وەک کەسێک کە ساڵانێکی زۆر دژی ڕژێمی سەددام تێکۆشاوم، دەزانم ئازادیی دەربڕین چ بەهایەکی هەیە و نەبوونی چ بەهایەک دەگەیەنێت. لە ڕژێمی بەعسدا بینیمان چۆن بەعس وەڵامی داوای ئازادی خەڵكیان دەدایە وە بە زیندان، ترساندن و بێدەنگکردن ئنجا کوشتن و لە سێدارەدان . بۆیە ناتوانم بێدەنگ بم کاتێک لە کوردستان،لەو شوێنە کە خەڵکی خەباتی بۆ ئازادی و دیموکراسی دەکرد ئەمرۆ لە دەسەڵاتی کوردا ڕۆژنامەنووس لەبەر ئاشکراکردنی گەندەڵی زیندانی بکرێن.
ئەمڕۆ دوو ڕۆژنامەنووسی کورد، شێروان شێروانی و قارەمان شوکری، لە زیندانن. داوامان ئەوەیە دەسەڵاتی هەرێم، کە بێ دادگایی دادپەروەرانە زیندانی کردوون، ئازادیان بکات.
بێ دادگایی دادپەروەرانە
قەرەمان شوکری وێنەگری ڕۆژنامەوانییە. لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دادگای دهۆک بە حەوت ساڵ زیندان سزای دا، دوای دادگاییکردنێکی بە شیوەیەکی نهێنی. دادگاییکردنەکە بێ ئامادەبوونی پارێزەر بوو و خۆی لە سەردانێکی زینداندا لە دایکییەوە زانی کە سزا دراوە. بەپێی ڕیکخراوی ئەمنستی، بە خێزانەکەی گوتووە هێزە ئەمنییەکان لێیانداوە و ناچار کراوە دان بنێت بە هەندی تاوان کە ئەم هەرگیز نەی کردوە. بەپێی سەرچاوەی نزیک لێی، دەسەڵات داوای لێکردبوو وازبێنێت لە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی باوکی، شوکری زەینەدین، ڕۆژنامەنووسی KNN کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ کوژرا.
شێروان شێروانی دامەزرێنەری گۆڤاری «باشوور»ـە. لە ساڵی ١٩٩١ەوە کاری لێکۆڵینەوەی لە گەندەڵی و کوشتنی ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی کورد کردووە، و لەبەر ئەوە فشاری دەسەڵاتی لەسەر بووە. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەستگیر کرا و بە شەش ساڵ زیندان سزا درا. دەبوو لە ٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ ئازاد بکرێت، بەڵام چوار ساڵی دیکەی بۆ زیاد کرا، و لە ئابی ٢٠٢٥یش بۆ جارێکی دیکە زیاتر لە چوار ساڵی دیکەی بۆ زیاد کرا. نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI) نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی ئەم سزایە. بەپێی ڕاپۆرتێک، دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا و ناچار کرا دان بەو کارانەدا بنێت کە هەرگیز نەیکردبوون.
ڕێکخراوەکانی CPJ، ئەمنستی، ڕیپۆرتەرانی بێ سنوور (RSF) و UNAMI هەمان شێوازیان دیاری کردووە: کە دادگایی نهێنی و نادادپەروەرانە بون، دانپێدانانی بە زۆرە ملێ، و درێژکردنەوەی سزاکەی کاتێک نزیک بوبوەوە لە ئازادبوون. ڕێکخراوە کانی مافی مرۆڤ ئەم تۆمەتانە بە بێ بنەما دەزانن. ڕاگەیاندنێکی هاوبەشی چەند ڕێکخراوێکی ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی مرۆڤ ئاگادار دەکاتەوە کە مانەوەی شێروانی لە زیندان کارێکی خراپی بوە لەسەر ناشریتنکردنی ناوبانگی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی نا دیموکراسیی وە زیانێکی توندی بەهەرێم گەیاندوە.
گەندەڵی لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا تۆمار کراوە
ئەوەی ئەم ڕۆژنامەنووسانە باسیان دەکرد، تەنها ناڕەزایی نەبوو. چەندین سەرچاوەی نێودەوڵەتی، و بەرپرسانی خودی هەرێم، دانیان پێدا ناوە:
ڕاپۆرتی UNDP دۆسیەی ١٤٩ کەیسی گەندەڵیی گەورەی لە دادگاکانی هەرێم پێداچووەتەوە، کە بەرچاو زیاترە لە قۆناغی پێشوو (١٠٠ کەیس).
ڕاپۆرتی چاودێریی دادگاکان ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی تۆمەتبارەکان فەرمانبەری ئاستی خوارەوەن و بەرپرسی باڵا کەمن ، هیچیان دەسەڵاتدار نەبون.
ئازادیی ڕۆژنامەگەری: پێوەری ڕاستەقینەی چاکسازی
بە بڕوای من، دۆسیەی ئازادی لە کوردستان پێوەرێکی گرنگە بۆ ئەوەی بزانرێت کە دەسەڵاتی ئیستای هەرێم بەڕاستی دەیەوێت چاکسازی بکات یان نا. حکومەتێک کە ناتوانێت دۆسیەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانی چارەسەر بکات، ناتوانێت دۆسیەی شەفافیەت و گەندەڵیش چارەسەر بکات. بێگومان حکومەتی هەرێم لە ریگای میدیای حیزبی شەخسی خۆیانەوە بڵاویان کردۆتەوە کە هەنگاوی چاکسازی ناوە، وەک نمونە باسێ بایۆمەتری کارمەندان دەکەن. بەڵام چاکسازی کاتێک دەست پێدەکات کە کە ئەوانەی گەندەڵی ئاشکرا دەکەن ژیانیان بپارێزرێن، نەک زیندانی بکرێن.
بە بڕوای من، چاککردنی دۆسیەی ئازادی لە هەرێم دوو هەنگاوە:
بەردانی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری، و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەن کە لە بواری ڕۆژنامەوانیدا هەن. ئەگەر ئەمە نەکرێت، بەرگریکردن لە هەرێم و دەسەڵاتی هەرێم دەبێتە بەرگرییەکی بێ ناوەڕۆک و ىێ نرخ. هەروەها پێم وایە کۆمەڵگای کوردی و دەسەڵاتی کوردی پێویستی بە ڕێگایەکی نوێیە، نەک بەردەوامبوونی هەمان مۆدێل، کە لەم ساڵانەی دوایدا رۆژ دوای رۆژ کێرفی خراپی و نادادپەروەری زیاد دەکات. بەڕای من لەم باوردۆخەی ئیستادا دەکرێت دەسەڵاتێکی تەکنۆکرات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، دیوانی چاودێری چالاک بکاتەوە و میدیاش دەبێت ئازاد بێت بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێری بکات. ئەمەش جێی گفتوگۆەیە، بەڵام لای من بنەماکەی دیار و ڕونە کە کە بەبێ ڕۆژنامەگەریی ئازاد، چاکسازی دژ بە گەندەڵی ناتوانریت بکریت و بەردەوام بێت.
داواکارییەکانمان
گەلی کوردستان کە ساڵانیکی زۆرە خەباتمان بۆ ئازادی کردوە و زۆرمان ناچارکراوین نیشتمان بەجیبهێلین ، شایستەی ڕۆژنامەگەریی ئازاد و حکومەتێکی شەفافن. بۆیە گەلی کوردوستان وەک سیاسی ، هاوڵاتی، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و میدیای ئازاد داوا لە دەسەڵاتی هەرێم بکرێت:
١. شێروان شێروانی و قارەمان شوکری یەکسەر و بێ مەرج ئازاد بکرێن.
٢. کەس ئەشکەنجە نەکرێت لە کاتی لیکۆڵینەوەدا و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆهەبێت دانپێدانانی بە زۆربەکەس نەکرێت.
٣. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کەکار لەسەر پرسی گەندەڵی دەکەن ژیانیان بپارێزرێن و یاساکانی ئاسایش دژیان بەکار نەهێنرێن.
٤. دادگاییکردن ئاشکرا بێت و مافی پارێزەر مسۆگەر بکرێت.
٥. پرۆسەیەکی چاکسازی دژ بە گەندەڵی دەست پێ بکرێت کە تێیدا دەزگا چاودێرییەکان و میدیای ئازاد بە ئازادی کار بکەن.
بێدەنگی تەنها بەکەڵکی ئەوانە دێت کە دەیانەوێت ڕاستی بشارنەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە دەنگ بەرز بکەینەوە، بۆ شێروان، بۆ قارەمان، و بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان.
د. ڕێبوار حەسەن
ئەندامی پێشوی پەرلەمانی سوید
ساڵانیکی زۆر دژ بە رژیمی سەدام کاری سیاسیم لە کوردوستان و ئەروپا کردوە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی