و خوێنهەڕاجی كورد نەدات و ئەم پڕو پاگەندە درۆزنانەیە ڕابگیرێت ، تەنانەت كەركوكیش كە ئێستا عێراق تێیدا زاڵە لەبەردەم مەترسیدا نیەو ئەگەر ئەو بانگەشەی كورد ترسێنیەی میدیاو حزبی كوردی ڕابگیرێت كە بە داخەوە چەندین ساڵە لە بری كورد بۆ بەرگری و خۆ پارێزی ئامادە بكات بۆ ڕاكردن و جێهێشتن ئامادەی دەكات و سەرانی حزب هەیە هیچ نەبووە ئەوان خۆیان دەپێچنەوە بۆ هەڵاتن ، داوای بەرگریش دەكەن ، دەبوو ئەو میدیاو ترسنۆكیە لە قاوبدرایە، كەركوك لە ڕوی سەربازیەوە ئەوەندەی لە بەردەستی كوردە ، ئەوەندە لە بن چنگی عێراقدا نیە ، بەڵاًم ئەمە بڕیارو بوێری دەوێت .
هەترەش بردن و بڵاوكردنەوەی ترس و دڵە ڕاوكێ‌ داوەشینێكی گەورەیە ،لەوەش داوەشینتر بانگەشەی كوردایەتی درۆزنانەیە كە خەڵكانێك پێوەی دەفشێن و هیچیش ناكەن ، لە بری ئەوە دەبوو كورد بەیەكەوە بوونایە ، ڕاستگۆو تەبا بوونایە، ڕاپۆرتی پڕ درۆیان لە دژی یەكتر نەدایە بەم وڵات و بەو میدیای جیهانی ، پەرلەمانیان بۆ تەبایی كارا بكردایەتەوە نەك بۆ هەڵوەشانەوەو لە دژی یەكتر ، بە درۆنا بەڕاستی هێزی پێشمەرگەو وەزارەتی پێشمەرگەیان بۆ كورد یەكبخستایە ، وازیان لە قاچاغ و تاڵانی نەوت بهێنایە هەر نا بۆ ئەوەی ئەوەندە شكۆی كورد لە سەر دەستی و ئەو مافیاو تاڵانچیانە نەشكێنرێت ، خۆ ئەگەر كورد بە یەكەوە بن و بەیەكەوە دەركەون هیچ مەترسیەك لە سەر كورد نیە ، گەر نا تا ئەم ئاوەزە خۆ بە زلزانی و فوتێكراوە خاوەندارێتی كورد بكات جگە لە كەمینەیەكی كەوی كراو كەس ئامادە نیە بەرگری لە نەوتێك بكات جارێك بەعس دزیویەتی و كوردی پێكوشتوە ، جارێك بە تاڵاندراوەتە تورك كوردی پێبكوژێت ، جارێكیش حزبی كوردی پێكراوەتە كەڵەگای سەر گەلی كورد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی