قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان، تەنها دەرئەنجامی هاوکێشەیەکی کاتیی نێودەوڵەتی یان ئەمری واقیعێکی جوگرافیی سادە نییە کە بە ڕێکەوت هاتبێتە کایەوە؛ بەڵکو بەرهەمی کەڵەکەبوونی خەباتێکی درێژخایەن، خوێنی هەزاران گەنجی ئەم نیشتمانە، خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی لە ژوورە تاریکەکانی ئەشکەنجەدا و شەونخونی و ماڵوێرانیی لادێنشینەکانە کە لە سەختترین قۆناغەکانی مێژوودا قوربانییان داوە تا ئەم کیانە سیاسییە لەدایک بێت. کاتێک ئەزموونێک لەسەر بنەمای ئەم هەموو قوربانی و فرمێسکە بنیات نرابێت، بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بە سادەیی و سۆزدارییەوە تەماشای هەر کۆسپ و تەگەرەیەک بکرێت کە دێتە بەردەمی. هیچ تاکێکی خاوەن هۆشیاریی نەتەوەیی، نابێت لە کاتی لاوازبوونی ئەم قەوارەیەدا دڵی رانەچەڵەکێت، یان چەپڵە بۆ گەڕانەوە و باڵادەستیی میراتگرانی دەسەڵاتێک لێ بدات کە مێژووەکەی بەرامبەر گەلی کورد بریتی بووە لە سووتاندنی خاک، ئەنفال، کیمیاباران و قەتڵوعامکردنی بەکۆمەڵ.
بەڵام لێرەدا پرسیارێکی قووڵ و جەوهەری سەرهەڵدەدات کە پێویستی بە وەستان و شیکردنەوەیەکی زانستی هەیە لە دەرەوەی دروشم و سۆزی ڕووت: ئەگەر مێژووی ئەم قەوارەیە هێندە پیرۆز و خوێناوییە، و ئەگەر مێژووی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر کورد هێندە ڕەش و تۆقێنەرە، ئەی بۆچی لە تەواوی پەیج و تۆڕە ئەلیکترۆنییەکاندا، بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیان و چالاکوانان کاردانەوەی سۆزدارییان هەیە و تەنانەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ پێشوازی لە هەڕەشە و بانگەوازی جەنگ و لەشکرکێشیی کەسایەتییە سیاسی و میلیشیاییەکانی بەغدا دەکەن، هاوشێوەی لێدوانەکانی (زەیدی) و هاوبیرەکانی؟ تێگەیشتن لەم دیاردە ئاڵۆزە، پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ چەمک و تیۆرەکانی کۆمەڵناسیی سیاسی، نەک تۆمەتبارکردنی خەڵک بە بێباکی و خیانەت.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە، ئەو کاردانەوە پێچەوانانەی شەقامی کوردی بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان، بە هیچ شێوەیەک بە مانای بێباکیی جەماوەر یان خۆشویستنی بەغدا و ستەمکارانی پێشوو نییە؛ بەڵکو دەرخەری ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتیی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییە. بەپێی تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتی کە لای فەیلەسوفانی وەک تۆماس هۆبز، جۆن لۆک و ژان ژاک ڕۆسۆ گەڵاڵە بووە، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتدار و هاووڵاتی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی ماف و ئەرک دامەزراوە. هاووڵاتی بەشێک لە ئازادییەکانی خۆی دەبەخشێتە دەوڵەت یان دەسەڵات و ئینتیمای بۆ دەبێت، لە بەرامبەردا دەسەڵات دەبێت ئاسایش، دادپەروەری، شکۆ و خۆشگوزەرانیی ئابووری بۆ دابین بکات. کاتێک حکومەتی هەرێم قۆناغ بە قۆناغ، لە ڕێگەی قەیرانی دروستکراو، بڕینی مووچە، نەبوونی خزمەتگوزاری، قۆرخکاریی بازاڕ و بێدادیی کۆمەڵایەتییەوە باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی سەختتر دەکات، لە ڕاستیدا دەسەڵات خۆی تاکلایەنە ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە هەڵدەوەشێنێتەوە.
لێرەدا دیاردەیەک دروست دەبێت کە لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا پێی دەوترێت نامۆبوونی سیاسی؛ واتە تاک هەست دەکات ئەو سیستەمە سیاسییەی حوکمی دەکات، چیتر نوێنەرایەتیی ئەو ناکات، بەڵکو بووەتە بارگرانی و هەڕەشە لەسەر ژیان و کەرامەتی. کاتێک هاووڵاتی هەست دەکات نیشتمان تەنها بووەتە موڵکی چەند خێزان و گرووپێکی دەسەڵاتدار و ئەو تەنها لە کاتی باجدان و قوربانیداندا بە هاووڵاتی هەژمار دەکرێت، بە شێوەیەکی سروشتی هەستی نیشتمانی و ئینتیمای لای زۆرینەی خەڵک لاواز دەبێت. ئەمەش وا دەکات لە کاتی هەڕەشە دەرەکییەکاندا، هاووڵاتی هەست نەکات کە دەبێت بەرگری لە قەوارەی خۆی بکات، بەڵکو پێی وایە ئەوەی مەترسیی لەسەرە، تەنها بەرژەوەندی و کورسیی ئەو نوخبە حوکمڕانەیە کە ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.
لە پاڵ ئەم قەیرانەدا، ئەو سیستەمە حوکمڕانییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتێکی حزبیی تەسک و داخراوە کە بە تەواوی لە جەماوەر دابڕاوە. دەسەڵاتی حزبی کاتێک دەبێتە جێگرەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان، هەموو جومگەکانی دەوڵەتداری، دادوەری، ئابووری و سەربازی دەخاتە خزمەتی مانەوەی خۆی. لەم ژینگە سیاسییەدا، دیموکراسیەت دەبێتە ڕووکەش و سیستەمەکە گەمارۆ دەدرێت بە کەسانێک کە دەکرێت بە "گۆدۆکراسی" وەسفیان بکەین؛ واتە نوخبەیەکی خۆبەزلزان و خۆپەرست کە تەنها بە دوای پەرستنی بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانی خۆیانەوەن، خۆیان بە خاوەنی ڕەهای هەموو شتێک دەزانن و چاوەڕێی موعجیزە یان فریادڕەسێکی دەرەکی دەکەن بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێک بۆ چاکسازی بنێن.
ئەم نوخبە حوکمڕانە هیچ بەهایەکیان بۆ چەمکەکانی نەتەوە، نیشتمانپەروەری و هۆشیاریی نیشتمانی نەهێشتووەتەوە. کاتێک چەمکە پیرۆزەکانی وەک ئاڵا، خوێنی شەهیدان و پاراستنی قەوارە تەنها وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان و پەردەپۆشکردنی گەندەڵی بەکاردەهێنرێن، ئەم چەمکانە لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەیان بەتاڵ دەبنەوە. لە ئەنجامدا، نەوەی نوێی کۆمەڵگە بە گومانەوە تەماشای هەموو گوتارێکی نەتەوەیی دەکات و وەک فێڵێکی دەسەڵات بۆ درێژەدان بە ستەمکاریی ناوخۆیی لێکی دەداتەوە. لێرەوە دەبینین کە لاوازبوونی هەستی نیشتمانی، دەرەنجامی خیانەتی خەڵک نییە، بەڵکو دەرەنجامی بازرگانیکردنی دەسەڵاتە بە پیرۆزییەکانی نەتەوەوە.
سەرەڕای ئەم واقیعە تاڵ و ناعەدالەتییە قووڵەی ناوخۆ، کۆمەڵگەی کوردی هێشتا بە تەواوی خۆی ڕادەستی نائومێدی نەکردووە و ململانێیەکی قووڵ لە نێوان یادەوەریی دەستەجەمعی و ستەمی ئێستادا بوونی هەیە. بەپێی تیۆری یادەوەریی دەستەجەمعی کە کۆمەڵناسی فەرەنسی (مۆریس هالبواکس) دایڕشتووە، هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ پاشخانی مێژوویی و یادەوەریی هاوبەش ناژی. ئەو ڕێژەیە لە خەڵکی کوردستان کە خاوەنی یادەوەرییەکی زیندووی سیاسین و ئازارەکانی سەردەمی بەعس و دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیان لە بیر نەچووەتەوە، هاوکێشەکە بە شێوەیەکی دیکە دەخوێننەوە.
ئەم توێژەی کۆمەڵگە، کە بە درێژایی مێژوو ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی عێراقیان بینیوە، پێیان وایە کە خراپترین حکومەتی کوردی، هێشتا باشترە لە گەڕانەوەی دەسەڵاتێکی عێراقی کە لە هەناویدا چەندین بیرۆکە و عەقڵییەتی سەدامی و شۆڤێنی خۆی مەڵاس داوە. ئەم بۆچوونە لە سۆزێکی کوێرانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە تێگەیشتنێکی قووڵەوە دێت بۆ سروشتی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق. ئەوان دەزانن کە گەندەڵی و ستەمی دەسەڵاتی خۆماڵی، هەرچع ستەمی ئابووریی ناوخۆ، لە لایەکی تریش بەرداشی مەترسیی سڕینەوەی ناسنامە و گەڕانەوە بۆ ژێردەستەیی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی