شەڕی بازرگانەكان‌و سیاسییەكان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەبەز گۆران

دونیا ئێستا دونیایەكی ترە. كەمێك هەنگاو بنێ بۆ دواوە و تەماشای وێنەگەورەكە بكە، شتێكی تر دەبینیت. هەمیشە ناكۆكییەكی قوڵی شاراوە لەنێوان بازرگان و سیاسییدا هەیە، بە شێوە ڕووكەشەكە وا دەردەكەوێت دۆستن و پێكەوەن، بەڵام لە پشتەوە ئایدیایەكی تر هەیە. بازرگانەكان پێیانوایە ماندوو دەبن، كار دەكەن، كتوپڕ سیاسییەك دێت لەوان پارەدارترە، لەوان خاوەن سامانترە، بە پێچەوانەكەوە، سیاسییەكان پێیان وایە: سیاسەت دەكەن، وڵات و مەملەكەت بەڕێوە دەبەن، بەڵام بازرگانەكان به‌رهه‌مه‌كه‌ى دەخۆن. ئەم ئایدیاییە لەپشتی سیاسیی و بارزگانەكانەوە بووەتە گرێیكی گەورە.

ئیدارەی سەرۆك ترامپ زۆر بە زەقی ئەم ناكۆكییەی خستە ڕوو. بە درێژایی مێژوو پەیوەندی ئەمریكا و خلیج و عەرەبەكان پەیوەندییەكی ستراتیژی بوو، ئەمما ئیداره‌ی نوێ‌ چیرۆكەكەی گۆڕی، كردی بە پەیوەندی قازانج و وەرگرتن. چونكە ئیدارە نوێیەكە بازرگانە، گرێی لەگەڵ دەسەڵاتدار و سیاسییەكاندا هەیە، دەیەوێت چیرۆكەكە بگۆڕێت و گۆڕی. لەوێوە شۆڕ ببینەوە بۆ نوێنەرەكەی ئەمریكا بەڕێز باراك، جارێكی تر بەر ئەم دیدگایە دەكەوین، قازانج و وەرگرتن. نوێنەرەكەی ئەمریكا بازرگانە، سیاسیی نییە، چیرۆكی گەله‌كان بۆی بایەخدارنییە، بەڵكو هەموو پرسەكان گرێدەداتەوە بە كۆمپانیا و قازانجەوە. كار لەسەر ئەوەدەكات هێزی بازرگانی بەسەر پرسە سیاسیی و مێژووییەكاندا باڵادەست بكات. دەزانێت سەردەمەكەش سەرمایەدارییە و یارمەتی دەدات. 

هەر لەو گۆشە نیگایەوە تەماشای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەڕێز زەیدی بكەین هەمان چیرۆك ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. بازرگانێكە زۆر بایەخی بە سیاسیه‌ت نەداوە، ناچار نییە لەگەڵ سیاسییەكاندا بۆ بەدەستهێنان كاربكات، چونكە خۆی خاوەن سامانە. دەیەوێت چیرۆكێكی سەركەوتن وەك پاڵەوانێكی نوێی عێراق بۆخۆی تۆماربكات. شەڕەكەشی لەگەڵ بازرگانەكاندا نییە، لەگەڵ سیاسییەكاندایە. ئیدارەی سەرۆك ترامپ یارمەتی دەدات، بێگومان بەڵێنی بە ئێرانی و توركەكان داوە، لە هەندێك شوێندا لەبه‌رژوەندیان دەدات بەڵام لە شوێنی تر قەرەبووی دەكاتەوە. هەرێمی كوردستانیش لەناو ئەو چیرۆكەدایە. سیاسییەكان كەبوونە خاوەن سامان دەكەونە ناو شەڕە نوێیەكەوە. گومان نییە زۆرێك لە بازرگانە ڕاستەقینەكان نیگەران نین لەم دۆخە. بەڵكو خۆشحاڵن دەبینن ئەمڕۆ ململانێكە پێچەوانەبووەتەوە، هەمیشە بازرگانەكان گیرۆدەی دەستی سیاسییەكان بوون، بەڵام ئەمڕۆ سیاسییەكان گیرۆدەی دەستی بازرگانەكان بوون.

هەتاكو ئیدارەی نوێی سەرۆك ترامپ بمێنێت، بازرگانەكان لە ململانێكه‌دا سەركەوتوو دەبن و سیاسییەكان دەكەونە ژێر هەیمەنەی كارەكانیانەوە. ئێمە شاهیدی ئەوەین لە عێراقی سەردەمی بازرگانە نوێیەكەدا لیستی داواكراوان بۆ پیسخۆری سیاسیی بوون، ئەو لیستانەش بۆ هەرێم باس دەكرێت پێدەچێت هەر سیاسییەكان بن. بەڵام عێراق زۆر جێی متمانە نییە، پێشووتریش وەزیری كوردیان لەسەر پیسخۆری دەركرد، كەچی ئێستا هەمان وەزیر نوێنەری حیزبێكە لە بەغداد و شەوان لەسەر خوانەكەی سیاسیی و بازرگانەكان دادەنیشن.

ئەو میدیا فەیكانەش كە باسی ناوی چەند كەسێك دەكەن لە باشوور، تەنها بیرۆكەی خۆیانە، شتێكی فەرمی نەهاتووەتە دەرەوە. بۆیە جێگای متمانە نین. شەڕەكەی بەڕێز زەیدە لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسییەكان و كارەكتەرە سیاسییەكان، شەڕێكی نوێیە لە ئیدارەی سەرۆك ترامپەوه‌ دەستی پێكرد و گەیشتە ئێرە.

زۆرجار باس لە بەرژوەندی خەڵك و كەوتنی سیاسییەكان دەكرێت، بەڵام پێناچێت ئەوە ڕاست بێت، چونكە هەمیشە خەڵك وەك چەكێك بەكارهێنراوە و دواجار بەوجۆرە نەبووە كە باسكراوە. لەوەی كاك عەلی حەمەساڵەح باسیكرد، گوایە سەروی بیست كەس ناویان دێت. ناوی  كاك شێخ ئەحمەدی نۆكان، لە میدیا فەیكەكانەوە زۆر باس دەكرێت. لەم پرسەدا چەند باوەڕم بەوەیە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق بۆ خەڵك شەڕبكەن، هەر هێندەش باوەڕم بەو ناوهێنانەیە. بەرژەوەندی و دەستتێكەڵكردنی سیاسیەكان لەوە گەورەترە بڕوا بەم شتانە بكرێت. 

ڕەنگە هەندێكیشی شەڕی شەخسی بێت، بەهەلی بزانن لەم فرسەتەدا ناوبخەنە ناو میدیای فەیكەوە، چونكە كەس بەڵگەی فەرمی بەدەست نییە، بەڕێز زەیدیش وەك بازرگانێك زۆربەباشی پەیامەكانی خۆی لە ڕێگەی دەستی دووەوە دەگەیەنێتە ناو خەڵكى كوردستان.

ئەو شەڕە شەخسیانە لە باشووری كوردستان مێژوویان هەیە و هەمیشە گروپێك كارەكتەری سیاسیی، لەپشت ئەو شەڕە شەخسیانەوەن بۆ لێدان لە چەند كەسێك و شاردنەوەی عەیبەكانی خۆیان. لە هەموو حاڵەتێكدا، دوای نیشتنەوەی ئەم فەزایە، ڕەنگە ئیتر خەڵك بەباشی تێبگات بەكارهێنراوە و ئومێد و دڵخۆشییەكەی بەوجۆرە نەبوو كە چاوەڕوانی دەكرد. ئەوەی دەستكەوت بەدەست دەهێنێت سیاسیی و بازرگانەكانن، نەك خەڵك. ڕەنگە وا تەماشا بكرێت ئەمە نائومێدییە، بەڵام نائومێدی نییە، هەركەسێك باشتر سەیری دیوی ناوەوەی ململانێكان بكات، لەوە تێدەگات ئەوەی بەرهەمەكە دەخوات خەڵك نییە. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی