(١)
دوای ڕاگەیاندنی
بڕیارەکانی عەلی زەیدی (١١/٢٤) و پەسەندکردنی وەک بڕیاری دەستوری لەلایەن دادگای باڵای
فیدڕاڵییەوە (١١/٢٥)، ئێستا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە گوتارێکی ناوەکی
هەڵوەشاوەوە لەبەردەم کۆدەنگی و گوتاری هاوبەشی عیراق دایە، ئەوە جگە لەوەی ئەمریکا
و کۆی دەوڵەتانی ناوچەکەش ئەگەر ڕاستەوخۆش پشتیوانی بڕیارەکانی زەیدییان نەکردبێ، ئەوا
دژیشی نەبوون.
ڕاگەیاندنی بڕیارەکان
بەو شێوەیەی کە بینرا، دواتریش پشتگیری خێرای چوارچێوەی هەماهەنگی و دەسەڵاتەکانی یاسادانان
و دادوەری، تەنها ئاماژەیەکی کە تێیدا بخوێندرێتەوە ئەوەیە: کۆی هێزە سیاسییەکانی عیراق،
لەبارەی ئەم بڕیارانە، داڕشتنی ناوەڕۆک و فۆڕمەکەی، تەنانەت شێوەی ڕاگەیاندنەکەیشی،
جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی پێشوەختەیان هەبووە.
بڕیارەکانی ڕاگەیەنران
و پشتیوانی دەسەڵاتە جیاوازەکانی عیراقیشی وەرگرت، واتە قۆناغێکی سیاسی و یاسایی گرنگی
بڕیوە و چاوەکان لەسەر هەنگاوەکانی دواترن، ئایا بەغدا بەو پشتیوانییەی لە ناوەوە،
ناوچەکە و ئەمریکاش هەیەتی، چۆن جێبەجێیان دەکات، یان دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان،
چ ڕەگەزێکی هێزی دیپلۆماسی و سیاسی، دەستوری، تەنانەت کۆمەڵایەتیشی لەبەردەست دایە،
تا بتوانێت پێشیان پێ بگرێت.
قسەی ئێمە، پەیوەندی
بەوەوە نییە، بەغدا گەندەڵە، یان هەولێر، کامیان مافیای دراوی قورس، قاچاخچێتی نەوت
و سەرچاوەکانی دیکەی وزە و ماددەی هۆشبەر، یان هەر بازرگانییەکی ناڕەوای دیکەیان زیاترە،
هێندەی هەوڵدەدەین سەرنجەکان لەسەر پەیوەندی نێوان دوو بابەت و تێگەیشتنی جیاواز لە
یەکدی کورت بکەینەوە؛ دەسەڵات و هێزی سیاسی لەلایەک، جوگرافیا، یان خاک و نیشتمان،
لەلایەکی دیکەوە.
لە هەرێمی کوردستان
و لە چەند دەیەی ڕابردوودا، پارتی و یەکێتی لە زەوی بۆ ئاسمانی باشووریان کۆنتڕۆڵی
حیزبی و بنەماڵەیی کردووە، لە ماوەی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنیاندا، تا ئەم چرکەساتەی
کە قسەی تێدا دەکەین، تەنها یەک دامەزراوەی نیشتمانییان لەم هەرێمەدا بونیادنەناوە،
هیچ ژێرخانێکیشیان بۆ هاوبەشی و کامڵبوونی نەتەوەیی بە گرنگ نەبینیوە.
هەرێم، لە ژێر سایەی
دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، لە قەیرانی سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی و نەتەوەیی ترسناکدا
دەژی، دەرەنجامی ئەو قەیرانانە و بوونی بێدادی و گەندەڵی زۆریش، بێ متمانەییەکی گەورەی
بە دەسەڵات لە ڕووبەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیدا هێناوەتە بوون.
لە دۆخی سیاسی و
کۆمەڵایەتی وەهادا، ئاسانترین شتێک هەوڵی بۆ بدرێت سەپاندنی ئەجێندا و بڕیاری دەرەکی،
یان هەڵدانەوەی لاپەڕەی دۆسیە تاریک و ڕەشەکانی گروپی دەسەڵاتدارە. ئەوە جگە لەوەی
ڕەگەزەکانی هێزی ململانێ لە نێوان هەرێم و ناوەند لە ئێستادا، تەواو بە قازانجی ناوەندە،
بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە بەغدا توانای ئەوەی دەبێت، لە قۆناغی دووەمدا، بە شێوازی تایبەتی
خۆی و بەکارهێنانی ڕەگەزەکانی زۆرترین فشاری سیاسی و ئابووری، بڕیارەکانی ناوەند بەسەر
هەرێمدا بسەپێنێت.
(٢)
پرسی قەوارەی هەرێم
لە باشووری کوردستاندا،
دوو شت زۆر بە سادەیی تێکەڵ بە یەکدی دەکرێن، قەوارەی هەرێم و، هێزی سیاسی، یان دەسەڵاتی
سیاسی. لەم تێکەڵکردنەدا هەموو ڕقێک لە پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سیاسی دەسەڵاتدار،
ڕاستەوخۆ یەکسان دەکرێت بە ڕق لە قەوارەکە. ئەم هاوکێشەی بەستنەوەی نیشتمان بە ڕەفتار
و ئەدەبیاتی سیاسی دوو حیزبەوە، بەرەو ئەوەمان دەبات لە سەرزەمینی ئەم قەوارەیەدا هیچ
مافێک بۆ ژیان و چالاکی هاوڵاتیانی دی بە پێویست نەبینین، هیچ بەهایەکیش بۆ قوربانی
و ماندووبوونی ئەو هاوڵاتیانە دانەنێین، کە لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی دان، یان پێشتر
لە ڕیزەکانی ئەواندا بوون و ئێستا لە جێگەیەکی دیکەن.
ئەوەی لە باشووردا
وەک قەوارەی سیاسی بوونی هەیە، بە تەنها بەرهەمی هەوڵی ئەوانە نییە، کە ئاو و هەوای
نیشتمانیشیان بۆ خۆیان پاوان کردووە، بەڵکو بەرهەمی قوربانی و ماندووبوونی بەشی هەرە
گەورەی هاوڵاتیانی باشوورە. ئەوەی ئێستا چەند خێزان و حیزبێکی سیاسی بەشێوەیەکی ستەمکارانە
و دوور لە هەموو پرەنسیپێکی دیموکراسی، ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی مرۆڤ، هەرزەکارانە
یاری بە بوون و چارەنووسی قەوارەکە دەکەن، مانای ئەوە نییە ئیدی نیشتمان وەک جوگرافیای
ژیان و بوونی هەمووان، بۆ هەمیشە دەگۆڕێت بۆ نیشتمانی چەند تاقمێکی سیاسی. بوونی نیشتمانی
ڕاستەقینە، ئەو نیشتمانەی پێش ئەوان و دوای ئەوانیش هەر دەمێنێت، لەگەڵ ئەو نیشتمانە
بچووک و ناشیرینەی ئەوان بۆ دونیای تایبەتی خۆیان دروستیانکردووە، تەواو لە یەکدی جیاوازن.
ئەگەر کەمێک سەلیقەی
زانستی ئیش پێبکەین و سەرێک بە ماڵی فەلسەفەی مێژوودا بکەین، دەتوانین ڕوونتر تێگەیشتنمان
بۆ ئەم دوو فۆڕمە لە ماڵی جیاواز هەبێت؛ ماڵێکی مێژوویی، کە لە جوڵە و گۆڕانی بەردەوام
دایە، ماڵێکی چەسپاو و جێگیر، کە جوگرافیا، یان خاک و نیشتمانە.
پارتی و یەکێتی بکەرە
مێژووییەکەی ناو ماڵە مێژووییەکەن و بەشێکن لە مێژووی هاوچەرخی ئێمە، نەک کۆی مێژو
و ناسنامەی نیشتمانی ڕاستەقینە. لە فەلسەفەی مێژوودا، بکەرە کۆمەڵایەتییەکان، لەنێو
ئەو سیاقە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەدا دەردەکەون، جوڵە دەکەن، دێن و دەڕۆن، وەک چۆن سەرەتایان
هەیە، کۆتاییشیان دەبێت، ئەوەی جێگیرە و دەمێنێتەوە جوگرافیا، یان نیشتمانە، واتە مێژوو
لە جوڵەی بەردەوام و جوگرافیا، یان نیشتمانیش جێگیر و نەگۆڕە. ڕەگەزە جێگیرەکان، شوێن،
نە پارچە زەوییەکن بۆ بازرگانی، نە لەسەر ناوی هیچ کارەکتەرێکی مێژووییش تاپۆ دەکرێن،
کارەکتەر و بکەرە مێژووییەکان دەڕۆن و نیشتمان دەمێنێتەوە.
ستالین، حەمەڕەزا
شا، سەدام و چاوچیسکۆ و زۆر نموونەی دیکەی وەک ئەوان، هاتن و ڕۆیشتن، بەڵام نیشتمانێک
بە ناوی ڕوسیا، ئێران، عیراق ڕۆمانیا مانەوە، ئیدی ئەم جوگرافیایە بە کاریگەری هەر
دۆخێک گەورەتر، یان بچووکتر بووە، ئەوەیان هیچ لە ڕاستی بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەو دەسەڵاتدارانە
و هەموو دەسەڵاتدارە تاکڕەو و تۆتالیتارەکانی دیکەی وەک ئەوان تا لە ژیان و دەسەڵاتدا
بوون، هێزی ئەوەیان هەبوو وەک موڵکی تایبەتی و شەخسی خۆیان و خێزانەکانیان مامەڵە بەو جوگرافیایەوە بکەن، کە لە بنەڕەتدا نیشتمانی ڕاستەقینەی
کۆی هاونیشتمانیان بووە، بەڵام مەستبوون بە وەهمی دەسەڵاتی ئەبەدی، دەشێ بۆ ماوەیەکی
کاتی ئەم حەقیقەتە لە مێنتاڵیتی ئەواندا بگۆڕێت بۆ خواستێکی نەرجسیانە و ناواقیعی.
هەرچۆنێک بێت سەرەنجام تەواوی ئەو سەرۆک و ڕابەرانە ڕۆیشتن، ئەوەی مایەوە جوگرافیا
و نیشتمانە ڕاستەقینەکە بوو، تەنانەت بەشێک لەوانە لەنێو نیشتمانە ڕاستەقینەکەدا، چەند
مەترێک زەوییان بۆ شوێنی دانانی پەیکەرێکیش بۆ نەمایەوە.
بکەری مێژوویی نانیشتمانی،
زۆرجار هێزی ئەوەی دەبێت دەیان نیشتمانی وەهمی بچووک لەنێو نیشتمانە ڕاستەقینەکەدا
دروستبکات، بەڵام توانای ئەوەی نابێت ئەو وەهم و خەیاڵە نەرجسی و یۆتۆپییە بگۆڕێت بۆ
ڕاستییەکی مێژوویی و هەمیشەیی.
لێرەوە داکۆکی لە
قەوارەی هەرێم، نەک دەسەڵاتی سیاسی و گەندەڵییەکانی پارتی و یەکێتی، کەم و زۆر ناچێتە
بازنەی داکۆکی لە مافیا و باندەکانی قاچاخچێتی نەوت و وزە. هەر وەک چۆن پشتیوانی لە
هەر هەوڵێک بە ئامانجی بڕینی دەستی مافیاکان لەنێو سامانی سروشتیدا لە هەرێم بە هیچ
جۆرێک مانای وەستانەوە دژ بە پرەنسیپ و بنەماکانی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە. هەوڵی
بنبڕکردن، یان بچووککردنەوەی سنورەکانی گەندەڵی لە هەر کوێیەکەوە بدرێت شایستە بە پشتیوانی
کردنە، بە مەرجێک لە پشتی ئەو هەوڵانەوە ئەجێندایەکی فاشیانە و گوتاری سەپاندنی مۆدێلێکی
کۆنی بەڕێوەبردن بوونی نەبێت، مۆدێلێک هەمووان بخاتەوە بەردەم مەترسییەکی وجودییەوە.
بۆ هاوڵاتییەکی کورد، نەوتەکەی لەلایەن مافیای کوردی، یان عەرەبی، بە تاڵان ببرێت چ
جیاوازییەکی هەیە، بەکارهێنانی داهاتی گشتی و سەرچاوەکانی وزە بۆ دەستە و تاقمی سیاسی
بچووک و خێزان و بنەماڵەی سیاسی، لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بێت، یان بنەماڵەی مالکی
و حەلبوسی، بۆ کوردێک جیاوازی چییە. لێرەوە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەوە نییە چاو
لە چەتەیی و تاڵانکردنی سامانی نەتەوەیی بپۆشیت بە پاساوی مەترسی گەڕانەوەی دەسەڵاتی
ناوەند و بەهێزبوونەوەی بەغدا، چونکە ئەوە ڕوونە، ئەوەی لە پشتی بەهێزکردنەوەی بەغدا
و بێهێزکردنی هەرێمی کوردستانەوە وەستاوە، بە پلەی یەکەم سیاسەتی نانیشتمانی و ئەجێندا
بچووک و تاریکەکانی پارتی و یەکێتییە، نەک هێزێکی دی.
هەر هەوڵدان و جوڵەیەک،
نیەتی لێپرسینەوە لە گەندەڵکارانی لە پشتەوە بێت، هەر ڕێکارێکی یاسایی و دەستوری بۆ
ڕێگڕتن لە بەتاڵانبڕدنی نەوت و سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان، هەر بڕیارێک مەترسی
بۆ سەر بوونی قەوارەی هەرێم دروست نەکات، نەک ناچێتە خانەی شەڕ و پیلانگێڕی دژی کورد،
بەڵکو کۆمەک بە پتەوکردنی ئەو بنەما یاسایی و دەستورییانەش دەکات، کە بوونی قەوارەیەکی
سیاسی بەهێز پێویستی پێیەتی.
ئەو ئاراستەیەی پرسی
ڕێگریکردن لە بە قاچاخبردنی نەوت و داهاتی گشتی تێکەڵ بە پرسە گشتییەکە، پرسی گەلی
کورد و قەوارەی هەرێم دەکات، مەبەستییەتی تاڵانی و گەندەڵییەکانی بۆ تاقم و کاستێکی
سیاسی درێژە پێبدات و لەنێو دروشمی وەهمی و ناونیشانی نەتەوەییدا، قەبارەی تاڵانییەکەی
گەورەتر بکات. ئەو ئاراستەیەش، کە خودی قەوارەکە وەک تاپۆی پارتی و یەکێتی دەبینێت،
هێشتا توانای جیاکردنەوەی بکەری مێژوویی لە جوگرافیای جێگیر و نەگۆڕی نییە، تەنانەت
پێیوایە لە مێژوودا شتێک بە ناوی مانەوەی دەسەڵاتی ئەبەدی بوونی هەیە.
بە بڕوای ئێمە، ئەوەی
دەبێت لە دۆخی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقدا بە ئاگایی زۆرەوە مامەڵەی
لەگەڵدا بکرێت، ئەم دوو خاڵەیە:
یەکەم، لە ئاستی هەرێمدا، بە ئاسانی و بێ بیرکردنەوەی قوڵ،
نەبینە بەشێک لە گوتاری حەماسی و نائەقڵانی پارتی و یەکێتی، کە لە ژێر ناونیشانی داکۆکی
لە نەتەوە، ئەجێندا و بەرژەوەندییە بچووکە حیزبی، بنەماڵەیی و خێزانییەکانی خۆیان شاردووەتەوە.
دووەم، دەبێت بە وردی سەرنج بخەینەسەر ئەجێندای شاراوەی پشتی
بڕیارەکانی زەیدی و ئەو فاشیزمە خەوتووەی لە ناوەوەی عەرەبی شیعە و سوننە، کە لە عیراقدا
بوونی هەیە، فاشیزمێک دەشێت لە ئایندەدا کۆی ناسنامە و بوونی سیاسی ئێمە لە باشوور
بخاتەوە نێو بەرداشی هاڕین و سەرکوتکردنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی